چریكه‌ عه‌به‌ڕه‌ش ناسناوی عه‌به‌ڕه‌ش بۆخۆی ناساندنی باوكم و هه‌موو خێزانه‌كەمانە



دوای ئەوەی سیناریۆی زنجیره‌ درامای بارانم خوێندەوه،‌ بۆم ده‌ركه‌وت كارێكی زۆر جوانه‌، زۆر كۆمه‌ڵایه‌تی بوو

خانمە هونه‌رمه‌ندی ناسراوی بواری شانۆ و دراما، ئه‌كته‌ر و ئه‌ستێره‌ی به‌توانای سینه‌ما، خانمه‌ هونه‌رمه‌ند چریكه‌ عه‌به‌ڕه‌ش، كه ‌خاوه‌نی چه‌ندین شاكاری هونه‌رییه‌ و ‌دوایین كاری له ‌زنجیره‌ درامای باران، كاره‌كته‌ری مریه‌می به‌رجه‌سته‌ كرد، له ‌دیدارێكیدا له‌گه‌ڵ (ئاڵامیدیا) ده‌مانباته‌وه‌ بۆ ده‌سپێكی شوناسی خانه‌واده‌یه‌كی به‌هره‌مه‌ندی هونه‌ری
دیمانه‌:كه‌ویار
 
(ئاڵامیدیا) چریكه‌ چۆن پێناسه‌ی خۆی ده‌كات؟
چریكه‌ عه‌به‌ڕه‌ش: له‌ ساڵی 1987 له‌ شاری سلێمانی له‌دایك بووم، ده‌رچووی په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌كان سلێمانی، به‌شی شانۆم، سه‌ره‌تای كاركردنم له ‌شانۆ ده‌ست پێكرد، دواتر له‌ چه‌ندین كورته‌فیلم و درامای تەلەڤزیۆنی وه‌ك ئه‌كته‌ر ڕۆڵم بینیوه‌، ‌له‌ سێ فیلمی سینه‌مای (سفر نۆ، قوربانی، ئاشقه‌كان به ‌پێوه‌ ده‌مرن) نواندم كردووه
(ئاڵامیدیا)  ته‌خته‌ی شانۆ، به‌تایبه‌تی هۆڵی شانۆی هونه‌ره‌جوانه‌كان چیت ‌بیر دێنێته‌وه‌؟
چریكه‌ عه‌به‌ڕه‌ش: په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌كان و هۆڵی شانۆكه‌ی بۆ من زۆر تایبه‌تن‌، چونكه‌ ساڵانێكی زۆر و سه‌ره‌تای كاركردنم، كه‌

خۆم ئاماده ‌ده‌كرد ببمه‌ ئه‌كته‌ر، له‌و په‌یمانگایه‌ و هۆڵه‌ جوانەكه‌ی هه‌نگاوم نایە ناو دنیای هونه‌ری نواندن.
