سەرجەم ئەو موڵکانەی کۆمپانیای نالیا و چاڤی دەفرۆشرێن کە دەستیان بەسەردا گیراوە
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە زیادکردنێکی ئاشکرادا سەرجەم ئەو موڵکانەی کۆمپانیای نالیا و چاڤی دەفرۆشرێن کە دەستیان بەسەردا گیراوە و ژمارەیان 60 موڵکە.
بەپێی وەزارەتی دارایی، قەرزەکانی وەزارەتەکەیان لەسەر کۆمپانیای نالیا گەیشتووەتە نزیکەی 92 ملیار دینار.
موڵکەکان ژمارەیان 60 دانەیە و پێکهاتووە لە پارچە زەوی، هۆتێل، کافتریا، کابینەی گەشتیاری و هی دیکە، پێشتریش دەستیان بەسەردا گیراوە.
بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی دارایی، "چوار پارچە زەوی دانرابوون بە شێوەی زیادکردنی ئاشکرا بفرۆشرێن، بەڵام دواتر دەرکەوت ئەو پارچە زەوییانە لە بنەڕەتدا بۆ سەوزایی و خزمەتگوزاری تەرخان کراون، ناتواندرێت رەگەزەکانیان بگۆڕدرێت و بخرێنە زیادکردنی ئاشکراوە، خەمڵاندنێکی نادروستیش بۆ نرخەکانیان کرابوو، رێگریی یاسایی هەبوو بۆ فرۆشتنیان، بۆیە بە بڕیاری وەزیری دارایی و ئابووری سەرجەم پرۆسەکە راگیرا و جارێکی دیکە لەلایەن تیمێکی پسپۆڕەوە کار لەسەر دۆسیەکە کرایەوە، سەرجەم ئەو موڵکانەی شایستەی فرۆشتنن نیشانەی گلدانەوەیان خرایەسەر."
وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوە کردووە، لەسەر داوای (بانکی سلێمانی - یەک) سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بانکە بازرگانییەکانی وەزارەتەکەیان، "دوای چەندین جار ئاگادارکردنەوەی کۆمپانیای نالیا بۆ گەڕاندنەوەی قەرزەکان و پابەند نەبوونی لایەنی پەیوەندیدار، وەزارەتمان بە مافی یاسایی خۆی دەزانێت لە رێگەی زیادکردنی ئاشکراوە سەرجەم ئەو موڵکانە بفرۆشێت کە نیشانەی گلدانەوەیان خراوەتە سەر."
هەروەها وەزارەتەکە داوا دەکات، هەر کەس و لایەنێک ئارەزوومەندە بەشداری لەو زیادکردنەدا بکات، دوای بڵاوبوونەوەی ئاگادارییەکە لە رۆژنامەی فەرمی، دەتوانێت رێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان جێبەجێ بکات و بەشداری لە پرۆسەکەدا بکات.
دەقی راگەیێندراوی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان:
لەسەر داوای وەزارەتی دارایی و ئابووری دەستگیرا بە سەر ژمارەیەک موڵکی کۆمپانیای نالیا و چاڤی.
لەزیادکردنێکی ئاشکرادا سەرجەم ئەو موڵکانەی کۆمپانیای نالیاو چاڤی دەفرۆشرێت کە دەستیانبەسەرداگیراوە و ژمارەیان 60 موڵکە.
قەرزەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری لەسەر کۆمپانیای نالیا گەیشتووەتە نزیکەی 92 ملیار دینار.
پاڵپشت بە بڕیاری سەرۆکایەتی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان و دەستەی شارستانی تێهەڵچوونەوە ژمارە ( 90 / دەستەی شارستانی تێهەڵچوونەوە / 2021 / راستکردنەوە ) لە رێکەوتی (20-10-2021) تایبەت بە یەکلاییکردنەوەی دۆسیەی قەرزەکانی کۆمپانیای نالیا لە بەرژەوەندیی وەزارەتی دارایی و ئابووری، ئاماژە بە بڕیاری بەڕێوەبەرایەتیی جێبەجێکردنی دووەمی سلێمانی ژمارە (684/2024) لە رێکەوتی (22-09-2024) تایبەت بە دانانی نیشانەی گلدانەوە (حجز) لەسەر سەرجەم موڵکەکانی کۆمپانیای نالیا و کۆمپانیای چاڤی.
