ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا بە زمانی کوردی پۆستێکی كرد


ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا بۆ یەکەمجار بە زمانی کوردی پۆستێکی لە تۆڕی ئێکس کرد و دەڵێت پێکەوە وڵات بنیاد دەنێینەوە.

ئەسعەد شەیبانی، لە هەژماری فەرمی خۆی بە زمانی کوردی نووسیویەتی "کورد لە سووریا جوانی و رووناکی بۆ فرەچەشنی گەلی سووریا زیاد دەکات".

شەیبانی، کە لە 21ـی کانوونی یەکەمی 2024ـەوە لە حکومەتی راگوزەری سووریادا وەک وەزیری دەرەوە دیاریکراوە، دەشڵێت "کۆمەڵگای کورد لە سووریا لەلایەن رژێمی ئەسەدەوە تووشی نادادپەروەریی بووە".

لە کۆتایی پۆستەکەدا گوتوویەتی "پێکەوە وڵاتێک بنیاد دەنێین کە هەمووان هەست بە یەکسانی و دادپەروەری بکەن".

پۆستەکەی شەیبانی لە کاتێکدایە، تاوەکو ئێستا پەیوەندییەکی فەرمی لە نێوان دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشق و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا یاخود رۆژئاوای کوردستان دانەمەزراوە.

ئەسعەد شەیبانی، ساڵی 1987 لە حەسەکە لە دایکبووە و لە دیمەشق ژیاوە، پێشتر بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەستەی تەحریری شام بووە و ماوەیەکیش بەڕێوەبەری کاروباری سیاسیی بووە لە حکومەتی رزگاری نیشتمانیی سووریا کە لە ساڵی 2017 دامەزرا بوو.

وەزیری دەرەوەی سووریا بە زمانی کوردی پۆستێکی کرد








ئه‌م بابه‌ته 44 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:02:55:22/01/2025