 (ئاڵامیدیا)  بوون به‌ هونه‌رمه‌ند، به‌تایبه‌ت هونه‌ری نواندن خولیای خۆت بوو، یان ئه‌و ژینگه‌ هونه‌رییه‌ی بنه‌ماڵه‌كه‌تان، به‌تایبه‌تی بەهۆی كاریگەریی هونه‌رمه‌ند مامۆستا شه‌ماڵ عه‌به‌ڕه‌ش بوو؟
چریكه‌ عه‌به‌ڕه‌ش: بوونی مامه ‌شه‌ماڵ له‌ناو خانه‌واده‌كه‌مان زۆر گرنگ بووه‌ بۆ پاڵپشتیمان له‌ بواره‌ هونه‌رییه‌كه‌دا، ‌له ‌هه‌مان كاتدا ئه‌گه‌ر خودی خۆشم ئه‌و هه‌سته‌ هونه‌رییه‌م نه‌بوایه، ئه‌وا ئه‌گه‌ر هه‌زاران ساڵ بخوێنیت، یان پێداچوونه‌وه ‌بكه‌یت، نابیت به‌وه‌ی كه‌ تۆ هه‌یت، به‌ڕاستی من له‌ منداڵیمه‌وه‌ خولیای زۆرم بۆ نواندن هه‌بوو، هه‌میشه‌ له‌به‌ر ئاوێنه ‌داده‌نیشتم و لاسایم ده‌كرده‌وه‌، ‌له ‌تیپه‌كه‌ی هونه‌رمه‌ند مامۆستا مۆفه‌ق لهۆنی كارم ده‌كرد، هیچ كاتێك هه‌نگاوی ئه‌وه‌م نه‌ناوه‌ بڵێم ده‌بێت له‌و كاره‌ به‌شدار بم، ته‌نانه‌ت خوێندكاری هاوڕێم هه‌بووه‌ له‌ ده‌رچوونی ساڵانه‌ له ‌شانۆگه‌رییه‌كاندا شه‌ڕی له‌سه‌ر كاره‌كته‌رێك ده‌كرد تا ڕۆڵەكەی ببینێت، من ئه‌و شتانه‌م نه‌بوو، چونكه‌ ده‌مزانی كاتی خۆی دێت شته‌كان بۆم دێنه‌ پێشه‌وه‌، هه‌تا ئه‌وكاته‌ی له‌ په‌یمانگا دوا ساڵی خوێندم بوو، ئینجا هه‌نگاوم نا به‌ره‌و ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێت.
 (ئاڵامیدیا)  بۆچی پاشناوی (عه‌به‌ڕه‌ش)ت كرده‌ پاشناوی هونه‌ریت، ئه‌ی بۆ ناوی باوكت له ‌تایتڵ نانووسی؟
چریكه‌ عه‌به‌ڕه‌ش: ئێمه‌ ده‌مانه‌وێ ئه‌و ناوه‌ هه‌ر به‌ زیندوویی بمێنێته‌وه‌، جا من بم یان گه‌نجانی دیكه‌ی ناو خانه‌واده‌كه‌مان، كه ‌له‌دوای منه‌وه‌ دێنه‌ ناو بواری هونه‌رییه‌وه‌، ناسناوی عه‌به‌ڕه‌ش بۆ خۆی ناساندنی باوكم و هه‌موو خێزانه‌كەمانە.
(ئاڵامیدیا) ئه‌گه‌رچی له ‌هه‌ردوو بواره‌كه‌دا ڕۆڵت گێڕاوه‌، ده‌پرسین نواندن له‌به‌رده‌م كامێرا، یان له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ كامیان قورسه‌؟
چریكه‌ عه‌به‌ڕه‌ش: جیاوازییه‌كه‌یان ئه‌وه‌یه‌ كاری شانۆ ڕاسته‌وخۆ به‌ر جه‌ماوه‌ر ده‌كه‌وی، ڕاسته‌وخۆ گوێت له‌ هه‌ناسه‌ و چپه‌ی بینه‌ره كه ‌له‌م كاته‌دا ده‌بێت داببڕێیت و خه‌ریكی نواندنه‌كه‌ی خۆت بیت، خۆشترین ڕۆڵبینینی شانۆ ئه‌وه‌یه ‌له‌و ساته‌ی بۆت دیاری كراوه‌ ئه‌ركه‌كه‌ ده‌گه‌یەنیت، به‌ڵام نواندن له‌به‌رده‌م كامێرا جیاوازتره‌، دیمه‌نێكت هه‌یه‌ تۆماری ده‌كه‌یت، دواتر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ دیمه‌نێكی دیكە، به‌رده‌وام دائه‌بڕێته‌وه‌ له‌ تۆماركردنی گرته‌كان، بۆیه ‌به‌لای منه‌وه‌ نواندنی به‌رده‌م كامێرا كارێكی قورسه و نواندێكی ته‌واو كۆمه‌ڵایه‌تی و خۆیه‌تیی ده‌وێت، ئه‌و بینه‌ره‌ی به‌دیارته‌وه ‌دائه‌نیشێت نابێت بۆ ساتێكیش هه‌ست به‌وه ‌بكات تۆ نواندن ده‌كه‌یت، هه‌ندێ كه‌س ده‌ڵێت ئه‌و ئه‌كته‌ره‌ هه‌ر خۆیه‌تی له‌به‌رده‌م كامێرادا نواندن ده‌كات، من به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌ڵێم، شانۆم پێ خۆشتره،‌ چونكه‌ وه‌ك كه‌سێكی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌رده‌وام ده‌مه‌وێت نواندن له‌به‌رده‌م بینه‌ری زیندوودا بكه‌م.
