سوودانی:کۆنووسی هاوبەشی هەردوو شاندی دانووستانکاری لەگەڵ خۆی بردووەتە کۆبوونەوەکە، بەڵام نەتوانراوە یەکلا بکرێنەوە


لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەسەرپەرشتیی محەممەد شیاع سوودانی، گفتوگۆ لەسەر پرسەکانی نەوت و داهاتی ناوخۆ کرا کە هەردووکیان پەیوستن بە پرسی مووچەی خەڵکی کوردستان و بڕیار درا یەکلاکردنەوەی داهاتی ناوخۆ بە ئەنجوومەنی دەوڵەت بسپێردرێت.
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆنووسی هاوبەشی هەردوو شاندی دانووستانکاری لەبارەی پرسی داهاتی ناوخۆ لەگەڵ خۆی بردووەتە کۆبوونەوەکە، بەڵام نەتوانراوە یەکلا بکرێنەوە چەند بۆ حکومەتی عێراق بێت و چەند بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت، واتا سوودانی و حکومەتی عێراق بە پێشنیازەکانی هەرێمی کوردستان ڕازی نەبوون، بۆیە بڕیار درا پرسەکە بە ئەنجوومەنی دەوڵەت بسپێردرێت بۆ یەکلاکردنەوەی، بۆچوونی هەردوو حکومەت ئاراستەی ئەنجوومەنەکە دەکرێت و پرسیاریان ئاراستە دەکرێت کامیان یاسایین؟

 لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان گرێبەستێکی هاوبەش لەنێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان ئامادەکراوە، بەڵام کۆمپانیاکانی نەوت ڕازی نین بە هەناردەکردنەوەی نەوت و داوای گەرەنتی دەکەن بۆ خەرجکردنی شایستە داراییەکانیان و قەرەبووکردنەوەی قەرزەکانیان کە بڕەکەی یەک ملیار دینارە، لە کۆبوونەوکەدا گفتوگۆ لەسەر ئەو پرسەش کراوە و سوودانی گوتوویەتی دەبێت بەزووترین کات ڕێککەوتنێکی سێقۆڵی بکرێت.

 لەنێوان هەردوو حکومەت بۆچوونی جیاواز لەبارەی داهاتی ناوخۆی کوردستان ئەوەیە، حکومەتی عێراق داوا دەکات سەرجەم داهاتی ناوخۆ بدرێتە بەغدا، لەوێوە بەشێکی بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێتەوە، حکومەتی کوردستانیش بەمە ڕازی نییە و دەڵێت نایاساییە، حکومەتی عێراقیش زیاتر لەوە داوا دەکات بەپێی یاساکان پێویستە پێیان بدرێت.

شاندی حکومەتی کوردستان ڕاپۆرتێکی گشتگیریان لەبارەی سەرجەم داهاتەکانی ناوخۆ، لە گومرگ و دەروازە سنوورییەکانەوە هەتا پارەی ئاو و کارەبا ئاراستەی سوودانی کردووە، تێیدا ڕوونکراوەتەوە چەند داهات بۆ حکومەتی هەرێمە و ئامادەن چەند بدەنە بەغدا. ئەوان پشتیان بە بەڵگەنامەی یاسایی، وەک بڕگە و ماددەکانی دەستوور، یاسای بودجە، و یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵی ژمارە 6ـی ساڵی 2019 بەستووە. بۆ نموونە، بەپێی بڕگەی دووی ماددەی 51ـی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی، داهاتی گومرگ و دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکان بە ڕێژەی 50% بۆ هەولێر و 50% بۆ حکومەتی عێراق دەبێت،  بەهەمان شێوە بۆ سەرجەم داهاتەکانی تر، بەڵام حکومەتی عێراق ڕەزامەندی لەسەر دەرنەبڕیوە.

 ئەنجوومەنی دەوڵەت دادوەرییە و هاوشێوەی ئەنجوومەنی شوورای هەرێمی کوردستانە، ئەنجوومەنەکە هەر بڕیارێک بدات دەبێت هەردوولا، حکومەتی کوردستان و حکومەتی عێراق پێیەوە پابەند بن.




ئه‌م بابه‌ته 156 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:04:55:09/09/2025