یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان :لەبارەی هێرشه‌ درۆنییه‌كانی سه‌ر هه‌رێمی کوردستان هاته‌ ده‌نگ


یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی هێرشه‌ درۆنییه‌كانی سه‌ر هه‌رێمی کوردستان رایگەیاند، "پێویسته‌ رابگیرێن و سه‌رچاوه‌كه‌یان له‌ هه‌ر كوێوه‌‌ بێت و هه‌ر لایه‌نێك لێی به‌رپرس بێت، پێشێلكردنێكی ئاشكرای بنه‌ماكانی پاراستنی ئاسایشی ناوخۆیی و سه‌قامگیرییه‌ له‌ وڵاتدا، كه‌ پێویسته‌ پێش هه‌ر لایه‌ك حكومه‌تی عیراق خۆی سنوورێكی بۆ دابنێت و رایبگرێت".
 
مه‌كته‌بی راگه‌یاندن و هۆشیاریی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە، 16-7-2025، لە راگەیێندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، "لەکاتێکدا کە یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پێناوی کۆتاییهێنان بە کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی كوردستان و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان بەغدا و هەرێم، هەوڵە سیاسی و دیبلۆماسییه‌كانی خۆی چڕ کردووەتەوە و کار بۆ نەهێشتنی گرژی و ناكۆكی لە نێوان هەرێم و بەغدا دەکات، زیاتر له‌ هه‌فته‌یه‌كه‌ چه‌ندین هێرشی درۆنی یه‌ك له‌دوای یه‌ك ده‌كرێته‌ سه‌ر هه‌رێم و كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی له‌ ناوچه‌ و پارێزگا جیاجیاكانیدا".
 
یەکێتی دەشڵێت، ئه‌و هێرشانه سه‌رچاوه‌كه‌یان له‌ هه‌ر كوێوه‌‌ بێت و هه‌ر لایه‌نێك لێی به‌رپرس بێت، "پێشێلكردنێكی ئاشكرای بنه‌ماكانی پاراستنی ئاسایشی ناوخۆیی و سه‌قامگیرییه‌ له‌ وڵاتدا، كه‌ پێویسته‌ پێش هه‌ر لایه‌ك حكومه‌تی عیراق خۆی سنوورێكی بۆ دابنێت و رایبگرێت، به‌و پێیه‌ی ده‌سه‌ڵاتی راپه‌ڕاندن و ره‌سمیی ده‌وڵه‌ته‌ و به‌رپرسیاره‌ له‌ پاراستنی ‌خاك و خه‌ڵكی عێراق و هه‌رێم و بنه‌ما و سه‌رچاوه‌ ئابوورییه‌كانی، به‌تایبه‌تی كه‌ ده‌شێت ئه‌و پێشێلكارییانه‌ ببنه‌ مایه‌ی دروستبوونی گومان له‌ په‌یوه‌ندیی هێزه‌ عیراقییه‌كاندا و نیگه‌رانیش له‌ دۆخی ئه‌منیی وڵات".
 
یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا،  باس لەوە دەکات، "ئێمە له‌كاتێكدا وه‌ك (ی. ن. ك) ئیدانه‌ی ئه‌و هێرش ‌و په‌لامارانه‌ بۆ هه‌رێم و دانیشتووانه‌كه‌ی ده‌كه‌ین، داواكارین كه‌ حكومه‌ت و په‌رله‌مانی عیراق رۆڵی خۆیان له‌ دوورخستنه‌وه‌ی وڵات له‌ هه‌ر ناسه‌قامگیرییه‌كی ئه‌منی و ناكۆكییه‌كی نوێی سیاسی بگێڕن، كه‌ ببێته‌ مایه‌ی ساردكردنه‌وه‌ی هێڵی گه‌رمی گفتوگۆ نیشتمانییه‌كانمان، كه‌ ئامانج لێیان چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌كان و چاندنی متمانه‌ و برایه‌تیی زیاتر و پێكه‌وه‌ ژیانی نێوان عیراقییه‌كانه‌".
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لەم مانگەدا 15 هێرشی درۆنی کراونەتە سەر باشووری کوردستان.
 
بەپێی بەدواداچوونەکە، سێ هێرش بە چوار درۆن لە سنووری پارێزگای هەولێر کراون؛ سلێمانی بە پێنج درۆن، چوار هێرش کراون؛ لە دهۆک سێ هێرشی درۆنی کراوە؛ لە کەرکووک سێ هێرش هەبووە کە دووانیان درۆن و ئەوی دیکەش بە مووشەک بووە و لە زاخۆش دوو هێرش بە سێ درۆن کراون



ئه‌م بابه‌ته 104 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:04:21:16/07/2025