 (ئاڵامیدیا)  له‌ كاتێكدا دایكیت و هه‌م مامۆستای و هه‌میش هونه‌رمه‌ند، ده‌پرسین ماندووی نه‌كردووی و ئەمانە نه‌بوونەته‌ بارێكی قورس له‌سه‌ر شانت؟
چریكه‌ عه‌به‌ڕه‌ش: به‌ڵێ زۆر قورسه‌، ئه‌گه‌رچی پێشتر مامۆستا بووم و وانه‌ی شانۆم ده‌گوتووه،‌ به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ ئێستا گوازرامه‌وه‌ بۆ به‌شی سینه‌ما، تۆزێك ئاسان بووه‌، چونكه‌ نزیكه‌ له ‌پیشه‌كه‌ی خۆمه‌وه‌، به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتیشدا ئه‌ركی دایك ماڵ به‌ڕێوه‌ بردنه‌،‌ هەروەها ئاشقی كاره‌ هونه‌ریه‌كه‌مم، ئامانجم ئه‌وه‌یه ‌به‌ره‌و پێشتر‌ هه‌نگاو بنێم، بۆیه‌ هیچ كات هه‌ست به‌ ماندووبوون ناكه‌م.
 (ئاڵامیدیا)  چی به‌و كچ و كوڕه‌ تازه‌پێگه‌یشتوانه‌ ده‌ڵێیت كە خۆیان ئامادە كردووە‌ له‌ بواری شانۆ و دراما كار بكه‌ن؟
چریكه‌ عه‌به‌ڕه‌ش: من به‌و گه‌نجانه‌ ده‌ڵێم ئێستا له‌ یوتووب كڵاسی زۆر باشی تێدایه‌، ده‌توانن گوێی لێ بگرن، په‌رتووكی باش هه‌یه‌ بیخوێننه‌وه‌، هه‌ست به‌وه‌ ده‌كه‌م بینین زۆر باشه‌ و میمۆرییه‌كی به‌هێز له‌ مێشكدا دروست ده‌كات، هه‌میشه‌ ده‌بێ ئه‌و گه‌نجانه ‌له‌ ماڵه‌وه ‌له‌گه‌ڵ خۆیان نواندن بكه‌ن، به‌رامبه‌ر ئاوێنه‌ بوه‌ستن و ڕووبه‌ڕوی خۆیان ببنه‌وه‌، تا ئه‌و كاته‌ی ده‌زانن هه‌ستی خۆیان له‌ كوێدا دۆزیوه‌ته‌وه‌، به ‌بڕوای من ده‌بێت پێش هه‌موو شتێك ئه‌كته‌ر ڕۆشنبیر بێت.

