كامه‌ران نووری: بینه‌ری كورد هه‌میشه ‌تامه‌زۆری دراما و فیلمی كوردییه


هونه‌رمه‌ند كامه‌ران نووری گوڵاڵه‌، ئه‌كته‌ر و نووسه‌ری چیرۆك و درامای كوردی، سه‌باره‌ت به‌و ڕۆڵانه‌ی وه‌ك ئه‌كته‌ر له‌ درامای ڕه‌شه‌ی پۆلیس و زنجیره‌ درامای گه‌رده‌لوول و چه‌ندینی دیكە به‌رجه‌سته‌ی كردووه‌، له‌م دیداره‌ی لەگەڵ (ئاڵامیدیا)دا ڕوونتر قسه‌یان له‌سه‌ر ده‌كات.

دیمانه‌:كه‌ویار

 (ئاڵامیدیا): كامه‌ران نووری كێیه‌ و مێژووی كاری هونه‌رییت بۆ كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌؟


كامه‌ران نووری: من كامه‌ران نووری ناسراوم، به‌ (كامه‌ران نووری گوڵاڵه)‌ له‌دایكبووی ساڵی 1966ی شاری سلێمانی، گه‌ڕه‌كی ئیبراهیم پاشام، ده‌رچووی په‌یمانگای تەكنیكی - به‌شی ئیداره‌، یه‌كه‌م هه‌نگاوم بۆ ناو دنیای هونه‌ر به ‌شانۆگه‌ریی دواشه‌وی لۆركا ده‌ست پێكرد.


 (ئاڵامیدیا)تا چه‌ند هونه‌رمه‌ند لە رێی هونه‌ری نواندنەوە ناوبانگ دەردەكات؟


وه‌ڵام: به‌ بڕوای من، هه‌ڵبژارده‌ی هونه‌ر، یان كاری نواندن بۆ ناوبانگ و خۆده‌رخستن نییه‌، ته‌نیا بۆ خزمه‌ت و حه‌زێكی هونه‌ری بوو، دواجار به‌ كار و توانا هونه‌رییه‌كان، به‌بێ خواستی خۆت ناوبانگ دروست ده‌كه‌یت.


(ئاڵامیدیا):‌ئێستا لێشاوێك له ‌هونه‌رمه‌ندی گه‌نج له‌ بواری نواندن ده‌ركه‌وتوون، خوێندنه‌وه‌ی تۆ بۆ ئه‌م گه‌نجانه‌ چییه‌ و تا چه‌ند له‌ ئه‌دای كاره‌كانیان ڕازیت؟


كامه‌ران نووری: ده‌ركه‌وتنی كۆمه‌ڵێك له ‌هونه‌رمه‌ندانی زۆر باش و گه‌نج، ئاینده‌یه‌كی زۆر گه‌شی پڕله‌ جوانیییان بۆ ده‌بینم، له‌ سه‌رجه‌م بواره‌كانی هونه‌ر، به‌تایبه‌تی كۆلێژی سینه‌ما، كه ‌به‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی زۆر باشی ده‌زانم، بۆ پێگه‌یاندنی ئه‌م گه‌نجانه‌، هه‌موو كات ده‌ڵێم، خۆزگه ‌له‌ كاتی ئێمه‌ ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ هه‌بوایه‌، هه‌ر بۆیه‌ به‌ هاتنه‌پێشه‌وه‌ی ئه‌م گه‌نجانه‌ زۆر دڵخۆشم.


 (ئاڵامیدیا): ‌ئێستا درامای باران، كه شه‌وانه ‌په‌خش ده‌كرێت، ئێوه‌ خاوه‌نی نووسینی دراماكه‌ن، ده‌پرسین تا چه‌ند له‌ناو سیناریۆیەكه‌داخه‌یاڵ و ڕاستی كاری خۆیان كردووه‌؟


كامه‌ران نووری: ئه‌توانم بڵێم سیناریۆی درامای باران هه‌ردوو به‌شه‌كه‌ی تیایه‌، هه‌م ڕاستی هه‌م خه‌یاڵ، به‌پێی بینینم بۆ ئه‌و ڕووداوانه‌ی ڕۆژانه‌ له‌ كۆمه‌ڵگای ئێمه‌ هه‌ستی پێده‌كرێت.


