هونه‌رمه‌ندی میللیی (ڕێبوار مه‌لازاده)
له‌به‌رئه‌وه‌ی هیچ مووچه‌یه‌كم نییه، ناچارم به هونه‌ره‌كه‌م بژیم.
له‌سه‌ر چه‌ند پرسێكی گرنگ سه‌باره‌ت به ژیانی تایبه‌تی و به‌ندبێژی، (ئاڵامیدیا) دیداری له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندی میللیی (ڕێبوار مه‌لازاده) ساز دا، ئێمه پرسیارمان لێی كرد و ئه‌ویش ئاوها وه‌ڵامی داینه‌وه:
(ئاڵامیدیا) ڕێبوار كێیه و چی له‌پشت ناسناوی مه‌لازاده هه‌یه؟
دیمانه:سه‌ردارغه‌ریب
ڕێبوار مه‌لازاده: من ڕێبوار ئیبراهیم ڕه‌سووڵ، ناسراوم به ڕێبواری مه‌لازاده، له بنه‌ڕه‌تدا ناسناوی مه‌لازاده ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ پێشینه‌ی بنه‌ماڵەكه‌مان، باپیره‌م مه‌لا ڕه‌سووڵ زه‌كی، مه‌لایه‌كی بەتوانا و زانای سه‌رده‌می خۆی بووه.
(ئاڵامیدیا): شاره‌زاییت هەیه له گوتنی بەند، ئە‌مه چۆنه؟ پێشتر نووسیوتن یان ئیلهامه؟
ڕێبوار مه‌لازاده: پێم وایه ئه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی منی بینبێ، یان گوێبیستیان بووبێ، ده‌زانێ من زیاتر خۆبێژی، واتە گوتنی به‌ند ئیلهامه بۆم دێت، زۆر كه‌م هه‌ڵكه‌وتووه به‌ند بنووسمه‌وه.
(ئاڵامیدیا) چی بەو هونه‌رمەندانه ده‌ڵێی كە شیعر و به‌ند له ڕێگای مۆبایلەوە ده‌چڕن؟
ڕێبوار مه‌لازاده: نامه‌وێت له شانی ئەو هونه‌رمه‌ندانه بكه‌مەوە كه له دانیشتنه‌كاندا شیعر و به‌ند له ڕێگای مۆبایلەوە ده‌چڕن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ندی به‌توانان، به‌ڵام هونه‌رمه‌ندی میللی ده‌بێت ئه‌و شته بچڕێ كه له هه‌ست و ناخی خۆی بێته ده‌ره‌وه، نه‌ك له‌نێو مۆبایل بۆی بنووسنه‌وه.
(ئاڵامیدیا): وه‌ك ده‌زانین زۆر له هونه‌رمه‌ندانی میللی له‌سه‌ر ده‌ستی ئێوه هاتنه ناو هونه‌ری به‌ندبێژی، ئه‌وان به هونه‌ره‌كه‌یان توانییان ئاستی داراییان زۆر باش بێت، ئێوه بۆ له‌و ئاسته‌دا نابینرێن؟
ڕێبوار مه‌لازاده: سوپاسگوزارم به‌و به‌شه‌ی خوای گه‌وره پێی به‌خشیوم و ڕازیم پێی، خوای گه‌وره خۆی ڕۆزیی به‌سه‌ر مرۆڤه‌كاندا دابه‌ش كردووه، بۆیه ناكرێت وه‌ك یه‌ك بن.
(ئاڵامیدیا) بۆچی له ده‌سپێكی كاری هونه‌ری ئاهه‌نگه دانیشتنه‌كانت هه‌ڵبژارد؟
ڕێبوار مه‌لازاده: بۆیه دانیشته‌كانم هه‌ڵبژارد، چونكه ئه‌گه‌ر له‌م ڕێگایه‌وه نه‌بوایه نه‌ده‌ناسرام، ئه‌و سه‌رده‌مه باو باوی دانیشتنه‌كان بوو به ئێستاشه‌وه، واتا واده‌ی تۆماركردنی كاسێت و سیدی له تۆمارگە به‌سه‌ر چوو.
(ئاڵامیدیا) هیچ یه‌كێك له منداڵه‌كانت ڕێچكه‌ی تۆیان گرتووه؟
ڕێبوار مه‌لازاده: سێ كوڕ و دوو كچم هەیە، ده‌نگیان زۆر له دەنگی من خۆشتره، هیچ كات پێم باش نییه وه‌ك من بیر له هونه‌ری به‌ندبێژی بكه‌نه‌وه، تازه من تێكه‌وتووم، به‌ڵام ئه‌گه‌ر لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار له گرووپێكی هونه‌ری كۆیان بكاته‌وه، حه‌زه‌كه‌م بێنه ناو بواره هونه‌رییه‌كه، به‌ڵام نه‌ك هونه‌ره‌كه‌یان به‌رامبه‌ر پاره بێ.
(ئاڵامیدیا) گرێبه‌ستی تۆ بۆ دانیشتنێك چه‌نده؟
ڕێبوار مه‌لازاده: گرێبه‌ستی دانیشته‌كان جیاوازه، ئه‌و كەسه‌ی داوا ده‌كات دانیشتنێكی بۆ بده‌م، ئه‌گه‌ر بارودۆخی دارایی باش بێت، گرێبه‌سته‌كه گران ده‌بێت، ئه‌گه‌ر گه‌نجێك باری دارایی وه‌ك پێویست نییه و هه‌واداره، ئه‌وا چۆن بۆی ده‌گونجێ له خزمه‌تیدا ده‌بم، به ڕای من پاره هه‌موو شتێك نییه.