 (ئاڵامیدیا)  ده‌پرسین ئه‌و ئه‌زموونه‌ی ئێستا هه‌تانه ‌له‌ بواری نواندن و سینه‌ما، هی ئه‌وه ‌نییه‌ پێشتر له‌پشت كامێرا كارت كردووه‌؟
چریكه‌ عه‌به‌ڕه‌ش: هه‌میشه ‌هه‌وڵم داوه‌ ئه‌و كاتانه‌ی بۆشیاییه‌ك ‌له‌ كاره‌كانم هه‌یه، بتوانم به‌ كارێكه‌وه‌ خه‌ریك بم، تا یارمه‌تیم بدات له ‌نواندن، ئه‌ویش پشتی كامێرایه‌، ئه‌كته‌ر پێویستی به‌وه‌یه‌ بزانێت پشتی كامێرا چۆنه‌، بۆ ئه‌وه‌ی یارمه‌تیی بدات، چونكه‌ ئاسانتره‌، كاركردن و ورده‌كاریی هه‌موو شته‌كان له ‌كامێراوه‌ له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ تێده‌گه‌یت، هه‌ر ئه‌مه‌یه‌ وای كردووه‌ دوو جار خۆشه‌ویستیم هه‌بێت بۆ كاره‌كه‌م، بۆ ئه‌وه‌ی باشتر كار بكه‌م، له‌كاتێكدا هیچ ویستێكی پشتی كامێرام نه‌بووه‌، وه‌ك له‌پێشتر ئاماژه‌م پێی دا، ته‌نیا ویستوومه‌ له ‌بواری نواندن ئه‌زموونی زیاترم هه‌بێت.
 (ئاڵامیدیا)  ئه‌گه‌رچی دوو جۆر ده‌ركه‌وتن هه‌یه ‌بۆ هونه‌رمه‌ندان، به‌تایبه‌ت له‌ بواری ڕێكلام، یه‌كه‌میان وه‌ك ئه‌كته‌ر و دووه‌میان وه‌ك ئه‌ستێره‌یه‌ك، تۆ له‌ كامیاندا خۆت بینییه‌وه‌؟
چریكه‌ عه‌به‌ڕه‌ش: ئه‌و ڕێكلامانه‌ی له‌پێشتر كردوومانه‌، وه‌ك كۆمپانیا به‌رهه‌مهێنه‌ر بووین، كاستین بووم، له‌پشتی كامێرا هه‌رچی بوایه‌ پێكه‌وه وه‌ك گرووپ كارمان ده‌كرد، وه‌ك خۆم دوو ڕێكلامم هه‌یه‌، كه‌ ئه‌ویش داواكاری بوو لێم كرا، من ڕێكلام به ‌شتێكی باش ده‌زانم، ئه‌گه‌ر سه‌یر بكه‌ین هه‌ره ‌ئه‌كته‌ره‌ به‌تواناكانی هۆڵیود ده‌بینین ڕێكلام ده‌كه‌ن، كه ‌ڕێكلامه‌كانیشیان بۆ زۆر به‌رهه‌می ئاسایین، وه‌ك شامپۆ و قاوه ‌و شتی دیكە.
(ئاڵامیدیا) جوانیی ئافره‌ت بووەته‌ هۆكار بۆ وه‌رگرتنی ڕۆڵی سه‌ره‌كی؟
چریكه‌ عه‌به‌ڕه‌ش: پێوه‌ری سه‌ره‌كی بۆ وه‌رگرتنی ڕۆڵێك ئه‌وه‌یه‌ تا چه‌ند نزیكی له‌ كارەكته‌ره‌كه‌وه‌، په‌یوه‌ندیی نییه‌ به‌وه‌ی جوانه‌ یان نا‌، وه‌ك گوتم ده‌بێ مه‌رجه‌كانی ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌ی ناو سیناریۆكه‌ی نزیك بێت لێیەوه‌ و له‌گه‌ڵیدا ‌بگونجێ.
 (ئاڵامیدیا)  بەگشتی تا چه‌ند له ‌نووسین و سیناریۆ و كاری ده‌رهێنانی درامای باران ڕازی بوویت؟
چریكه‌ عه‌به‌ڕه‌ش: دوای ئەوەی سیناریۆی زنجیره‌ درامای بارانم خوێندەوه،‌ بۆم ده‌ركه‌وت كارێكی زۆر جوانه‌، زۆر كۆمه‌ڵایه‌تی بوو، باس و خواسی كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگای خۆمانی تیابوو، كه‌ ڕۆژانه‌ كه‌سه‌كان ڕووبه‌ڕووی ده‌بنه‌وه‌، بۆیه‌ منیش به‌ ڕۆڵی مریه‌م به‌شدار بووم و ‌به ‌شێوه‌یه‌كی زۆر به‌رچاو ئه‌و درامایه‌ چووه‌ ناو خه‌ڵكه‌وه‌ و پێشوازیی باشی لێ كرا، به‌شداریكردنم مایه‌ی خۆشحاڵی بوو له ‌زنجیره ‌درامای باران.
