هونەرمەند سه‌ردار خه‌لیل: ئه‌ركی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیرییه بودجه‌یه‌كی گه‌وره‌ بۆ بره‌ودان به‌ درامای كوردی دابین بكات



هونه‌رمه‌ند و ده‌رهێنه‌ر و سینارست سه‌ردار خه‌لیل، له‌ دیمانەیەكی (ئالآميديا)دا، وێستگه‌ی ژیانی هونه‌ری و هۆكاری ونبوونی له‌دوای درامای (ڕه‌شه‌ی پۆلیس) و چه‌ند كارا‌ئه‌كته‌رێكی دیكەی دراما بۆ ئێمه ‌و خوێنه‌ران ئاشكرا ده‌كات.
 (ئالآميديا)كام كاری هونه‌ری بووه‌ ده‌سپێكی كارەكانت؟
دیمانه‌:كه‌ویار
سه‌ردار خه‌لیل: دەسپێكی كاری هونەرییم له‌ درامای (گوڵاڵه)دا بوو كه‌ له‌ ساڵی (1986) له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ند سه‌عدوون یونس كاری ده‌رهێنانی بۆ كرا، هەروەها له‌ شانۆی ئه‌نیتیوگۆنا، ئه‌ویش له ‌هه‌مان ساڵدا بوو، هونه‌رمه‌ند ڕه‌وانشاد جیهاد دڵپاك ده‌رهێنەری بوو.
(ئالآميديا) له‌وەتەی كاری دراما و شانۆ دەكەن، چه‌ند به‌رهه‌متان هەبووە؟
سه‌ردار خه‌لیل: وه‌ك نواندن لە حەوت درامادا بەشدار بووم، وه‌ك یاریده‌ده‌ری ده‌رهێنه‌ریش به‌شداریی نۆ درامام كردووه‌.
(ئالآميديا) بۆچی تا ئێستا نه‌توانراوه‌ بینه‌ر له ‌دراما فارسی و توركی و كۆری و دۆبلاژكراوه‌كان بەگشتی دوور بخرێتە‌وه‌؟
سه‌ردار خه‌لیل: ئه‌وه‌ ئه‌ركی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیرییه، كە‌ بودجه‌یه‌كی گه‌وره‌ بۆ بره‌ودان به‌ درامای كوردی دابین بكات، ئه‌گه‌رچی كه‌موكوڕیمان زۆره‌، به‌ڵام وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری ده‌توانێ پێشبڕكێی سیناریۆ بكات و ساڵانه‌ باشترین سیناریۆ به‌رهه‌م بهێنێت، ئه‌وكات ته‌له‌ڤزیۆنه‌كانیش ده‌توانن به‌م ڕێگایه‌ باشترین دراما پێشكه‌ش بكه‌ن، كه ‌ئه‌مه‌ی كرد، بینه‌ر خۆی‌ له‌ دراما بیانییه‌كان دوور ده‌كه‌وێته‌وه.
(ئالآميديا): تا ئێستا ئاست و توانای خۆت له‌ كام ڕۆڵدا بینیوه‌ته‌وه‌؟
سه‌ردار خه‌لیل: به‌پێی قۆناغه‌كانی كاركردنی هونه‌ریم، له‌ هه‌موو ڕۆڵه‌كانم ڕازیم، به‌ڵام هێشتا خه‌ونی گه‌وره‌ترم هه‌یه‌.
(ئالآميديا)بۆچی هه‌ندێك له‌ ئه‌كته‌ره‌ ده‌ركه‌وتووه‌كانی نواندن لە درامای كوردی، له ‌زۆربه‌ی ڕۆڵه‌كان یه‌ك نواندن ده‌كه‌ن به‌ ڕواڵه‌ت؟
سه‌ردار خه‌لیل: ئه‌كته‌ر ده‌بێ به‌ به‌رده‌وامی ڕاهێنان بكات، وه‌ك ڕاهێنانی جه‌سته‌ و ده‌نگ، هه‌روه‌ها ئیش له‌سه‌ر سایكۆلۆژیای ئه‌و كاره‌كته‌رانه‌ بكات، كه ‌ڕۆڵی تیادا ده‌گێڕێ، ئه‌مانه‌ی ئاماژه‌مان پێ دان، ئه‌گه‌ر كاری له‌سه‌ر نه‌كات نواندنێكی فلات ئه‌بێ و ناتوانێ كاره‌كته‌ره‌ جیاوازه‌كان به‌رجه‌سته‌ بكات.
