(دەم پارتی) بەشداریی رێوڕەسمی چەکدانانی پەکەکە دەکەن لە سلێمانی


گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) رایگەیاند، پارتەکەیان بە شاندێکی باڵاوە بەشداریی رێوڕەسمی چەکدانانی پەکەکە دەکەن کە رۆژی 11ـی ئەم مانگە لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت.
 
ئەمڕۆچوارشەممە، ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە و دوایین پێشهاتەکان رایگەیاند، "تورکیا لەبەردەم وەرچەرخانێکی مێژووییدایە."
 
لە یەکی تشرینی یەکەمی پاردا هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن دەسەڵاتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" و لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناودەهێندرێت.
 
ئایشەگوڵ دۆغان پێیوایە ئێستا تورکیا لە قۆناخێکی هەستیاردایە و گوتی، "ئێمە پاڵێوراوی نووسینەوەی ئەم مێژووەین و لەم پرۆسەیەدا تەنیا شایەتحاڵ نابین، بەڵکو بەرپرسیارێتیی زۆر گرنگیش دەکەوێتە ئەستۆمان، چونکە ئێمە باس لە ژیانی مرۆڤەکان دەکەین. لەڕووی دروستبوونی دۆخی بێشەڕی و ئەگەری کۆتاییهاتنی شەڕەوە، بەرەو قۆناخێکی گرنگتر دەڕۆین."
 
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
 
ئۆجەلان کە لە ساڵی 1999وە لە زیندانی دوورگەی ئیمرالییە، دوای نزیکەی 26 ساڵ پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و پێداگری لەسەر بانگەوازەکەی 27 ـی شوبات کردەوە و گوتی، ئەو بانگەوازەی بۆ بەدەستهێنانی ئاشتی و بنیاتنانی كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراسی کردووە.
 
گوتەبێژی دەم پارتی سەرنجی خستە سەر بانگەوازەکەی ئۆجەلان بۆ چەکدانان و رایگەیاند، بەرپرسیارێتییەکە دەکەوێتە ئەستۆی هەموو لایەک. گوتی: "ئەمڕۆ دوای 26 ساڵ بۆ یەکەمجار دیمەنێکمان لە بەڕێز ئۆجەلانەوە لە ئیمرالییەوە بینی. جیهانیش بە وردی چاودێری دەکات، چونکە پرسی کوردی تورکیا و پرسی دیموکراسیی تورکیا، تەنیا کێشەی تورکیا نەماوە، بەڵکو بووەتە کێشەیەکی نێودەوڵەتی."
 
ئایشەگوڵ دۆغان ئاماژەی بەوەدا ئەوان ساڵانێکە جەخت لەوە دەکەنەوە، ناونیشانی چارەسەرییەکی دیموکراتی، ئاشتییانە، شکۆمەندانە و هەمیشەیی، بە ئیمرالیدا، بە بەڕێز ئۆجەلاندا تێدەپەڕێت. "دەبێت ئەمڕۆ ئەم راستییە جارێکی دیکە بۆ هەمووان دەرکەوتبێت."
 
پەکەکە بە دەم بانگەوازەکەی ئۆجەلان هات و رۆژی 12ـی ئایاری 2025،  ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی راگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچووبوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.
 
پەکەکە رایگەیاندووە رۆژی 11ـی ئەم مانگە لە سنووری پارێزگای سلێمانی رێوڕەسمێکی سیمبولیکی بۆ چەکدانان رێکدەخەن.
 
ئایشەگوڵ دۆغان سەبارەت بە رێوڕەسمەکە گوتی: "رۆژی 11ـی تەممووز شاندێکی باڵای ئێمە لە سلێمانی ئامادە دەبێت کە پێکدێت لە هاوسەرۆکە گشتییەکانمان، هاوگوتەبێژی پێکهاتەکانمان، ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران و ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری."



ئه‌م بابه‌ته 152 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:08:26:09/07/2025