بە هەوڵی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، 25 کۆچبەری دیکەی کورد لە لیبیا ئازاد دەکرێن و بڕیارە لە ئایندەیەكی نزیكدا بگەڕێنرێنەوە هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ یەكشەممە سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە رێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە، قسەی لەگەڵ بەشێك لەو 25 گەنجە كردووە دوای ئەوەی بە هاوكاری هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا ئازادكرابوون.
سەلیم پاشا ڕاوێژکاری پێشکەوتووی فەرمانگەی پەیوەندیییەکانی دەرەوە لەبارەی هەوڵەكان بۆ گەڕانەوەی گەنجەكان رایگەیاند "ئێستا گرفتی سەرەکی بۆ گەڕانەوەی ئەم گەنجانە نەبوونی پاسپۆڕتە، چونکە قاچاخچییەکان هەر زوو پاسپۆڕتەکانیان لێدەستێنن تا نەتوانن بگەڕێنەوە".
راشیگەیاند "فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ باڵیۆزخانەی عێراق، پاسپۆرتی پەڕینەوەی بۆ گەنجەكان دابینكردووە و ئەوەی ماوەتەوە دابینکردنی بلیتی فڕۆکەیە بۆ ئەو 25 گەنجە".
سەلیم پاشا جەختیشی كردەوە كە "دوای تەواو بوونی ڕێکارەکان، چاوەڕوان دەکرێت لە ئایندەیەكی نزیكدا سەرجەم گەنجەكان بگەڕێنرێنەوە هەرێمی کوردستان".
چەند ڕۆژێک بەر لە ئێستاش، بە هەماهەنگی نێوان فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا، توانرابوو 6 گەنجی دیكەی كورد لە بەندیخانەکانی لیبیا ئازاد بکرێن و بگەڕێنرێنەوە هەرێمی کوردستان.
ئێستا وڵاتی لیبیا بووەتە یەکێک لە ڕێگەکانی گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپا بۆ کۆچبەرانی نایاسایی، بەشێک لە گەنجانی هەرێمی کوردستانیش بۆ گەیشتن بە کەناراوەکانی ئیتاڵیا، ڕێگەی ئەو وڵاتە بەکاردەهێنن، بەڵام زۆربەی جار لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتەوە دەستگیر دەکرێن و ڕووبەڕووی دۆخێكی سەخت دەبنەوە.