کۆبوونەوەی دارایی هەرێمی کوردستان و تەیف سامی دەستیپێکرد


کۆبوونەوەی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ پرسی بودجە و مووچە لە بەغدا لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق دەستیپێکرد.
 پرسی سەرەکیی گفتوگۆکان مووچەی مانگی 12 و دابینکردنی مووچەیە بەبێ کێشە بۆ مانگەکانی ساڵی 2025. 
 بەپێی زانیارییەکانی رووداو، هەریەکە لە بەڕێوەبەری ژمێریاری، لە وەزارەتی دارایی عێراق، بەڕێوەبەری بودجە، رێباز حەملان، بریکاری وەزارەتی دارایی لەگەڵ تەیف سامی لە کۆبوونەوەکە بەشدارن.
 شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکدێت لە هەریەکە لە ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی؛ ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران.
 بەپێی زانیارییەکان، شاندەکە دوو داواکارییان هەیە، یەکێکیان زیادکردنی پارەی بەشی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانە، ئەویش لەڕێگەی گواستنەوەی پارە لە بەشەکانی دیکەی بودجە بۆ بەشی مووچە و، ئەوی دیکەشیان رێککەوتنە لەسەر داهاتی نانەوتی و دەیانەوێت دڵنیایی بەغدا وەربگرن ئەم ساڵ پارەی مووچە بەبێ کەموکورتی دەنێرن و ئەوانیش داهاتی نانەوتییان رادەست بکەن.
 کۆبوونەوەکە لە ماڵی د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراقە لە ناوچەی سەوزی بەغدا.
 ئەندامێکی شاندەکە بە رووداوی راگەیاند، داوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقیش کردووە.




ئه‌م بابه‌ته 192 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:11:22:20/01/2025