شاعیرو نوسه‌ری نه‌ته‌وه‌ی كورد(شێرکۆ بێکەس ) باس له‌ هاوڕێتی خۆی وشه‌هید فه‌تاح ئاغا ده‌كات



داڕشتنه‌وه‌ی: (ئاڵاميديا..سليَماني)
 شاعیرو نوسه‌ری نه‌ته‌وه‌ی كورد شێركۆ بێكه‌س لە بیرەوەرییەکانیشیدا دەنووسێت: ”هاوڕێیەتیی من و کاک فەتاح ئاغا بۆ ساڵی (1959-1960) دەگەڕێتەوە، ئەو کاتەی ئەو مامۆستای سەرەتایی بوو لە قوتابخانەی سەرشەقام، ناسیاوی و دۆستایەتیشی لەگەڵ کاک فەرەیدوون عەلی ئەمیندا هەبوو. لە سەردانێکی سلێمانیدا، نامەیەکی هاوڕێم، فەتاح ئاغای حەمەئەمین ئاغام پێ گەیشت. نامەکە هەر بۆ هەواڵپرسین و بەسەرکردنەوە بوو. کاک فەتاح، لاوێکی کەڵەگەتی سپیکەڵەی ڕووخۆش بوو، زۆر هۆنراوەدۆست بوو،

پێم وایە لە هاوینی ئەو ساڵانەدا بوو، لەگەڵ خۆی، چووین بۆ ناوچەی شارباژێڕ و بناری سیوەیل، هەر لەو سەفەرەدا حەمەئەمین ئاغای باوکی و ئەوڕەحمان ئاغای مامی و مامەکانی تریم ناسی، بە هەموو بناری سیوەیلدا گەڕام، میواندارییەکی ئێجگار گەرمیان کردم و نزیکەی پازدە بیست ڕۆژ مامەوە. هەر لەو سەفەرەدا، بۆ یەکەم جار سواری ئەسپ بووم، هەر بۆ یەکەم جاریش لە ژیانمدا تفەنگم تەقاند".

بێکەس :لە درێژەی بیرەوەرییەکانیدا نووسیویەتی: ”بەر لە چوونەدەرەوەی یەکەم جاریش، هەر لە ساڵانی (1964-1965)دا، جارێکی تر ڕێم کەوتەوە بناری سیوەیل، ئەمجارەیان بۆ جۆرێک لە خۆحەشاردان بوو، چونکە ترسی گرتنم هەبوو، ئەو جارەیش لە گوندی زییە و نۆرک و بارێی گەورە و بارێی بچووک مامەوە. لەگەڵ براکانی و ئامۆزاکانی و مامەکانیدا دۆستایەتی و ئاشنایەتیی تەواوم هەبوو. بەتایبەت کاک سوارە و کاک خدری برای.
دەرگای کراوەی ماڵی شەهید فەتاح و مامەکانی، جێی داڵدەی دەیان نیشتمانپەروەر و ئازادیخوازی ئەو سەردەمانە بوون. ئەم بنەماڵەیە هەر لە سەرەتای شۆڕشی ئەیلوولەوە لەگەڵ بزووتنەوەی کوردایەتیدا بوون، ڕۆژێ لە ڕۆژان و لە هەموو قۆناغە سەخت و تاریکەکاندا، تاقە یەکێکیان نەبوون بە پیاوی ڕژێم و چەکی خیانەتیان نەکردە شان".

