هونه‌رمه‌ند سابات حه‌مه ساڵح
كاره‌كته‌ری (ڕووخۆش) له درامای گەڕان بەدوای سێبەرەکان، یه‌كه‌م دەرکەوتنم بوو
خانمه هونه‌رمه‌ندی بواری شانۆ و دراما سابات حه‌مه ساڵح، له زۆربه‌ی دراماكان ڕۆڵی به‌رچاوی هه‌بووه، به‌تایبه‌ت لە (زنجیره درامای گه‌ڕان به‌دوای سێبه‌ره‌كان)دا به كاره‌كته‌ری ڕووخۆش لای بینه‌ر ناسرا. سەبارەت بە كاری هونه‌ری و نواندن و شانۆ و ونبوونی له شاشه و درامادا، (ئاڵامیدیا) دیداری له‌گه‌ڵدا كرد و بەم شێەیە وەڵامی داینەوە.
دیمانه:سه‌ردارغه‌ریب
(ئاڵامیدیا): كام كاری هونه‌ری بووه ده‌سپێكی كاره‌كانت؟
سابات حه‌مه‌ساڵح: قوتابیی پۆلی یەکی پەیمانگای هونەرە جوانەکان بووم، یەکەم كار تیایدا به‌شدار بووم، شانۆگه‌ریی (کوللـە) بوو.
(ئاڵامیدیا): ئەی له بواری درامادا؟
سابات حه‌مه‌ساڵح: پێش درامای (گەڕان بەدوای سێبەرەکان)، به‌شداریی درامای دیكەم کردووە، بەڵام لەبەر هەر هۆکارێک بێت، کەمتر بەر چاوی بینەر کەوتووە، هه‌ر بۆیه كاره‌كته‌ری (ڕووخۆش) له درامای گەڕان بەدوای سێبەرەکان، یه‌كه‌م دەرکەوتنم بوو.
(باس‌نیوز): هونه‌ر ئه‌و خه‌ونه بوو كارت بۆی كرد؟
سابات حه‌مه ساڵح: زۆر خەون هەن، یان هەبوون، هونەریش یەکێک بوو لەوان.
(ئاڵامیدیا): چه‌ند منداڵت هه‌یه؟
سابات حه‌مه‌ساڵح: دوو منداڵم هەیە (کچێک و کوڕێک)، کوڕەکەم زۆر سەرسام نیە بە بواری هونەری، بەڵام کچەکەم توانایەکی زۆر باشی نواندنی هەیە و سەماکارێکی باشی بالییه‌یە، هەرچەندە منداڵه و تەمەنی نۆ ساڵە، ئومێدم هه‌یه ئایندەیەکی هونەریی زۆر جوان و سەرکەوتووی هەبێت.
(ئاڵامیدیا): سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتن وه‌ك ئه‌كته‌ر له‌سه‌ر شاشه، تا چه‌ند له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگاوە پێشوازییت لێ كرا؟
سابات حه‌مه ساڵح: لە هەموو کۆمەڵگایەکدا دەستخۆشی و پشتگیری هەیە، لە هەمان کاتدا ڕێگری و تەنگوچەڵەمه‌ش هەیە، منیش لە هیچیان بێبەش نەبووم، ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە، خێزانەکەم و کەسە دڵسۆزەکانم و هونەردۆستان بەردەوام پشتیوانم بوون، سوپاسیان ئەکەم، بەتایبەتی دایکم چەندین ڕۆژ و شەو لە پرۆڤە لەگەڵمدا بوو، تا بە تەنیا نەبم، زۆر جار لای خەڵک وای پیشان ئەدا ئه‌چین بۆ میوانداری، لە کاتێکدا بەرەو هۆڵی پرۆڤە و وێنەگرتن دەڕۆیشتین، لێرەوە ئەڵێم، دایه‌گیان خۆشم ئەوێیت. باوکیشم یادی بەخێر، بە هەمان شێوە بوو، شه‌وێكیان میوانمان هه‌بوو، فۆڕمی پەیمانگای هونه‌ره‌جوانه‌كانم پڕ ئەکردەوە، میوانه‌كه‌مان زۆر بە ڕەقی دژی بڕیارەکەم بوو كه بچمه پەیمانگا، هەر لەوێدا باوکم هاتە دەنگ و گوتی من باوکی ئەوم، حەزی لە کوێ بێت ئەتوانێت بچێت، بۆیه تا من مابم پشتگیریی ئەکەم. ئەو وشانەی باوکم بوون بە قەڵغانێک بۆم، کە زۆر ئازایانە توانیم بەرەنگاریی هەموو کۆسپ و تەگەرەیەک ببمەوه، دروود بۆ گیانی پاکی باوکم و سوپاس بۆ ئەو کەسانەی پشتیوانی‌یان لێ کردم.
