کوردستان لەسەر حەقە و مافەکانی پێشێل دەکرێت
فرسەت سەید شکور
پابەندبوونەکانی حکوومەتی هەرێمی
کوردستان بە دەستوری عێراق، هیچ بیانوویەکی بۆ حکوومەتی ئێستای عێراق نەهێشتەوە، کەچی
دوور لە یاسا و ڕێساکان، دەستوریان شکاند و مووچە و مافی خەڵکی کوردستانیان زەوت
کرد، ئەم هەنگاوانەی حکوومەتی عێراق دژبە خەڵکی کوردستان جگە لە ڕکبەرایەتی و پەیڕەوکردنی
سیاسەتی دوژمناکارانە هیچی دیکەی لێ ناخوێنرێتەوە، هەتا دەسەڵاتدارانی ئێستای عێراق
بە میلیشیاکانیشەوە، خۆیان ئەوە ناشارنەوە کە نایانەوێت خەڵکی کوردستان مووچەی لە
عێراقەوە بۆ بڕوات، چونکە عەقڵیەتی شۆڤێنی لە ئێستادا بە شێوازی دیکە کاری پێ دەکرێت
ئەویش گەڕانەوەیە بۆ دەوڵەتی «مەرکەزی»
لە کاتێکدا عێراق لەناوخۆی خۆیدا نەیتوانیووە
وەکو پێویست لە ڕووی ئابوری و سیاسی و ئەمانەتی ئەمنییەوە سەرکەوتووبێ، ئیدی چۆن دەتوانێت
ئەو گرەنتییە بداتە هەرێمی کوردستان.
بە هەرحاڵ ڕوون و ئاشکرایە، ئەو بەرنامەیەی
بۆ کۆنتڕۆڵ کردن و دەستبەسەرداگرتنی هەرێم لەڕێگەی هێزی ئابوری و دەسەڵاتی سیاسییەوە
عێراق دایڕشتووە ئەنجامەکەی دیارە کە شکستە، چونکە هەر هەنگاوێک بۆ ڕێککەوتن و
دروستکردنی پردی پەیوەندی نەبوو لەسەر ئاستی متمانەی درێژخایەن دەرەنجامی ئەوتۆی
نابێت.
عێراق دەیەوێت، بە برسیکردن و سیاسەتی قۆرخکاری، دەست بەسەر سامانی سروشتی
و ئازادی سیاسی و کەلتووریی هەرێمدا بگرێت، ئەم شێوازە کارکردنە مەبەست لێی
لاوازکردنی ئینتمای خەڵکە لەپێناو بەرژەوەندییە داگیرکارییەکانی خۆی.
خائینەکانی ناوخۆ
هەرچەندە وشەی «خائین» کەمێک قورسە
مرۆڤ بەرانبەر هاوزمان و هاونیشتمانی وڵاتەکەی بەکاری بهێنێت، بەڵام ئەم چەمکە ڕاستەوخۆ
ئەو خائینانە دەگرێتەوە کە لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان و لە بەغدا بوونەتە دەمڕاست
و ڕێنیشاندەری نەیارانی کوردستان، هەموو جۆرە ڕێگە و جێگەیەک دەخەنەڕوو تاوەکو هەرێمی
کوردستان لێوەی شکست بهێنێت، تەنانەت لە لێدوان و چاوپێکەوتنەکانیدا وەکو کوردێکی
"ڕەسەن” ناناسرێن بەڵکو وەکو خائینێک کە سەنگەری لە خاک و وڵاتەکەی گرتووە.
ئەم شێوازە لە سیاسەت و بەرنامەی حزبی،
شەرمەزارییەکی گەورەیە، ئۆپۆزیسیۆن لەناوخۆی وڵات، ئازادە چۆن و بە چ شێوازێک کاردەکات،
تەنها ڕەخنە لە حکوومەتیش بگرێت، بەڵام ئەم شێوازەی «خائینان» پەیڕەوی دەکەن، دەرهاوێشتەی
زۆر خراپ و نەرێنی دەبێت بە دوو هۆکار: یەکەم: نەیارانی کوردستان سوود لە ژەهری خیانەت
و پیلانەکانیان دەبینێت دژبە بە خاک و خەڵکی کوردستان و لەو ڕێگەیەوە دەزانن لە بەرژەوەندییەکانی
هەرێم بدەن.
دووەم: لەسەر ئاستی ناوخۆ، بێ متمانەیی
و هەواڵی چەواشە بڵاو دەکەنەوە کە کاریگەریی لەسەر دەروونی خەڵک دەبێت تاوەکو ڕای
گشتی بە لاڕێدا ببەن.
هەرێمی کوردستان، لە دوای ساڵی ١٩٩١وە،
دوا بە دوا، قۆناغی دژوار و سەختی بەخۆیەوە بینووە، تووشی نەهامەتی و کارەسات و ڕووداوی
سیاسی ناخۆش بووەتەوە، بەڵام هەمیشە ئیرادەی بەهێزی خەڵکی کوردستان پیلانی نەیارانی
پووچەڵ کردۆتەوە، ئەو خائینانەی کە لە ڕێگەی کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی و لێدوانی نابەرپرسانە
هەوڵی شکاندنی شکۆ کوردستان و خاکەکەی دەدەن، لە ئەزەلەوە خۆیان شکاون و ملکەچی
داگیرکەران بوون، بۆیە هەمیشە ناویان خائین لە قەڵەم دەدرێ.
دوور یان نزیک، گرفت و ئارێشەکان،
چارە دەبن، کوردستان لەسەر حەقە و مافەکانی پێشێل دەکرێت، هەر کەسێک حاشا لەم ڕاستیییە
بکات (زۆڵە کوردە).
PM:09:40:10/07/2025
ئهم بابهته 128
جار خوێنراوهتهوه