وەزارەتی سامانە سروشتییەكان: وەڵامی وەزارەتی نەوتی عێراقی دایەوە
وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان وەڵامی وەزارەتی نەوتی عێراقی دایەوە و دەڵێت: ئەوەی دەستوور پێشێل دەكات ئێوەن.
وەزارەتەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، تۆمەتباركردنی هەرێمی كوردستان بە بەقاچاخبردنی نەوت، هەوڵێكی ئاشكرایە بۆ بەلاڕێدابردنی سەرنجەكان لەسەر ئەو پرۆسە قاچاخ و گەندەڵییە فراوانەی لە ناوچەكانی دیكەی عێراق ئەنجام دەدرێت.
لە راگەیەندراوی وەزارەتی سامانە سروشتییەکاندا ئەوەش هاتووە، ئەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان نییە کە بەرپرسیارە لە وەستانی هەناردەکردنی نەوت، بەڵکو ئەنجامی ئەو داوایەی وەزارەتی نەوتی عێراقە کە لەدژی وەزارەتی وزەی تورکیا تۆماری کردبوو، زیانی زیاتر لە 25 ملیار دۆلاری بە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ و کۆمپانیاکان گەیاندووە.
لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا هاتووە، هەموو شکستەکان خراونەتە پاڵ هەرێمى کوردستان کە لە بنەمادا دەرئەنجامى سیاسەتى هەڵەیە و وەزارەتى نەوت بەشێوەیەکى ئاشکرا و بەردوام پێشێلى دەستوور دەکات و بەربەستە لەبەردەم پەسەندکردنى یاساى نەوت و گازى ناوەندى، بوونەتە هۆکارى بڕینى نان و مووچەى هاونیشتمانییانى هەرێمى کوردستان.
(ئاڵامیدیا) www.alamedia.info
روونیشكراوەتەوە، ئێوە نەوتى عێراق لەگەڵ نەوتى شوێنى دیکەدا تێکەڵدەکەن و لە بەرژەوەندیى ئەوان کاردەکەن و زیان بە ناوبانگى عێراق دەگەیەنن.
جەخت لەوەش كراوەتەوە، نزیکەى 12 ملیۆن بەرمیل نەوتمان رادەستى عێراق کردووە، بەڵام لە بەرامبەردا یەک دینارمان وەرنەگرتووە، ئەوەش پێشێلكردنی ئاشكرای پابەندبوونە داراییەكانە.
لەبارەی سیستمی حكومڕانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ئاماژەی بەوەكردووە، سیستمی حكومڕانیی عێراق فیدراڵییە و مافی دەستوریی هەرێمی كوردستانە یاسای خۆی هەبێت كە كاروبارەكانی رێكبخات، بۆیە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیا نەوتییەكان كردووە ئەوەش بەگوێرەی یاسای نەوت و گاز ژمارە 22ـی ساڵی 2007.
ئەوەش هاتووە، ئەگەر كێشەیەكی یاسایی لەو گرێبەستانەدا هەبێت بۆچی كۆمپانیا جیهانییەكان ملیارەها دۆلار وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستاندا دەكەن، بەبێ ئەوەی پاڵپشتییەكی یاساییان هەبێت؟
ئهم بابهته 132
جار خوێنراوهتهوه
AM:06:52:06/06/2025