 (ئاڵامیدیا) وه‌ك نووسه‌ری درامای باران چ تێبینییه‌كت هه‌یه‌ له‌سه‌ر ده‌رهێنه‌ر؟ به ‌كۆی گشتی له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌؟


كامه‌ران نووری: ده‌بینم كه ‌كاك ئاكۆ عه‌زیز میرزا، كاری ده‌رهێنانی بۆ نووسینی ئه‌م درامایه‌ كرد، به‌ته‌واوی مافی داوه‌ به‌ سیناریۆكه‌ و ‌توانای سه‌رجه‌م ستافی درامای باران، گه‌یشته‌ ئه‌و ئاسته‌ به‌رزه‌ی كه ‌زۆربه‌ی بینه‌رانی ڕازی كرد، بۆیه‌ زۆر خۆشحاڵم.


 (ئاڵامیدیا): له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی نووسه‌ری دراماكه‌ی، چۆن بوو خۆتان ڕۆڵتان تێدا نه‌بینی؟


كامه‌ران نووری: بۆ نەدیتنی رۆڵ له‌ درامای باران، ئه‌وه ‌ڕای ده‌رهێنه‌ر ئاكۆ عه‌زیز بوو، كه‌ هیچ ڕۆڵێكی تیا نه‌بوو بۆ من، ئه‌و بڕیاره‌ی ده‌رهێنه‌ر ئه‌وه‌ی سه‌لماند، دابه‌شكردنی ڕۆڵ له‌ زنجیره‌ درامای باران به‌پێی شایسته‌بوونه‌، نه‌ك هاوڕێیه‌تی و شتی دیكە.


(ئاڵامیدیا):خوێندنه‌وه‌ت چییه‌ بۆ ئه‌و بینه‌ره‌ی تائێستا تامه‌زۆری درامای هه‌شتاكانه‌؟


كامه‌ران نووری: بینه‌ری كورد هه‌میشه ‌تامه‌زۆری دراما و فیلمی كوردییه‌، له ‌هه‌ر سه‌رده‌مێكدا به‌رهه‌مێكی درامی، یان فلیم كرابێت بینه‌ری باشی هه‌بووه‌، چ ساڵه‌كانی پێشوو بێت یان به‌رهه‌مه‌كانی ئێستا، ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ڕاستگۆیی هونه‌رمه‌نده‌كانمان له‌گه‌ڵ هونه‌ره‌كه‌یاندا.


 (ئاڵامیدیا): به‌ ڕای تۆ ئه‌گه‌ر هونه‌رمه‌ندان به‌رده‌وام بن له ‌به‌رهه‌مهێنانی دراما، پێت وا نییه‌ بینه‌ر ماڵئاوایی له دراما توركی و بیانییه‌كان ده‌كات؟


كامه‌ران نووری: له‌و باوه‌ڕه‌دام، ئه‌گه‌ر درامای ته‌لەڤزیۆنی به‌رده‌وام بێته‌ به‌ر دیدی بینه‌ران، بێ گومان هۆكارێك ده‌بێت بۆ كه‌مبوونه‌وه ‌و سه‌یركردنی ئه‌و درامایانه‌ی ئێستا په‌خش ده‌كرێن، به‌داخه‌وه ‌هه‌ندێ له‌ كه‌ناڵه‌كان بێ گوێدانه‌ هه‌ستی بینه‌ر، دابونه‌ریتی كۆمه‌ڵایه‌تی، ئه‌و دراما دۆبلاژكراوانه‌ ده‌خه‌نه‌ به‌ردیده‌مان.


 (ئاڵامیدیا):ئەوەی دەیڵێی كێشەكە لای ده‌رهێنه‌ره‌كانی كوردستانی باشوورە،‌ یان هۆكاری تر، بۆچی ئێستا هه‌ندێك له‌ دراماكان ده‌رهێنه‌ره‌كانی رۆژهەڵاتی كوردستان كاری تێدا ده‌كه‌ن؟


كامه‌ران نووری: له ‌كوردستان ده‌رهێنه‌ری زۆر باشمان هه‌یه‌ و به‌رهه‌میشمان هه‌یه‌، كه‌ ئه‌ڵێم كوردستان مه‌به‌ست له‌ هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستانه‌، ناكرێ جیای بكه‌ینه‌وه‌، ده‌رهێنه‌ر له‌ هه‌ر شوێنێكی جیهان بێت، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ كورده ‌و به‌رهه‌مه‌كه‌ی كوردییه‌.