(ئالآميديا) تا چه‌ند له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچوونه‌دای كه‌ ده‌ڵێن په‌یمانگای هونه‌رییه‌كان وه‌ك پێویست نه‌یتوانیوه‌ ئه‌كته‌ری نواندن بگه‌یه‌ننه‌ لوتكه‌، به‌ڵكوو هونه‌ری نواندن خۆڕسكه‌؟
سه‌ردار خه‌لیل: به ‌دوو به‌ش وه‌ڵام ده‌ده‌مه‌وه‌، یه‌كه‌م ڕاسته‌ په‌یمانگا هونه‌رییه‌كان هاوكارن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌كته‌ر به ‌شێوه‌ی ئه‌كادیمی و زانستی‌ نواندن بكات، كه‌م نین ئه‌وانه‌ی له ‌په‌یمانگاوه‌ ده‌رچوون و ئه‌كته‌ری ناودارن. دووه‌میشیان، هه‌ندێ له ‌ئه‌كته‌ره‌كان به‌ خۆڕسكی ئه‌كته‌ری باشن، ئه‌مانیش جێگایان له ‌فیلم و درامادا دیاره، من به ‌باشی ده‌زانم، ئەگه‌ر بكرێ ئه‌وانه‌ی به‌هره‌ی نواندنیان تێدایه‌، هه‌وڵ بده‌ن له‌ ڕێگه‌ی په‌یمانگاوه‌ ئه‌و به‌هره‌یه‌ به‌ شێوه‌ی ئه‌كادیمی و زانستی پیشانمان بده‌ن.
(ئالآميديا) ئه‌و ڕۆڵه‌ی وه‌ك لاوێكی سه‌ركێش له‌ كاره‌ دراماكانی كۆچكردوو هونه‌رمه‌ند حوسێن میسری ده‌تبینی، تا چه‌ند ئه‌و ڕۆڵبینینه‌ خواستی خۆت بوو؟
سه‌ردار خه‌لیل: هونه‌رمه‌ندی كۆچكردوو حوسێن میسری هه‌رگیز به‌ خواستی ئه‌كته‌ر ڕۆڵی دابه‌ش نه‌دەكرد، هه‌ر بۆیه‌ به‌ ئێستاشه‌وه‌ باس له‌ ڕۆڵی دراماكانی ده‌كرێت.
(ئالآميديا) له‌دوای زنجیره‌درامای ڕه‌شه‌ی پۆلیس و یه‌ك دوو كاری دیكەی نواندن، ون بوویت و ڕۆڵت نەما، هۆكار چی بوو؟
سه‌ردار خه‌لیل: زۆر ڕاسته‌، من له‌ ڕۆڵبینین له ‌دیدی بینه‌ردا ونم، به‌ڵام له ‌سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنم له ‌بواری هونه‌ری، خه‌ونی گه‌وره‌م هه‌بووه‌ بۆ كاره‌كه‌م، مرۆڤ ده‌بێت نوێكاری و ئه‌زموونی نوێی هه‌بێت، له‌دوای چه‌ند كارێكی نواندن و شانۆ هه‌میشه‌ ترسم له‌ دوو شت هه‌بووه‌، یه‌كه‌م، چیرۆكی سه‌رنجڕاكێش، دووه‌م ده‌رهێنه‌رێكی داهێنه‌ر. ‌چیرۆكی سه‌رنجڕاكێش ڕێگای به‌رده‌م ئه‌كته‌ر واڵا ده‌كات، تا توانای خۆی ده‌ربخات، ده‌رهێنه‌ر ئه‌توانێ به ‌باشی ئه‌كته‌ر ئاماده ‌بكات، ئه‌گه‌رچی ئێستا كاری ده‌رهێنان ئه‌كه‌م و له‌ نواندن دوورم، وه‌لێ هێشتا ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی وه‌ك ئه‌كته‌ر تیایاندا به‌شدار بووم، له‌ دیدی بینه‌ر نه‌سڕاونه‌ته‌وه‌، له‌ كۆشكی هه‌نار، لە گه‌رده‌لوول و چه‌ند كارێكی دیكە
و وه‌ك یاریده‌ده‌ری ده‌رهێنه‌ر كارم كردووه‌.