 
 (ئاڵامیدیا)  له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگای كوردی پڕه‌ له ‌نه‌هامه‌تی و تراژیدی، بۆچی به‌رهه‌م و درامای كوردی له‌م باره‌یه‌وه ‌كه‌مه‌؟
چریكه‌ عه‌به‌ڕه‌ش: ئه‌م پرسیاره‌ ناكرێت ئاراسته‌ی من بكرێت، ده‌كرێت ئاراسته‌ی لایه‌نی په‌یوه‌ندیداره‌كان بكرێت، ئه‌وانه‌ی به‌رپرسن له‌ دروستكردنی به‌رهه‌م و پڕۆژه‌ی هونه‌ری، ئێمه‌ش وه‌ك هونه‌رمه‌ندان ئاواتەخوازین ئه‌و كارانه‌ی بكه‌ین، كه‌ باس له ‌نه‌هامه‌تی و ئه‌و ده‌رده‌سه‌رییانه‌ی به‌سه‌ر میلله‌تی كورددا هاتووه‌، ئێمه‌ به‌خۆشحاڵییه‌وه‌ ئه‌وكات ڕۆڵی تێدا ببینین، به‌داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ من نیم، كه‌ به‌رپرس بم له‌و كارانه‌ بكرێت یان نا.

(ئاڵامیدیا)  تا چه‌ند ڕۆڵ بینین مه‌رجی خانه‌واده‌كه‌تانه‌؟ ده‌گوترێت ڕۆڵێك نابینیت خانه‌واده‌كه‌ت شه‌رمه‌زار بكه‌ی، ده‌پرسین مه‌به‌ست كام ڕۆڵه‌؟
چریكه‌ عه‌به‌ڕه‌ش: ئه‌گه‌رچی ئه‌م پرسیاره‌ له‌ پڕۆگامێكدا لێم كرا، من مه‌به‌ستم له‌وه‌ بوو ده‌بێت ئه‌كته‌ر هه‌ر ڕۆڵێك ببینێت شه‌رم نه‌كا له‌وه‌ی لەگەڵ خانه‌واده‌ و هاوڕێ و خێزانه‌كه‌ی بینه‌ری بێت، به‌ڕاستی دراما ڕه‌نگدانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگایه‌، ئه‌بێت له‌ سنووری ڕه‌نگدانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگاكه ‌بێت و ‌هیچ شتێك پێوه‌ر نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌سێك شه‌رمه‌زار بكه‌ی یان شه‌رمه‌زاری نه‌كه‌ی، بۆیه‌ ده‌كرێت بڵێم وته‌كه‌ی من له‌سه‌ر ئه‌وه ‌بوو، ئه‌بێت ئێمه‌ كارێك بكه‌ین شانازیی پێوه ‌بكه‌ین، نه‌ك شه‌رمی لێ بكه‌ین.
 (ئاڵامیدیا)  پڕۆژه‌ی نوێتان هەیە؟
چریكه‌ عه‌به‌ڕه‌ش: به‌دڵنییایه‌وه‌ ئێستا له‌ هه‌نگاوه‌كانی پڕۆژه‌یه‌كی نوێدام، به‌ڵام جارێ لێره ناتوانم باسی بكه‌م، تا ئه‌و كاته‌ی ده‌چێته‌ واری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ پڕۆژه‌ی نوێمان هه‌یه‌ و هیوادارم هه‌موان به‌رده‌وام بن.














ئه‌م بابه‌ته 492 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:08:32:02/01/2025