(ئاڵامیدیا) له‌گه‌ڵ كام هونه‌رمه‌ندی میللی له دانیشتنه‌كان ئاسووده‌ی و به پێچه‌وانه به كامیان ئاسووده نیت؟
ڕێبوار مه‌لازاده: له‌گه‌ڵ ته‌واوی هونه‌رمه‌ندان ئاسووده‌م، به‌تایبه‌ت ئه‌و هونه‌رمەنده هه‌ڵده‌بژێرم، كە ناو و ناوبانگی باشی هه‌بێت و دوور بێت له گوتنی به‌ندی نه‌شیاو.
(ئاڵامیدیا): هونه‌ره‌كه‌ت بووەته سه‌رچاوه‌ی بژێوی؟
ڕێبوار مه‌لازاده: سه‌ره‌تا من له‌گه‌ڵ باوكم ئیشوكاری ئاو و كاره‌بام ده‌كرد، هه‌ر بۆیه هونه‌رم نه‌كردبووە سه‌رچاوه بۆ بژێوی، به‌ڵام ئێستا له‌به‌رئه‌وه‌ی هیچ مووچه‌یه‌كم نییه، ناچارم به هونه‌ره‌كه‌م بژیم.
(ئاڵامیدیا) ایا سه‌ندیكای هونه‌رمه‌ندان، یان كۆمه‌ڵه‌ی هونه‌ریی تیپیه میللییه‌كان له‌پشت كاره هونه‌رییه‌كانتن؟
ڕێبوار مه‌لازاده: ئه‌مه نه‌بێته پێناسه بۆ جه‌نابت، ئه‌وه‌ی له ڕابردوو بۆ هونه‌رمه‌ندان ئه‌نجامت دا به‌بێ جیاوازی، نه سه‌ندیكای هونه‌رمه‌ندان و نه كۆمه‌ڵه‌ی هونه‌ریی تیپه میللییه‌كان نه‌یانتوانی ئه‌و خزمه‌ته بكه‌ن، ئه‌وه نزیكه‌ی پازده ساڵ زیاتر ده‌بێت، بیست و پێنچ هونه‌رمه‌ند له ڕێگای تۆوه له‌سه‌ر وه‌رزاره‌تی ڕۆشنبیری دامه‌زراون، واتا ماڵی پازده خانه‌وادەت ئاوه‌دان كرده‌وه.
(ئاڵامیدیا) تۆ هونه‌رمه‌ندێكی میللیی جیاواز له هاوپیشه‌كانتی، زیاتر پابه‌ندیی ئایینییت هەیە، ئەمە هیچ ئاسه‌تەنگێكی بۆ هونه‌ری گۆرانی گوتن دروست نه‌كردووه؟ یان به‌نیاز نیت له هونه‌ر دوور بكه‌ویته‌وه؟
ڕێبوار مه‌لازاده: زۆر ڕاسته، یه‌كێكم له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی په‌یوه‌ستم به ڕێساكانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام، هه‌ر بۆیه هه‌ندێ شت هه‌یه بۆ من ناگونجێ، ئه‌گه‌رچی زۆر هه‌وڵم داوه كارێك نه‌كه‌م كه‌سایه‌تیی خۆم و خانه‌واده‌كه‌می پێ له‌كه‌دار بكه‌م، كورد گوته‌نی ده‌ڵێ ڕیش بوو به ڕیشه‌وه، ده‌بێت شانه‌ی بۆ هه‌ڵگری. تازه منیش له بواره‌كه ده‌ركه‌وتووم، هه‌موو كارێك له دونیا سه‌ره‌تایه‌كی هه‌یه، بێ گومان كۆتاییشی هه‌یه، ئه‌گه‌ر له بواره‌كه ماندووش نه‌بووبم، ئه‌وا له‌وه ده‌چێت مەرگ ڕێگا نه‌دات به‌رده‌وام بم، به‌ڵام ئه‌گه‌ر جێگره‌وه‌یه‌ك هه‌بێت ژیانی خۆم و منداڵه‌كانم مسۆگه‌ر بكات، ئەوا له هونه‌ره‌كەم ده‌كشێمه‌وه.
(ئاڵامیدیا): تا چه‌ند گونجاوه هونه‌رمه‌ند به‌ند بەسه‌ر سه‌ركرده سیاسییه‌كاندا هه‌ڵبدا‌ت؟
ڕێبوار مه‌لازاده: من وه‌ك خۆم گۆرانیم بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان گوتووه، به‌تایبه‌تی بۆ ڕه‌حمه‌تیی (مه‌لا مسته‌فا بارزانی)، چونكه بارزانی سیمبولی نه‌ته‌وه‌ییه، هه‌روه‌ها له كۆچی دوایی مام جه‌لال لاوانەوەم بۆ ئه‌ویش گوتووه.
(ئاڵامیدیا): ئێستا پڕۆژه و به‌رهه‌می هونه‌رییت هەیە؟
ڕێبوار مه‌لازاده: بەڵێ پڕۆژه‌ی هونه‌رییم هه‌یه، هه‌ر ئه‌وه‌ی ماوه كلیپی بۆ بكه‌م.
(ئاڵامیدیا) چ په‌یامێكت هه‌یه بۆ ((ئاڵامیدیا))؟
ڕێبوار مه‌لازاده: سوپاس بۆ تۆ و (ئاڵامیدیا) به‌تایبه‌ت گۆشه‌ی هونه‌ری كه به‌رده‌وام خزمه‌ت به هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندان دەكه‌ن به‌تایبه‌تی هونه‌رمه‌ندانی میللی.
ئه‌م بابه‌ته 304
جار خوێنراوه‌ته‌وه
AM:01:33:30/12/2024