بریكاری پێشووی وەزیری دارایی عێراق: بابەتی مووچە بە سیاسی كراوە
بریكاری پێشووی وەزیری دارایی عێراق ڕایدەگەیەنێت، تەیف سامی ئامادەنەبووە واژۆ لەسەر مووچەی مانگی چوار بكات و دەشڵێت: حكومەتی عێراق سیستمی پەیڕۆڵی نییە.
ڕێباز حەملان، بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق ڕایدەگەیەنێت، هەفتەی داهاتوو كێشەی مووچەی مانگی چوار چارەسەر دەبێت و دەشڵێت: "حكومەتی عێراق سیستمی پەیڕۆڵی نییە لە كاتێكدا هەرێم بەو سیستمە كار دەكات”.
ڕاشیگەیاند، ڕۆژی یەك شەممەی ڕابردوو مووچەی مانگی چوار خراوەتە بەردەم تەیف سامی و واژووی لەسەر نەكردووە و هیچ گرفتێكیش لە لیستی مووچە نییە.
وتیشی، "كێشەی نەبوونی پارەی كاش نییە و لقی هەولێری بانكی ناوەندیی پارەی بەشی دوو مووچە تێدایە و بابەتی مووچە بە سیاسی كراوە”.
ئاماژەی بەوەشكرد، عێراق خۆی 8 تریلیۆن دینار بۆ مووچە دابەش دەكات، بەڵام 950 ملیار دیناری مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی پێ زۆرە، دڵنیایی دەدەمە هاووڵاتیان كە هیچ هۆكارێك لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان بەناوی تەكنیكی هەر شتێكی دیكەوە نییە بۆ نەناردنی مووچە، بەڵكو نەناردنی پارە لەلایەن بەغداوە بڕیارێكی سیاسییە.
جەختیشی كردەوە، مەسرور بارزانی لەگەڵ وەزیری دەرەوە و نوێنەرانی كورد لە بەغدا قسەی كردووە و پێی وتوون، كە دەبێت پێمان بڵێن هۆكار چییە، بە هەوڵی سەرۆك وەزیران بڕیار وایە هەفتەی داهاتوو گرفتەكە چارەسەر ببێت
ئهم بابهته 88
جار خوێنراوهتهوه
PM:11:58:07/05/2025