ئاماژە بە بڕیاری دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی ژمارە (732/پ/2024) لە رێکەوتی (26-11-2024) تایبەت بە راستاندنی بڕیاری ئاماژەبۆکراوی جێبەجێکاری داد لە سلێمانی لە بەرژەوەندیی وەزارەتی دارایی و ئابووری و رەتکردنەوەی تانەی پێداچوونەوەی کۆمپانیای نالیا.
وەزارەتی دارایی و ئابووری لە رێگای بەڕێوەبەرایەتی ناوبراو هەڵدەستێت بە فرۆشتنی موڵکە دەستبەسەرداگیراوەکانی کۆمپانیای نالیا و چاڤی کە ژمارەیان (60) موڵکە و پێکهاتووە لە چەندین پارچە زەوی، هۆتێل، کافتریا و کابینەی گەشتیاری و هتد.....کە پێشتر دەستی بەسەرداگیراوە بەمەبەستی وەرگرتنەوەی سەرجەم قەرز و سوودە کەڵەکەبووەکانی کە لەئێستادا گەیشتووەتە بڕی (٩١٫٧٦٠٫٦٦٫٣٥٠) ملیار دینار.
شایەنی باسە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە دوای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم لەسەر راسپاردەی جەنابی وەزیر بەشێوەی چڕوپڕ کاری لەسەر ئەو دۆسیەیە کردووە، دواجار لەساڵی (2021) دوای بردنەوەی دۆسیەیەکی یاسایی لە کۆمپانیای نالیا لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابوری و ئەنجامدانی سەرجەم ڕێکارەکان، لەلایەن لیژنەیەکەوە چوار پارچە زەوی دانرابوو بەشێوەی زیادکردنی ئاشکرا بفرۆشرێت، بەڵام دواتر دەرکەوت ئەو پارچە زەویانە لە بنەڕەتدا بۆ سەوزایی و خزمەتگوزاری تەرخان کراوە و ناتوانرێت ڕەگەزەکانیان بگۆڕدرێت و بخرێنە زیادکردنی ئاشکراوە، وەخەمڵاندنێکی نادروست بۆ نرخەکانیان کرابوو وە ڕێگری یاسایی هەبوو بۆ فرۆشتنیان ، بۆیە بەبڕیاری بەڕێز وەزیری دارایی و ئابووری سەرجەم پرۆسەکە ڕاگیراو جارێکی تر لەلایەن تیمێکی پسپۆڕەوە کار لەسەر دۆسیەکە کرایەوە و سەرجەم ئەو موڵکانەی کە شایستەی فرۆشتنن نیشانەی گلدانەوەیان خرایە سەر.
دواجار لەسەر داوای (بانکی سلێمانی یەک) سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی بانکە بازرگانییەکانی وەزارەتمان و دوای چەندین جار ئاگادارکردنەوەی کۆمپانیای نالیا بۆ گەڕاندنەوەی قەرزەکان و پابەند نەبوونی لایەنی پەیوەندیدار، وەزارەتمان بەمافی یاسایی خۆی دەزانێت لە ڕێگای زیادکردنی ئاشکراوە سەرجەم ئەو موڵکانە بفرۆشێت کە نیشانەی گلدانەوەیان خراوەتە سەر و داواکارین هەرکەس و لایەنێک ئارەزوومەندە بەشداری لەو زیادکردنەدا بکات دوای بڵاوبوونەوەی ئاگاداریەکە لە ڕۆژنامەی فەرمی دەتوانێت ڕێکارە یاسایی و کارگێڕیەکان جێبەجي بکات و بەشداری لە پرۆسەکەدا بکات.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی بانکە بازرگانییەکان/ وەزارەتی دارایی و ئابووری
٢٠٢٥/٨/٣١
ئهم بابهته 164
جار خوێنراوهتهوه
PM:02:15:31/08/2025