هەرێم کەمال ئاغا:تێنەپەڕاندنی پرۆژەیاساکە لەم قۆناغەدا چەند هۆکارێکی هەبوو


هەرێم کەمال ئاغا، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، پرۆژەیاسای حەشدی شەعبی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کشێنراوەتەوە، هۆکارەکەشی بۆ "مشتومڕ و فشارە دەرەکییەکان" گەڕاندەوە.

هەرێمی کەمال ئاغا، بە کەناڵ8ـی گوت "کۆدەنگییەک لەناو چوارچێوەی هەماهەنگی هەبووە، بۆ تێنەپەڕاندن و کشاندنەوەی ئەم پرۆژەیاسایە و لەم خولەی ئەنجوومەنی نوێنەراندا دەنگی لەسەر نادرێت".

پرۆژەیاسای حەشدی شەعبی، لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە، کە ئامانجی رێکخستنەوەی پەیکەربەندیی دەستەکە و پرۆسەی خانەنشینکردنی ئەندامەکانی بوو.

هەرێم کەمال ئاغا، روونیکردەوە تێنەپەڕاندنی پرۆژەیاساکە لەم قۆناغەدا چەند هۆکارێکی هەبوو، لەوانە لەنێوماڵی شیعە ناکۆکی هەبووە لەسەر تێپەڕاندنی، لەگەڵئەوەشدا ژمارەیەک گرووپی چەکدار "لە دەرەوەی یاسا و لەژێر چەتری حەشدی شەعبیدان" کە بەلای ئەمریکا و هاوپەیمانەکان لە رابردوو و ئێستاشدا مەترسین بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی عێراق و ناوچەکە. بەگوتەی هەرێم کەمال ئاغا لەو رووەوە فشاری ئەمریکا و هاوپەیمانان هەبووە و وایکردووە پرۆژەیاساکە بکشێندرێتەوە.

سەرەتای مانگی ئاب، ستیڤن ڤاگن، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ موحسین مەندەلاوی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە فەرمی هۆشداری واشنتنی گەیاندە بەغداد و رایگەیاند، تێپەڕاندنی پرۆژەیاسای حەشدی شەعبی چەسپاندنی هەژموونی ئێران و بەهێزکردنی گرووپە چەکدارەکانە.

بەهزاد ئەحمەد






ئه‌م بابه‌ته 72 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:07:30:28/08/2025