پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و ئەمریكا بەرەو ئاستێكی تر
زاگرۆس فەتاح
سەردانی سەرۆک وەزیرانی کوردستان بۆ ئەمریکا لەم هەفتەیەدا و پێشوازیی گەرمی بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە و واژۆکردنی گرێبەستی گرنگ لە بواری وزە لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکاندا بە گرنگییەوە لە میدیا ئەمریكی و جیهانییەکاندا باسکرا ، ئەم سەردان و گەشتە دیپلۆماسییەی سەرۆک وەزیرانی کوردستان و واژووكردنی ئەو ڕێكەوتنە و هێنانە سەر هێڵی بەرپرسانی باڵای ئەمریكا بۆ پشتگیریكردن لە هەرێمی كوردستان، پێگەی هەرێمی كوردستانی لە عێراق و ناوچەكەدا بەهێز و پشتقایم و كاریگەرتر كرد و ئاسۆی گەشانەوە و بازدانێكی گرنگی دۆخی ئابووری هەرێمی بەدەرخست
ئەمریکا ڕاستە بەردەوام باس لە ئاسایش و ئارامی عێراق و یەكگرتویی ئەم وڵاتە دەكات، بەڵام بەردەوامیش دووپاتی ئەوە دەكاتەوە كە لە پاڵ عێراقێكی سەقامگیر و یەكگرتوودا، پێویستە هەرێمێكی بەهێز و سەقامگیر و فیدراڵیش هەبێت، واتە مەرجی ئەمریكا بۆ عێراقی سەقامگیر و یەكگرتوو هەرێمی كوردستانی بەهێز و سەقامگیریشە .
لە لێدوان و پەیامەكانی دوای ڕێكەوتنی وزەی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆمپانیا ئەمریكییەكاندا جارێكی دیكە بەرپرسانی ئەمریكا پێداگیریی خۆیان دووپات كردەوە كە مەبەستیانە پشتگیریی لە هەرێمی کوردستان و سەقامگیری و بەهێزیی و پتەوی ئابوورییەکەی بكەن ،بێگومان ئەمەش بێ هۆ نیە ، بەڵكو پەیوەندی بە سیاسەتی دروستی حوکمڕانی هەرێمی کوردستانەوە هەیە.
ئەوانەی كەمێك شارەزای ئابووری بن دەزانن كە گرێبەستێکی ئاوا گرنگی ئابووری لە بواری وزە لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان دا هەنگاوێكی گرنگی بەرهەمهێنانی وزە و گەشە پێدان و باشترکردنی دۆخی کارەبایە لە هەرێمی کوردستان و عێراق لەلایەک، لە لایەکی دیکەشەوە ئەم گرێبەستە کاریگەریی ئابووری و سیاسیی ڕاستەوخۆیشی هەیە و دەتوانێت سەرچاوەی داھاتی نوێ بۆ هەرێم و عێراق بکاتەوە و یارمەتی سەقامگیریی ناوچەکە بدات .
ئەدای سیاسی و دبلۆماسیانەی سەرۆکوەزیران لەگەڵ وڵاتانی جیهان بە گشتی و ئەمریكا بەتایبەتی بەو ئاستە بەرزە، هاوپەیمانێتی نێوان کوردستان و ئەمەریکای بردە قۆناغێکی نوێوە، کە بۆ هەردوو لایەن لە ڕووی سیاسی و ئابورییەوە گرنگەو ڕەهەندی ستراتیژی خۆی هەیە .
هەوڵدانی بێوچان و هەنگاونان بۆ بەهێزکردنی پێگەی کورد و هەرێمی کوردستان لە ناوچەكە و جیهاندا ئامانج و دیدگا و ستراتیژی لەمێژینەی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆك ( مەسعود بارزانی)ـە، ئەم بەرنامە و ئەجێندایەی پارتی دوژمنانی کورد و دوژمنانی پارتیشی هەراسان و سەغڵەت و ئۆقرەبڕ کردووە! ئەمە ئەجێندایەکی نەتەوەییە، بۆیە پارتی لەسەختتریین قۆناغ و بارودۆخەكانیشدا دەستبەرداری نەبووە، ئەوەتا دەبینین لە دوای ڕاپەڕینە مەزنەكەی ئاداری ١٩٩١ بەدواوە بە شێوازی جۆراوجۆر و ئاستی جیاجیا دەرئەنجامی هەبووە و بەردەوامیش ئەو دەرئەنجامە زیاتر و پڕبەرهەمتر دەبێت
PM:09:47:25/05/2025
ئهم بابهته 256
جار خوێنراوهتهوه