د. سامان بەرزنجی :دهنگۆیهك رهتدهكاتهوه
وەزیری تەندروستی رەتی كردەوە بڕیاردرابێت تاقیگەی نەخۆشخانە گشتییەكان بدرێتە كەرتی تایبەت، ئاماژەی بەوەش دا كە نرخی پلیت و پشكنینەكان لە نەخۆشخانە گشتییەكان وەك خۆیان دەمێننەوە.
د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی ئەمشەو دووشەممە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی: هیچ تاقیگەیەكی پشكنین لە نەخۆشخانە گشتییەكان نەدراوەتە كەرتی تایبەت و ئەو هەواڵانەشی لەمبارەیەوە بڵاو دەكرێنەوە دوورن لە راستییەوە.
گوتیشی: پشكنینی نەخۆش لە نەخۆشخانە گشتییەكان 100% لەلای حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت و بەهیچ شێوەیەك نادرێت بە كەرتی تایبەت.
سەبارەت بە نرخی پلیت و پشكنینەكان لە نەخۆشخانە گشتییەكان، د. سامان گوتی: نرخی پلیت و پشكنینەكان لە نەخۆشخانە گشتییەكان وەك خۆیان دەمێننەوە و زیاد ناكرێن كە ئێستا لەنێوان 500 بۆ 1000 دینار دەبێت.
وەزیری تەندروستی نەشی شاردەوە كە ئێستاش نرخی پشكنینەكان لە نەخۆشخانە گشتییەكان وەك یەك نین، هەندێك پشكنین هەیە نرخەكانیان كەمێك زیاترە، بەڵام ئەوانیش بەراود بە نەخۆشخانە تایبەتەكان، هێشتا نرخەكانیان كەمترە.
ئهم بابهته 220
جار خوێنراوهتهوه
AM:11:59:31/12/2024