ئالآميديا...
نوخشە ناسیح پارێزگاری هەڵەبجە لهلاپهرهی خۆی لهتۆری كۆمهڵایهتی فیس بوك بهم جۆره باس لهكردنهوهی هۆڵڵێك دهكات كه له لایهن دهزگای ڕوانگه پێشكهش بهههڵهبجهییهكان كرا
ئەمڕۆ، لە مەراسیمێکی گەورە و شایستەدا، شانازیمان کرد بە ئامادەبوون لە کردنەوەی فەرمی هۆڵی ڕوانگە لە پارێزگای هەڵەبجە، کە وەک دیارییەکی بەنرخ پێشکەش بە شارەکەمان کرا.
خۆشحاڵ بووین کە مەراسیمەکە بە ئامادەبوونی ئێمە و بەڕێز حەسەن شێخ عەلائەدین، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەزگای ڕوانگە، و ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرسانی باڵای حیزبی و حکومی، پەرلەمانتاران، کەسایەتی، و نوێنەرانی چین و توێژە جیاوازەکان بەڕێوەچوو. لە میانی مەراسیمەکەشدا، بە شێوەیەکی سیمبولی کلیلی هۆڵەکەمان لە بەرپرسی دەزگای ڕوانگە وەرگرت.
لای خۆمانەوە، ئەم ڕۆژەمان بە "ڕۆژێکی زۆر تایبەت و ناوازە" وەسفکرد و ستایشی دیزاینی سەردەمیانە و مۆدێرنی هۆڵەکەمان کرد کە هەموو پێداویستییەکی تێدا دابینکراوە. لە وتەیەکیشدا، سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاراستەی دەزگای ڕوانگە کرد و بە تایبەتیش سوپاسی "گەنجێکی نیشتمانی، کاک ئیدریس نێچیرڤان بارزانی"مان کرد و وتمان: "وەک گەنجێک بۆ هەموو کوردستان کاری کردووە و خۆشبەختانە هەڵەبجەشی لەبیر نەکردووە."
هەروەها پەیامێکمان ئاراستەی هەموو لایەنەکان کرد و وتمان: "داواکاریمان بۆ هەموو سەرمایەدار و گەنج و لایەنە سیاسییەکان ئەوەیە کە هەڵەبجە دووربخەن لە هەموو ناکۆکییەک و خزمەتی بکەن. هەموو لایەکمان، چ لە حکومەت، چ کەسایەتی و خێرخوازان، پێویستمان بە یەکڕیزی هەیە بۆ ئەوەی پێکەوە هەڵەبجە ئاوەدان بکەینەوە."
ئێمە لەکاتی دەستپێکردنی پڕۆژەکەوە هاوکار و پشتیوان بووین و هیچ کێشەیەک نەهاتووەتە پێش پڕۆژەکە، چونکە کردنەوەی هۆڵەکە "پێویستییەکی هەنووکەیی و یەکجار باش بوو بۆ هەڵەبجە" و خۆشحاڵین ڕایبگەیەنین کە بڕیارە لە مانگی داهاتوودا کۆنفرانسێکی گەورەی تێدا ئەنجام بدرێت.
مەراسیمی کردنەوەکە بە چەند بڕگەیەکی هونەری جوان، لەوانە پێشکەشکردنی مۆسیقا و گۆرانی لەلایەن تیپی مۆسیقای کاکەییەکانەوە، ڕازێنرابووەوە. کردنەوەی ئەم هۆڵە وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ دەوڵەمەندکردنی ژێرخانی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی پارێزگای هەڵەبجە سەیر دەکەین