كاوه حوسێن
گەردنی هەموو کەسێک ئازاد بێت، جگە لەو؟
شاعیری لاو كاوه حوسێن، لە شارۆچکەی چهمچهماڵ سەر بە پارێزگای سلێمانی لەدایك بووە. دەرچووی بەشی ڕاگهیاندنە لە زانکـۆی سەڵاحەددین و ئێستا خوێندكاری ماستهرە له بواری ڕاگهیاندن.
لـە زووەوە خولیا و بەهرەی لەنێو جیهانی شیعرنووسیندا دەرکەوت و ئەسپی خۆی لە دنیای شیعردا تاو دا، ئەم شاعیرە لە دیمانەیەکدا، وەڵامی چەند پرسیارێکی (ئاڵامیدیا)ی دایەوە.
(ئاڵامیدیا): چی تۆی كرده شاعیر؟
كاوه حوسێن: من بەر لەوەی ببم به شاعیر، خۆم شاعیر بووم، چونکە شعووری منداڵانەم شاعیرانە بوو.
(ئاڵامیدیا): چ پەیامێک لە نووسینی شیعردا هەیە؟
كاوه حوسێن: شیعر بۆ خۆی پەیامە و ئەگەر شیعرێک پەیامی تیا نەبوو، هەموو شتێکە جگە لە شیعر.
(ئاڵامیدیا): تا چەند گرنگە شیعری گۆرانی، شیعری ناو دیوانەكان نەبن؟
كاوه حوسێن: بە رای من دەبێت شیعری گۆرانی لە لایەن شاعیرانی تایبەتی گۆرانییەوە بنووسرێت، چونکە یاسای تایبەت بەخۆی هەیە.
(ئاڵامیدیا): ئهو هۆنراوانهی دهیاننووسی، تاچهند ناخی كاوه حوسێنیان پێوه دیاره؟
كاوه حوسێن: هەمو هۆنراوەکانم قسەی دڵی خۆمن و زۆرجار قسەی دڵی من و ئەوانی دیكه لە یەک دەچن، بۆیە کەسانێک ئەبن بە گوێگرت.
(ئاڵامیدیا): گهردنی كێ ئازاد ناكهی و بۆچی؟
كاوه حوسێن: گەردنی هەموو کەسێک ئازاد بێت، جگە لەو کەسانەی، که خۆشیان گەردنی خۆیان پێ ئازاد ناکرێ، ئەوەنە مرۆڤی خراپن.
(ئاڵامیدیا): ئایا دەتوانین لە ڕێگەی شیعرەوە خوێنەری بیركەرەوە دروست بكەین؟
كاوه حوسێن: زۆر جار شیعرەکان بەجۆرێک پڕن لە ئامۆژگاری، تا کاریگەریی لەسەر گوێگر دروست ئەکەن و کەسی بەرامبەر لە کردەوەکانی ئاگادار ئەکەنەوە.
(ئاڵامیدیا): پێگەی ژن لەناو دونیای نووسین و خوێندنەوەدا چۆن دەبینن؟
كاوه حوسێن: ئەگەر جاران شیعر زۆرتر بۆ ژن نووسراوە، ئێستا وا نییە، چونکە ئێستا زۆر بابەتی کۆمەڵایەتیی دیكه هەیە دەبێت شیعریان بۆ بنووسرێت.
(ئاڵامیدیا): تایبەتمەندییەكانی شیعری ئەمڕۆی كوردی بە چی دەناسرێنەوە؟
كاوه حوسێن: تایبەتمەندیی ئەمڕۆی شیعری کوردی بە سادەییەکەی دەناسرێتەوە، بە زمانێک ئەنووسرێ هەموان لێی تێ دەگەن.
ئهم بابهته 136
جار خوێنراوهتهوه
PM:06:46:03/01/2025