شارەوانیی هەولێر:لەسەر گشت دامودەزگا حیزبی و حکومی و ئەهلییەکان نابێت ئاڵای کۆن و دڕاو هەڵبواسرێت،


سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر لە کۆبوونەوەیەکدا چەند بڕیارێکی نوێی بۆ رێکخستنەوەی شار و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان دەرکرد. بەگوێرەی بڕیارەکان، بەدواداچوون بۆ ئاڵای کوردستان لەسەر دامودەزگاکان دەکرێت و نابێت ئاڵای کۆن و دڕاو بمێنێتەوە، هەروەها رێوشوێنی نوێ بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵخیی هاتوچۆ و زیادکردنی سەوزایی دەگیرێتەبەر.

بەگوێرەی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر کە ئەمڕۆ شەممە، 23ـی ئابی 2025 بڵاوکراوەتەوە، کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر لەگەڵ بەڕێوەبەر و سەرۆک بەشەکانی سنووری شارەوانییەکە کۆبووەتەوە و تێیدا جەخت لەسەر کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئاوەدانکردنەوە و جوانترکردنی شار کراوەتەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی میکانیزمی نوێی کارکردن بۆ رێکخستنەوەی شاری هەولێر کراوە و چەند بڕیار و راسپاردەیەک دەرکراون، لەوانە:

1. بایەخدان بە گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان و کارەکانی قیرتاوکردن و چاککردنەوەی شەقامەکان.
2.
رێکخستنەوە و چاککردنەوەی شەقامەکان و لابردنی تاسە، هەروەها بەدواداچوون بۆ فلکەکانی سووڕانەوە (یوتێرن) لەپێناو کەمکردنەوەی ئاستەنگیی هاتوچۆ.
3.
بەدواداچوون بۆ بازاڕ و شوێنە گشتییەکان و نەهێشتنی زێدەڕۆیی لەسەر موڵکی گشتی.
4.
پاراستنی پاکوخاوێنیی شار و بەردەوامیی کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک لەلایەن تیمەکانی ژینگەپارێزییەوە.
5.
بەدواداچوون بۆ ئاڵای کوردستان لەسەر گشت دامودەزگا حیزبی و حکومی و ئەهلییەکان دەکرێت و نابێت ئاڵای کۆن و دڕاو هەڵبواسرێت، بەڵکو دەبێت بەردەوام نوێ بکرێتەوە و بۆ ئەو مەبەستە لایەنی پەیوەندیدار ئاگادار دەکرێتەوە.
6.
فراوانکردنی هەڵمەتەکانی دارچاندن و زیادکردنی رێژەی سەوزایی.
7.
چاودێریکردنی گەڕەک و شوێنە گشتییەکان بۆ رێگریکردن لە هەر کەسێک کە سەرپێچیی بەفیڕۆدانی ئاو بکات.
8.
زیادکردنی تیمێکی دیکە بۆ کۆنترۆڵکردنی سەگە بێلانەکان لە پارک، شەقام و کۆڵانەکانی شاری هەولێر.
9.
بایەخدان بە رێگە سەرەکی و دەروازەکانی هاتنەناوەوەی شار لەڕووی ژینگە و پاکوخاوێنییەوە.

هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە کارئاسانی بۆ هاووڵاتییان و هەماهەنگیی زیاتر لەگەڵ فەرمانبەران کرایەوە بۆ پێشخستنی ئاستی کارکردن.
 




ئه‌م بابه‌ته 188 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:10:01:23/08/2025