بارزانی:شەڕ لە هەموو شتێك خراپترە، بەڵام لەو خراپتر ئەوەیە كە مرۆڤ تەسلیم بێت
مهسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموكراتی كوردستان :شەڕ لە هەموو شتێك خراپترە، بەڵام لەو خراپتر ئەوەیە كە مرۆڤ تەسلیم بێت
(ئاڵامیدیا)
مهسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا پێشکەوتنی گەورە لە ھەرێمی کوردستان بەدیھاتوون، لەم ساڵانەی دواییدا زنجیرەیەک قەیرانی کێشەی یەک لەدوای یەک و درووستکراو، کاروانی پێشکەوتنی ھەرێمی کوردستانیان خاو کردەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٨ـی ئایاری ٢٠٢٥، بارزانی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (شەمس) ڕایگەیاند، مێژووی خەباتی ماڵباتەکەیان لە شێخ عەبدولسەلامەوە دەست پێدەکات کاتێک لە پێناو بەدیھێنانی مافی نەتەوەکەی و چەسپاندنی حەق و عەدالەت ساڵی ١٩١٤ لە لایەن عوسمانییەکانەوە لە مووسڵ لە سێدارە درا.
بارزانی ئاماژە بەوە دەکات، مەلا مستەفا بارزانی وەکوو سەرکردە، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر بونیاتی کەسایەتییەکەیدا ھەبووە، دەشڵێت، کاتێک باوکی چووە یەکێتیی سۆڤیەت، تەنیا تەمەنی شەش مانگ بوو، کە گەڕایەوەش بوو بووە ١٢ ساڵ، بەڵام ھەرزوو زانی لە پێناو دۆزی گەلەکەی پەنای بۆ ئەو وڵاتە بردووە. پێشكەشكار: سەرەرای ئەوەی كورد تووشی ئالنگاریی و سەختی زۆر بووەتەوە، بەڵام ئێستە ئابووریەكی سەركەوتووی هەیە، ئایە چ شتێك هەیە كە خەڵكی غەزە دەتوانن سوودی لێ وەرگرن لە ئەزموونی كوردستان و لە كوردستانەوە فێر بن و ئەو سەركەوتنەی كوردستان ببینن كە پێی گەیشتوون؟
بارزانی: خەڵكی كوردستان خاوەنی فەرهەنگێكی زۆر دەوڵەمەندە لە پێكەوەژیان و یەكتر قبووڵكردن بە درێژایی مێژوو لە ناو كوردستان كێشەیەكمان نەبووە بە هۆكاری ئاینی یان مەزهەبی لەگەڵ هیچ میلەت و ئاینێكی تر،ئەمە زۆر یارمەتیدەر بووە بۆ ئێمە، كە كێشەی گەورە تێپەڕێنین.
بۆ نموونە، ساڵی حەفتاكان و هەشتاكان، چی نەما رژێمی سەدام بە كوردستانی نەكا، لە ئەنفال 180 هەزار خەڵكی ئێمە بێ سەروشوێن بوون، لە كیمیاباران كە لە چەند چركەیەك پێنج هەزار ژن و منداڵ شەهید بوون لە هەڵەبجە، نەك هەر لە هەڵەبجە، رژێم سەرتاسەری كوردستانی بۆمباران كرد بە كیمیایی بەڵام هەڵەبجە خەسارەتێكی گەورە بوو و لە یەك شوێن بوو. ئینجا پێشی ئەوان فەیلییەكان چونكە كوردن، 12 هەزار گەنجی فەیلی بێ سەروشوێنن، لە عەشیرەتی بارزان هەشت هەزار كەس بێ سەروشوێن كران لە كۆی گشتیدا لە كوردستان 180 هەزار كەس بێسەروشوێن كران كە زۆرینەیان ژن و منداڵ بوون.
بەڵام لە راپەڕینی 1991، دوای ئەوەی رژێمی عێراق لە شەڕی كوەیت شكا، خەڵكی كوردستان تۆڵەی نەكردەوە.
بە پێچەوانەوە، هەموو ئەو سەربازانەی كە ئەم تاوانانەیان ئەنجامدا، ئیزن دران.
ئەمانە شتێكی زۆر گەورە بوون، من خۆم تەوەقوعم نەدەكرد خەڵكی ئێمە بەم شێوەیە لێبووردەبێت و پابەند بێت بەو فەرهەنگەی كە هەیەتی.
هەندێك جار شەڕ دێت بەرۆكت دەگرێت، تۆ ناچاری بەرگری بكەی، چونكە شەڕ لە هەموو شتێك خراپترە، بەڵام لەو خراپتر ئەوەیە كە مرۆڤ تەسلیم بێت و تەسلیمی زۆردار ببیت.
بەڵام تۆ بچیت شەڕێك دروست بكەیت، ئەمە هەڵەیەكی گەورەیە.
ئێمە هەرگیز نەچووین شەڕ دروست بكەین، هەمیشە دیفاعمان كردووە و تۆڵەشمان نەكردووەتەوە وبەرەو ئینقتام نەچووین..
ئهم بابهته 84
جار خوێنراوهتهوه
AM:01:03:09/05/2025