شێرکۆ بێکەس هەروەها دەنووسێت:ناوچەی سیوەیل، بەدرێژایی شۆڕشی ئەیلوول، لە ناوچەی هەرە بێگەردەکانی کوردستان بوو، هەمیشە لە سەنگەری گەلەکەی خۆیاندا بوون. کاک فەتاح یەکێک بوو لەو سەرکردانەی ناو شۆڕشی ئەیلوول، کە ڕێزی لە ئەدیبان و ڕووناکبیران دەگرت. لە ساڵی (1974)یشدا دوای ڕێکنەکەوتنی حکوومەت و پاشگەزبوونەوەی لە بەندەکانی یازدەی ئادار و دەسپێکردنەوەی شەڕ، وەختێک لەگەڵ دەستەیەک لە ئەدیبانی سلێمانی بڕیاری چوونە پاڵ شۆڕشمان دا، ڕوومان کردە هەڵەبجە، لەوێ کە شەهید فەتاح ئێمەی بینی، پێی گوتین کە دەبێت لەگەڵیدا بچین بۆ تەوێڵە. دوای ئەوەی گەیشتینە تەوێڵە، بردینییە ماڵی خۆی و براکانی و چەندین ڕۆژ خزمەتی کردین. تا دواتر لە مەخفەرەکەی تەوێڵە جێی بۆ چاک کردین و هەرچی پێداویستیی ژیان هەبوو بۆی دابین کردین. لەناو فەرماندەکانی شۆڕشی ئەیلوولدا، کەم کەسیان وەک شەهید فەتاح سادە و ساکار و لێزان و ڕووخۆش و بە وێڵ و ڕووناکبیر بوو".
شێرکۆ بێکەس زیاتر دەگێڕێتەوە: ”ئەو شەوانەی، کە لە تەوێڵە و ماڵی خۆیان پێکەوە دادەنیشتین و قسەی دەکرد، ئەیزانی دەڵێت چی و جگە لەوەیش زانیاری و خوێندەواری چ لە ڕووی عەسکەری و سیاسی و ئەدەبییەوە بەبڕشت بوو. دیار بوو چەند خۆی ماندوو کردووە. خۆی ڕقی لە وشەی ئاغا ئەبووەوە، ڕۆژێ لە ڕۆژانیش بەشبەحاڵی خۆم هەڵسوکەوتی ئاغایانەم لێ نەبینیوە. لە شەڕ و بەرەنگاربوونەوەی دوژمنانیشدا، کوڕێکی ئازا و لەخۆبوردوو بوو، دوای تێکچوونی شۆڕشی ئەیلوول، گەلێ لە ڕووناکبیران و کەسانی دی ڕوویان تێکرد، بۆ ئەوەی مقاومەت بکات و بمێنێتەوە، منیش سەردانم کرد، بەڵام ئەو دواجار نەیتوانی لە فەرمانی بارزانی دەرچێ، منیش بۆ خۆم، ئەو کانییەی ئاوم لێی خواردبێتەوە، هەرگیز بەردم تێ فڕێنەداوە. وەک وەفایەکیش لە (1992-1993)دا پەخشانە هۆنراوەیەکم بەناوی پڵنگەکەی ئەیلوولەوە بۆ نووسی و پێم وایە لە پەرتووکێکدا، کە براکانی سەرپەرشتیی چاپیان دەکرد، بڵاو بووەوە

شێرکۆ بێکەس، پەخشانەهۆنراوەیەکی درێژی بۆ شەهید فەتاح ئاغا هۆنیوەتەوە، بەناوی (پڵنگە کەڵەگەتەکەی ئەیلوول)، 
بۆ سوورکێو، بۆ ئەزمڕ
لەوانیشەوە بۆ هەموو کوردستان
شەهید جۆگەلە بوو، مانگەشە و بوو، ئاگر بوو.
زەنگی دەست ئازادیی و چراوگی کوردایەتی و
بەورێکی سپی و
سەرەمیرێکی کون لە جەرگا نەبووی
بەردەمی ئەژدیهاکانی تاریک بوو
ئەو لە لانکەی شاخدا چاوی پشکووت
مەڵاشووی بە پەنجەی هەتاو هەڵدرایەوە
ئەو باوکێک گۆشی کرد، کە ماڵەکەی
ماڵی ئازادی و پەناگەی عاشقانی کوردایەتی و
هێڵانەی هەموو باڵندەیەکی پەڕاگەندەی
لە شارەوە هەڵفڕیو بوو بۆ دەراڵی
هەناوی گەرمی بە داڵدەی ئەوا.
لە سەردەمێکدا، ڕۆژژمێری پێشمەرگە دەڵێت:
زێ و نۆڕک و بارێییەکان
ئەو نیشتمانە بچووکانە بوون
کە لە سنووری ئازادیی ئەواندا
نێزەکان بە ناچاری دەوەستان و دەستەوەستان ئەبوون
باڵندە لانەوازەکانیش لە ئاسۆی سیوەیل دا
پڕ بە گەرووی دەربەنداکان ئەیانخوێند
لە سەردەمێکدا، ئەو بنارە سەربەستە

فەتاح ئاغا).ناوێکی دیاره لە خەباتی سیاسی و سەربازی لە ساڵانی شەستەکان و سەرەتای حەفتاکاندا.
ناوی تەواوی فەتاح محمد ئەمین ناسراوە بە فەتاح ئاغا لە ساڵی (١٩٤٠) لە گوندی  نۆڕک ی سەربە ناحیەی  سیوەیل لە  لەدایکبووە.
لەساڵی (١٩٦١) بەشداری شۆڕشی ئەیلول کردووە.
لە ساڵی (١٩٧٠) تا ساڵی (١٩٧٥) ئامر هێزی خەبات بووە کە بارەگای هێزەکەی، سەرەتا لە تەوێڵە بووە پاشان چوەتە شارۆچکەی پێنجوێن.
له ساڵی (١٩٧٤) بەشداری شەڕی سەرتیزو ناوچەی سەرکردایەتی کردووە، نزیکەی (١٠٠) شەهیدی داوە فەتاح ئاغا..لە ساڵی (١٩٨٠)  لە داستنێكی  قاره‌مانه‌دالە سنووری حاجی ئۆمەران شەهید بوو"له‌دوای خۆی دوسه‌ركرده‌ی دیكه‌ ی برای  ئه‌ندازیار فه‌رمانده‌و پێشمه‌رگه‌ و سه‌ركرده‌(عه‌بدوڵا ئاغا و شه‌هيد عه‌مید د ڕزگار)شه‌هید بوون

 






















ئه‌م بابه‌ته 1716 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:05:06:17/05/2026