بارزانی: داوای کرد هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان پاڵپشتی پڕۆسەی چارەسەری ئاشتی لە تورکیا بن.
ئەمڕۆ هەینی 11ـی تەممووزی 2025، لە سەلاحەددین مەسعود بارزانی پێشوازی لە ژمارەیەک کەسایەتیی سیاسی و شاندی باڵای دەم پارتی کرد کە پێكهاتوون لە ئەحمەد تورك، لەیلا زانا، سری ساکێک، تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی و چیدەم قلێچگون ئوچار، هاوسەرۆکی هەرێمەکانی دیموکرات و مەڕال دانشبەشتاش پەرلەمانتاری دەم پارتی و بەردان ئوزتورک بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی دەم پارتی.
(ئاڵامیدیا) www.alamedia.info
بارەگای بارزانی بڵاوی کردەوە، لە دیدارەکەدا شاندی دەم پارتی دەستخۆشییان لە سەرۆک بارزانی کرد بۆ ڕۆڵی بەهێز و نەتەوەیی و ستراتیژیی لە پشتیوانیکردنی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا و داوایان کرد سەرۆک بارزانی لە ڕۆڵی خۆی لە پاڵپشتیکردنی ئەو پڕۆسە مێژووییە لە قۆناغە جیاجیاکاندا بەردەوام بیت. هەروەها وێڕای گەیاندنی پەیام و داواکەی ئۆجەلان داواشیان کرد کە سەرۆک بارزانی سەردانی ئۆجەلان بکات.
بارزانی، جەختی لەوە کردەوە کە ئەو هەنگاوانەی لە پرۆسەی ئاشتیدا گیراونەتەبەر هەنگاوی گرنگن بە ئاراستەی دروست.
دووپاتیشی كردەوە، پرۆسەی ئاشتی پێویستی بە پشوودرێژی و وردبینی هەیە بۆ ئەوەی بگاتە ئەنجامێکی باش، 10 ساڵ گفتوگۆ باشترە لە یەک کاتژمێر شەڕ، "بە شەڕ و توندوتیژی کێشەکان چارەسەر ناکرێن و دەبێ پشت بە خەباتی سیاسی و دیالۆگ و یەکترقبوڵکردن و دیپلۆماسی ببەسترێت".
بارزانی دڵنیایی دا لەوەی لەپێناو سەرخستنی پڕۆسەی چارەسەری ئەوەی لە توانایدا بێت درێخی ناکات و سەبارەت بە داواکارییان بۆ سەردانی بۆ لای ئۆجەلان ڕایگەیاند لە هەلومەرجێکی گونجاودا سەردانەکە ئەنجام دەدرێت. بارزانی داواشی کرد هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان پاڵپشتی پڕۆسەی چارەسەری ئاشتی لە تورکیا بن.
ئهم بابهته 92
جار خوێنراوهتهوه
PM:08:34:11/07/2025