ئۆپۆزسیۆنی وام نەگەرەکە

‌ره‌وف ره‌باتی

شەوێک لە بەهاری ئەمساڵ دا ، میوانێکی گەرمیانیم هەبوو ، هاوڕێیەکی دێرینمە ، ئێستا خانە نشینەو سەرقاڵی کەسابەتی خۆیەتی لە ناو باڕای کەلار ، ئەو برادەرەم ماوەیەک لە ساڵانی ١٩٨٢ و ١٩٨٣ ئەوەندە چەپێکی توندڕەو ڕادیکاڵ بوو ، هەر بە ڕۆحی ترۆتسکی سوێندی ئەخوارد ..!

بەڵام ، سەیرەکە لەوەدابوو کەوتبووە ژێر کاریگەری گووتاری حیزبە ئیسلامی یە سیاسییەکانی ئەو دەڤەرەوە !! لە دڵی خۆم دا وەک هەولێریان دەڵێن زوو زوو دەم وت ( عەجایب ) پێکەوە زۆر گفتوگۆمان کرد ، تەواو بێ ئومێد بوو بوو لە ئۆپۆزسیۆن و بەرەی ناڕازیی و کەمپین و مانگرتنی شەقام ....!

پێیم وت : فڵانی ماندوو دیاریت ؟

وتی : نەک هەر ماندوو ، ئەوەندە پەستم

تەنانەت لە خۆشم بێزارم ! نازانم چارە چی یە ؟

چۆن لەم بێ تاقەتییە ڕزگارم بێت ؟

بەڕای تۆ چی بکەم باشە ...؟

منیش هەندێک سەرم خستە سەری و زیاتر دوواندم ،

بە مەبەستی ئەوەی خۆیی بەتاڵ بکاتەوەو لە ڕووی

دەروونییەوە کەمێ ئاسوودە بێت ..

پێم وت : گوێ مەدەرێ ، ئەوەندە بە قورس مەیگرە ،

لەڕاستی دا من موعالەجەی خێرام لا نییە ، بەڵام

مووسەکینم لایە ! خێرا وتی : چی یە ؟

وتم : من شاعیر نیم ، بەڵام زۆر کات کە وەک تۆ بێ تاقەت ببم

دەست ئەدەمە قەڵەم و دەفتەرەکەم ، شتێک بۆ دڵ دانەوەی خۆم دەنووسم ، جار جاریش بە تەنیایی بۆ خۆمی دەخوێنمەوە ،

حاڵی حازر چارە لای من هەر ئەوەیە !

وتی: ئەی قووربانی ئەو دەس و قەڵەمەو بم ، بۆم بنووسە ..! ئیترمنیش ئەم تێکستەی خوارەوەم بۆ نووسی و یەک دوو

جارێک بەدەم خواردنەوەی چایی دیژلەمەوە بۆم خوێندەوە ،

هەستم کرد زۆر ئاسوودەیە ، نووسخەیەکی زیادەم بۆنووسی

بە خۆشییەوە خستییە گیرفانییەوە ...

وتم : هەر ئەوەندەی لێ ئەزانم ! وتی : ئینجا ئەوە کەمە !

ئیتر منیش دواجار حەواڵەی لای خواو ئۆپۆزسیۆن م کرد !

ئەویش سوێندی بۆ خواردم لە کەمپینێک دا ، بیخوێنێتەوە ...!

ئۆپۆزسیۆنی وام نەگەرکە :

----------------------------------

بۆ چیمە ئۆپۆزسیۆنێک

مەستی شەرابی درووشم و

قسەی زلی بێ کردار ..

لەخەمی گشتی و ئازاری

گەلێکی ستەم دیدەدا

خۆی نەکا بە بەرپرسیار ..

لە کاتی نەهامەتی دا

خۆیی نەخزێنێتە ژێر بار ..

هەر پەلەی بێ زوو بانگ بدات

کاتی نوێژو سڵاوات ..

هەر هەڵپەی بێ

بۆ بردنی لووقمەو

کێکی دەسەڵات ..

بێ ئەجێنداو بێ ڕووئیا بێ

وێڵی فیکەی ئەم و ئەو ..

لە کەمپین و خۆپیشاندان

بقاسپێنێ وەکوو کەو ..

درۆزنی لای خودا بێ

ڕووڕەشی یارو نەیار ..

من بەدیلی وام بۆچی یە ؟

هۆ ئەسحاوەکەی کەلار !

.......................................

وەک شێخی نەمر دەفەرموێ :

( نامەوێ ژینی ئەسارەت ، بەسمە عومری گوومڕەهی

نایکەمە سەر خۆم بە دەستی مودەعی تاجی شەهی )

 


PM:08:54:21/05/2025

ئه‌م بابه‌ته 104 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