(ئاڵامیدیا): جیاوازیی به‌رهه‌می هونه‌ری له‌نێوان كوردستان و تاراوگه چۆن ده‌بینیت؟
سابات حه‌مه ساڵح: کارکردن لە تاراوگە قورسییەکەی بە ڕادەیه‌کە چەندەی باسی بکەم لەوانەیە نەتوانرێت باوەڕی پێ بکرێت، بۆ نموونە، هەر هونەرمەندێك لە شوێنێكه، ئەگەر چانس هەبێت کۆمەڵێک هونەرمەند لە وڵاتێک‌دا بن، کارئاسانییە، ئەگەر زۆ لێبوردە نەبیت و خۆشەویستییت بۆ هونەر نەبێت، نا‌توانیت هیچ کارێک لە تاراوگە بکه‌یت، جگە لەمه، بە دەگمەن سپۆنسەر بۆ کاری هونەری دەست ده‌کەوێت، چەندین گرفتی دیكە هەیە ئه‌گەر باسیان بکەم هەموو دیدارەكە دادەگرێت.
(ئاڵامیدیا): تاراوگه یان كوردستان، كامیان دوا مه‌نزڵی تۆ ده‌بێت؟
سابات حه‌مه‌ساڵح: ئێستا دانیشتووی ئەڵمانیام، ڕاستییەک هەیە، هەزار ساڵیش لەو وڵاتە بژیم، دڵم هەر لە کوردستانە، دڵم لای گەڕەکی منداڵیمە، هەست و هۆشم لای هەوا و کەسە ئازیزەکانمە، هەوڵم داوە ساڵانە سەردانی كوردستان بکەمەوە، هه‌ر کارێكی هونەری خرابێتە بەردەستم، بێ گومان ئاماده‌یی خۆم دەربڕیوە و بۆی گەڕاومەتەوە.
(ئاڵامیدیا): تا چه‌ند چیرۆكی دراماكانی ئێستا گوزارشت له ئازاری كۆمه‌ڵكا ده‌كەن؟
سابات حە‌مه ساڵح: چیرۆك و سیناریۆكان چەند لایەنیان هەیە، زۆر باش لە کێشە و گرفتی کۆمەڵگا ئەدوێن، هەیشه نازانرێت مەبەست لە دروستکردنی چییە و چ پەیامێکی هەیە.
(ئاڵامیدیا): هونه‌ری ئێستا بە زۆری بۆ چ مەبەستێكە؟
سابات حه‌مه‌ساڵح: بەداخەوە هونەری ئێستا دوو مەبەستی سەرەکیی لەپشتەوەیە، یه‌كه‌م دەستکەوتی دارایی، دووه‌م دەرکەوتن بە شێوازێکی ناشرین، دیارە ئەم قسانەم گشتگیر نییە، له هه‌مان كاتدا کۆمەڵێک هونەرمەند و هونەردۆستی زۆر دڵسۆزمان هەیە، تەنیا کار بۆ هونەر ده‌كه‌ن.
(ئاڵامیدیا): به‌رهه‌م و پرۆژه‌ی نوێتان هەیە؟
سابات حه‌مه‌ساڵح: ئێستا کار لەگەڵ گرووپی سکێچ بۆ شانۆی ڕاگوزەری دەکەم، لە ٢٢ی١٢ی٢٠٢٣ لە شاری نۆرم بێرگ نماییشمان هەبوو، کە جێگای خۆشحاڵیی ئامادەبوان بوو، لە چەند شارێکی دیكەوە بانگێشت کراین و نماییشەکه بە هەردوو زمانی کوردی و ئەڵمانی پێشكه‌ش كرا.
(ئاڵامیدیا) : چیت هه‌یه بۆ ((ئاڵامیدیا))؟
سابات حه‌مه‌ساڵح: سه‌ره‌تا پیرۆزبای له دامه‌زراندنی ئه‌م ماڵپه‌ره ده‌كه‌م هیوادارم بتوانێ له‌نێو هه‌گبه‌ی كاره‌كانی لایه‌نی هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندان زیاتر بره‌و پێبدات سوپاس و پێزانینی زۆرم بۆ ((ئاڵامیدیا))، بۆ ئه‌م بەسەرکردنەوەیه
ئه‌م بابه‌ته 468
جار خوێنراوه‌ته‌وه
AM:10:54:09/01/2025