ڕووبار ئه‌حمه‌د،
درامای (بەختەباران) زیاتر تواناكانمی بە بینەران ناساند
ڕووبار ئه‌حمه‌د، هونه‌رمه‌ندی بواری شانۆ و دراما، كه له زنجیره درامای (مهمی ئالان) ڕۆڵی (سێوه‌ی دایكی مهم)ی به‌رجه‌سته كرد، له‌سه‌ر هه‌ژموونی كاری هونه‌ری نواندن و چه‌ند پرسێكی دیكه، (ئاڵامیدیا) دیداری له‌گه‌ڵدا كرد، ئه‌ویش بەم شێوەیە وه‌ڵامی داینه‌وه و جه‌ختی كرده‌وه و گوتی: ”درامای (بەختەباران) زیاتر تواناكانمی بە بینەران ناساند" .
(ئاڵامیدیا): یه‌كه‌م ده‌ركه‌وتنت له بواری كاری هونه‌ری دراما و شانۆ بۆ كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه؟
ڕووبار ئه‌حمه‌د: سه‌ره‌تای هاتنم بۆ ناو دونیای هونه‌ر، به‌تایبه‌ت بۆ ناو شانۆ، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی ١٩٨٦ و لە شانۆگه‌ریی (قەڵای دمدم) بەشدار بووم، ئەوکات خوێندکاری پێنجی ئامادەیی بووم، كە دەكاتە قۆناغی یازدەی ئێستا.
(ئاڵامیدیا): ئایا چوونه ناو بواری شانۆ و نواندن هیچ پێشینه‌یه‌كی خانهوادەكەتی پێوه دیاره؟
ڕووبار ئه‌حمه‌د: ئامۆزاکەم (سامان عوسمان) بە رەحمەت بێ، کە ئەو کات خوێندکاری شانۆ بوو، ڕێگەی بۆ خۆش کردم بێمە ناوەندە هونه‌رییه‌كه، ئه‌گه‌رچی بۆ خۆم بواری شانۆم هەڵبژارد، سه‌ره‌تا نەمدەزانی توانام هەیە یان نا، به‌ڵام ئامانج مرۆڤبوونی خۆم بوو، کە ئەبێت جێدەستم دیار بێت و راستەوخۆ لەگەڵ بینەر قسە بکەم، بۆیه شانۆم بە گونجاوتر زانی.
(ئاڵامیدیا): ماوهیەكە لە کاری هونەری نواندن دوورکەوتوویتەوە، بۆچی؟
ڕووبار ئه‌حمه‌د: من لە کاری هونەری دوور نهکەوتوومهتەوە، ئه‌وه‌تا هەموو ساڵێک خولی سەمای بالێ دەکەینەوە و کەرنەڤاڵی گەورە ئه‌نجام ده‌ده‌ین، سێ شانۆیی یەک لەدوای یەک وەک ئەکتەر تیایاندا بەشدار بووم، شانۆگه‌ریی (شەوێک و دوو تەنیایی) لە نووسین و دەرهێنانی ئازاد بەرزنجی، کە کەوتە (٢٠٢٢/١١/١٧)، بەدوایدا خوێندنەوەی شانۆییەکی دانا مه‌عرووف بوو، بە بیرۆکەی هۆرێن غه‌ریب، کەوتە ٢٠٢٣/١/٢٥، ئینجا شانۆیی (تۆ مەچۆ بۆ شەڕ) لە شیعری ماردین ئیبراهیم و لە دەرهێنانی هۆرین غه‌ریب، ئەگەر سپۆنسه‌ری دارایی هەبوایە بۆ بەرهەمی هونەری، رەنگە لە سێ درامای دیكه‌و چه‌ند شانۆگه‌رییه‌ك دەرکەوتمایە.
(ئاڵامیدیا): ناره‌وان له درامای به‌خته‌باران، یان سێوه‌ی درامای مهمی ئالان، كامیان ڕووپێوی سه‌ركه‌وتن بوو؟
ڕووبار ئه‌حمه‌د: درامای (مەمی ئالان) بە هیچ جۆرێک بەراورد ناکرێت بە درامای بەختەباران، لە هەموو ڕووەکانەوە زۆر دوورن لەیەک.