(ئاڵامیدیا):ڕۆڵی ئێوه‌ له‌نێوان دوو كاره‌كته‌ردا، یه‌كه‌میان له ‌ڕه‌شه‌ی پۆلیس و دووه‌میان لە درامای گه‌رده‌لوول، كامیان بژاره ‌و ناخی هونه‌رمه‌ند كامه‌ران نوورییه‌؟


كامه‌ران نووری: شانازی به‌و دوو كاره‌ هونه‌رییه‌مه‌وه‌ ده‌كه‌م، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا مه‌رج نییه ‌ئه‌و ڕۆڵه‌ به‌رجه‌سته‌ی ناخی ئه‌كته‌ره‌كه‌ بێت، له‌وانه‌یه‌ به‌روارد به ‌ژیانی تایبه‌تیی خۆم، له‌ هیچیاندا خۆم نه‌بینمه‌وه‌.


(ئاڵامیدیا):وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌بینرێت حزب و كه‌سایه‌تییه‌ باڵاكان ده‌بنه‌ سپۆنسه‌ری دراماكان، ئه‌مه ‌تا چه‌ند گونجاوه‌؟


كامه‌ران نووری: زۆر له‌ كاره‌ هونه‌رییه‌كان، به‌شدار بووم و له‌نزیكه‌وه‌ ئاگاداری سه‌رچاوه ‌داراییه‌كانیان بووم، به‌ر هیچ كارێكی هونه‌ری نه‌كه‌وتووم، حزب یان كه‌سانی باڵای حزبی سپۆنسه‌ری بووبێت، ئه‌گه‌ر له‌ شوێنێك هه‌بێت شك نابه‌م، ئه‌گه‌ر بووبێت ئه‌وه‌ كارێكی نه‌شیاوه. 


(ئاڵامیدیا):بۆچی هونه‌رمه‌ندان له‌ یه‌ك ‌به‌ره‌ی هونه‌ریدا كۆ نه‌بوونه‌ته‌وه‌؟


كامه‌ران نووری: به ‌پێویستی نازانم هونه‌رمه‌ندان له ‌یه‌ك شوێن یان له‌ژێر یه‌ك چه‌تردا كۆ ببنه‌وه‌، چونكه‌ بیركردنه‌وه‌ هونه‌رییه‌كان جیاوازن، هه‌ر هونه‌رمه‌ندێك به‌ تێگه‌یشتن و تێڕوانینی خۆی بۆ بابه‌ته‌كه‌، هونه‌رمه‌ند ته‌نیا له‌و كاته‌دا پێویسته‌ كۆ ببنه‌وه كه ‌له‌ بەرهەمێكی هونه‌ریدا پێكه‌وه ‌كار بكه‌ن.


(ئاڵامیدیا):كاركردن له‌ به‌شی چواره‌می گه‌رده‌لوول بووەته‌ باسی سۆشیال میدیا، ده‌پرسین ڕۆڵی ئێوه‌ له‌م به‌شه‌دا به‌رده‌وام ده‌بێت وه‌ك بڵێین پێتان گوتراوه‌؟


كامه‌ران نووری: به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌، هه‌واڵی به‌شی چواری درامای گه‌رده‌لوول ڕاگه‌یاندرا، ماوه‌یه‌كی دیكە ئه‌چێته‌ بواری ئاماده‌كارییه‌وه‌، ‌ئێستا كاری كاستینگ نه‌كراوه و ‌هیچ هونه‌رمه‌ندێك‌ بۆ كاری نواندن ئاگادار نه‌كراوەتەوە.


 (ئاڵامیدیا) جگه‌ له ‌نووسینی درامای باران، چ نووسینێكی دیكە هه‌یه‌ له‌سه‌ر فیلم، یان شانۆ؟





ئه‌م بابه‌ته 108 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:10:44:01/01/2025