(ئالآميديا)جگه‌ له ‌ڕا و بۆچوونی بینه‌ر به‌رامبه‌ر ئه‌و درامایانه‌ی له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا له‌ كه‌ناڵی (كوردسات) په‌خش كران، هه‌ندێك له ‌هونه‌رمه‌ندانیش هه‌مان ڕا و بۆچوونی بینه‌ریان له‌سه‌ر كاری ده‌رهێنان و سیناریۆكان هه‌بوو، قسه‌ی تۆ له‌مباره‌یه‌وه چییه‌‌؟
سه‌ردار خه‌لیل: كاتێك به‌رهه‌مێك نماییش ده‌كرێ، بینه‌ر ئازادە وه‌ك ڕه‌خنه‌ چۆن قسه‌ له‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌ دراماكان ده‌كات، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ڕه‌خنه‌گری ئه‌كادیمی و زانستیمان نییه‌، ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ ده‌رده‌ڵی ئه‌و كه‌سه‌یه‌، ئا لێره‌شدا ده‌بێت پۆڵینی هه‌ڵڕشتنه‌كان بكه‌ین، وه‌ك ڕه‌خنه‌ و ‌به ‌دڵفراوانییه‌وه‌ بۆ كاری ئاینده‌مان سوودی لێ وه‌ربگرین.
(ئالآميديا) له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ته‌كنیكی ئێستا پێشكه‌وتووه،‌ كه‌چی هێشتا بینه‌ر تامه‌زرۆی دراماكانی ڕابردووه‌، بۆچی؟
سه‌ردار خه‌لیل: من له‌ دوو هۆكار ده‌یبینمه‌وه‌، یه‌كه‌م، چیرۆكی دراماكانی پێشوو نزیكتر بوون له‌ ئازاری كۆمه‌ڵگا. دووه‌م، میدیای ئه‌وكات وه‌ك ئێستا به‌ربڵاو نه‌بوو، بۆیه‌ بینه‌ر وابه‌سته‌ی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ بوون.
(ئالآميديا) وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا سه‌رقاڵی كاری ده‌رهێنانی و ئه‌زموونێكی باشت له‌وباره‌یه‌وه‌ هه‌یه‌، چ قسه‌یه‌كت هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئەو چیرۆك و سیناریۆیانه‌ی ئێستا ده‌كرێنه‌ دراما؟ هه‌ست ناكه‌یت كرچ و كاڵییان پێوه‌ دیار بێت‌؟
سه‌ردار خه‌لیل: به‌دڵنیایه‌وه‌ ئاستی چیرۆك و گێڕانه‌وه‌كان له‌ خواستی ئێمه‌ی ده‌رهێنه‌ر و ته‌نانه‌ت بینه‌رانیشدا نییه‌، من ده‌ڵێم ئاستی ڕۆشنبیریی بینه‌ر و ڕوانبینینی بۆ چیرۆكی دراماكان له‌ ئاستێكی باشدایه،‌ بۆیه‌ ده‌بێت چیرۆك بە به‌رپرسیارێتییە‌وه‌ بنووسرێته‌وه. 