(ئاڵامیدیا) : ئاستی كاری هونەریی ئێستا چۆن دەبینیت؟
ڕووبار ئه‌حمه‌د: ئاستی کاری هونەری ئەگەر دەستگیرۆیی هونەرمەندان بکرێت و هونەر وەک کو‌لتوور سەیر بکرێت، کەسی شیاو لە شوێنی شیاو لەناو وەزارەتی رۆشنبیری دابنرێت، ئەوا ئاستی هونەری خراپ نییە، رەنگە کاری زۆر گەورە و جوان پێشکەش بکرێ.
(ئاڵامیدیا): بۆچی هونه‌رمه‌ندانی ڕه‌گه‌زی پیاو له‌چاو ئێوه‌ی هونه‌رمه‌ندانی ئافره‌ت زیاتر هه‌ماهه‌نگی و په‌یوه‌ندیی باشیان له‌گه‌ڵ یه‌كتردا هه‌یه؟
ڕووبار ئه‌حمه‌د: خۆ ئێمەی ئافرەت دوژمنی یەکتر نین، ئەی ئه‌وه نییه پێكه‌وه لە ناوەندە هونەرییەکە هەموو ڕۆڵی دایک و خوشک و کچ و هاوڕێی یەک ئه‌بینین؟ من وای نابینم، لە کۆمەڵگەیەکی باوکسالاری‌دا ده‌ته‌وێ چی ببینیت؟ ئەوە نییە ژنانمان لە بواری سیناریۆ و نووسین و دەرهێنان و سینۆگرافیادا ئەبینرێن؟ لەگەڵ کاری ئەکتەری بە رۆژ و بە شەو هەماهەنگین، لە بوارەکانی دیكه‌ش ئێستا کەناڵمان هەیە هەموو کادرەکانیان ژنن.
(ئاڵامیدیا): درامای (به‌خته‌باران) چی به تۆ به‌خشی؟
ڕووبار ئه‌حمه‌د: درامای (بەختەباران) زیاتر تواناكانمی بە بینەران ناساند، له درامای (بەختەباران)دا توانیم ڕۆڵی ئافرەت پیشان بده‌م، کە توانای ئێمەی ژن کەم نییە، لەکاتێکدا هەموو دراما کوردییەکان هەر بۆ پیاوان داڕێژراون و رۆڵی ژنان بە پلە چوار و پێنج هه‌ژمار کراوە.
(ئاڵامیدیا) تا چه‌ند له‌گه‌ڵ ڕێكلامی بازرگانیدایت؟ بۆچی تا ئێستا په‌نات بۆ رێكلام نه‌بردووه؟
ڕووبار ئه‌حمه‌د: لەبەر چەند هۆکارێک نامه‌وێ لە رێکلام دەربکەوم، یەکەم وەک خۆت ئاماژەت پێ دا لە رێکلامی بازرگانی، پیشەی من هونەرە نه‌ك بازرگانی، دووەم رێکلامەکان بۆ شتە خراپەکان دەکەن، بە تایبەت خواردنەکان، کە هەموویان لە وڕوی تەندروستییەوە زیان بە هاووڵاتییان دەگەیەنن، ئەمە دژی ئامانجی هونەریی منە و دژی مرۆڤایەتییە، بۆیه بە هیچ جۆرێک بەشداریی لە بڵاوکردنەوەی ژەهر ناکەم.
(ئاڵامیدیا): چ شتێك لای تۆ هێڵی سووره له كاری هونه‌ریدا؟
ڕووبار ئه‌حمه‌د: هەرچیی دژی مرۆڤ بێت و زیان بە مرۆڤ بگەیەنێت لای من هێڵی سووره، به‌ڵام هەرچیی جوانی بگەیەنێتە مرۆڤ لەگەڵی دام.
ئه‌م بابه‌ته 316
جار خوێنراوهتهوه
PM:05:47:06/01/2025