(ئالآميديا)شارێك پڕه‌ له‌ هونه‌رمه‌ندی به‌ئه‌زموون له ‌هه‌موو بواره‌كان، كه‌چی تا ئێستاش دەرهێنەری دراماكان زۆربەیان خەڵكی ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوای كوردستانن، بۆچی ئەوان پێشكەوتووترن لەو بوارەدا؟
سه‌ردار خه‌لیل: ئه‌گه‌ر له ‌ئایندەدا‌ سینه‌مای كوردی دروست بێت، كه‌س ناڵێ سینه‌مای ڕۆژهه‌ڵات، یان ڕۆژئاوا، یان باشوور، به‌ڵكوو ئه‌ڵێن سینه‌مای كوردی. دوژمنانی كورد ئه‌و سنووره‌یان دروست كردووه‌، ئه‌ركی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه،‌ ئه‌و سنوورانه‌ كاڵ بكه‌ینه‌وه‌، نه‌ك تۆخیان بكه‌ینه‌وه،‌ ئێمه‌ كوردین، له‌ هه‌ر پارچه‌یه‌كی كوردستاندا بین، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ چی ده‌كه‌ین، نه‌ك چی ده‌ڵێین، ئاساییه‌ ئەگه‌ر كوردێكی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان له ‌باشوور كار بكات، به‌ مه‌رجێ شاره‌زاییه‌كی باشی له ‌ورده‌كارییه‌كانی كولتووری ناوچه‌كه‌ هه‌بێ.
(ئالآميديا) له‌و ڕۆڵانه‌ی به‌رجه‌سته‌ت كردوون، كامیان له ‌كه‌سایه‌تیی خۆت نزیك بووه‌؟
سه‌ردار خه‌لیل: هیچ یه‌كێ له‌و ڕۆڵانه‌ی به‌رجه‌سته‌م كردوون، نزیك نه‌بوون له ‌كه‌سایه‌تیی خۆم.
(ئالآميديا) ئێستا دەتوانین بڵێین سینەمای كوردی هەیە؟
سه‌ردار خه‌لیل: ئه‌م ڕه‌وشه‌ی ئێستای فیلمسازی كوردی، ته‌نیا فیلم دروست ده‌كه‌ین و نه‌بووین به‌ خاوه‌نی سینه‌مایه‌كی كوردی، به‌داخه‌وه‌ نه‌مانتوانیوه‌ كاری فیلمسازی بكه‌ینه‌ پیشەسازی.
(ئالآميديا) چی به‌سه‌ر ئه‌و خانمه‌ هونه‌رمه‌ندانەدا‌ هات، كه‌ ڕۆژانێك له‌ درامای ڕه‌شه‌ی پۆلیس و وه‌ستا جومعه‌ و خۆرنه‌وازان و خه‌می چۆله‌كه‌كان به‌شدار بوون، ئێستا له‌ دراما نوێیه‌كان نابینرێن؟
سه‌ردار خه‌لیل: ئه‌وه‌ی ئاگادار بم، هه‌ندێك له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ چوونەته‌ تاراوگه‌ و هه‌ندێكی دیكەیشیان ناوبه‌ناو له‌ دراماكان ده‌رده‌كه‌ونه‌وه‌، هه‌ندێكیان له‌ كۆشكی هه‌نار به‌شدار بوون.
 (ئالآميديا)گونجاوه‌ حزب، یان به‌رپرسی سیاسی، سپۆنسه‌ری دراما و فیلمی كوردی بكات، له ‌كاتێكدا وه‌زاره‌تێك هه‌یه‌ به‌ ناوی وەزارەتی ڕ‌ۆشنبیری؟
سه‌ردار خه‌لیل: هۆكاری ئه‌وه‌یه‌، وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری هیچ پلانێكی نییه‌ بۆ به‌رهه‌مهێنانی فیلم و دراما، هه‌ر بۆیه‌ هونه‌رمه‌نده‌كان په‌نا بۆ كه‌ناڵه‌ حزبییه‌كان ده‌به‌ن، ئه‌گه‌رچی ئه‌وه‌ی تا ئێستا له‌ناو دراماكان ده‌بینرێت، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هیچ كه‌سایه‌تی و حزبییه‌كی پێوه‌ دیار نییه‌.
(ئالآميديا) وه‌ك ده‌رهێنه‌ر و سیناریست، به‌رهه‌می نوێت ئه‌گه‌ر هه‌بێت؟
سه‌ردار خه‌لیل: ‌ئێستا دوو پڕۆژه‌م هه‌یه،‌ كه‌ چوونە واری جێبه‌جێكردن و له‌م ئاژانسە‌ سه‌ركه‌وتوو و پێشكه‌وتووهیئالآميديا،‌ بڵاوی ده‌كه‌مه‌وه.
 
















ئه‌م بابه‌ته 268 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:11:16:01/01/2025