مه‌نجه‌ڵی چواری كیلۆ ماست ده‌مانفرۆشت به 80 فلس
حاجی وه‌هاب ماستفرۆش، یەكێكە لە كۆنترین ماستفرۆشهكانی شاری سلێمانی. ئەو بۆ (ئاڵامیدیا) باسی لەوە كرد، كە له چله‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا لە دوكانی ماستفرۆشییهكهی باپیری شاگرد بووە.
دیمانه:كه‌ویار
(ئاڵامیدیا): دەكرێ بزانین سەرەتای ئەم پیشەیە لەنێو ماڵباتی ئێوە بۆ كەی دەگەڕێتەوە؟
حاجی وه‌هاب ماستفرۆش: له ساڵی ١٩٣٦وه باپیرم به‌ناوی حه‌مه‌ی حاجی ئه‌حمه‌د ناسراو، به (حه‌مه‌ی ئه‌حه‌ڕه‌شی ماستفرۆش) ئه‌م دوكانه‌ی ئێستا منی تێدام، ئەو لە ساڵی ١٩٣٦ ئاوه‌دانی كردووەته‌وه، به‌هۆی پیشه‌ی ماستفرۆشیی بنه‌ماڵه‌كه‌مان، به‌شێكی ژێرپرده‌كه‌ی سلێمانی پێی ده‌گوترێ مه‌یدانی ماسته‌كه
(ئاڵامیدیا): ئاخۆ فرۆش و كڕیاری ماست چۆن بوو به چی و به چه‌ند ده‌فرۆشرا و چۆن ده‌گه‌یشته ده‌ستتان؟
حاجی وه‌هاب ماستفرۆش: ئه‌و سه‌رده‌مه له گونده‌كانی ده‌ره‌وه‌ی شاری سلێمانی ماست به باری گوێدرێژ ده‌هێنرا، مهنجهڵەكانی ماست مس و فافۆن بوون، مه‌نجه‌ڵی چواری كیلۆ ماست ده‌مانفرۆشت به 80 فلسی ئه‌و سه‌رده‌مه، مه‌لا بانگی به‌یانی ده‌فه‌رموو، گوندنیشنان ده‌هاتنه لامان و بەروبوومە شیرەمەنییەکانیان ده‌هێنا، وه‌ك په‌نیر، دۆ، ماست، كه‌شك، ڕۆنی كوردی و تۆراخ، ئێره بووبوو بە گۆڕه‌پانێك بۆ كۆكردنه‌وه‌ی گوندنشینان، بۆیه ناوی مه‌یدانی ماستهكهی به‌به‌ردا بڕا.
(ئاڵامیدیا): كێ بوون ئەوانەی ئەوكات ماستیان دەفرۆشت؟
حاجی وه‌هاب ماستفرۆش: ئه‌و سه‌رده‌مه چه‌ند كه‌سێكی ناسراو چایخانه‌یان هه‌بوو، وه‌ك حه‌مه‌ڕه‌ق، مینه‌شه‌ل له كانێسكان ئه‌و زیاتر به ماستاو ده‌یفرۆشت، مام سادق ناوێك هەبوو له‌گه‌ڵ عه‌لییه فه‌نی، هه‌ردووكیان له سابوونكه‌ران به مه‌نجه‌ڵ ماستیان ده‌فرۆشت.
(ئاڵامیدیا): ئێستا ئەو پیشەیە ماوە؟
حاجی وه‌هاب ماستفرۆش: ئه‌گه‌رچی كاری ئاژەڵداری تاكۆتایی نەوەدەكانی سەدەی رابردوو باش بوو و بەرهەمهێنانی ماست یەکێک بوو لە کارە سەرەکییەکانی گوندنشینان، بەڵام به‌داخه‌وه بەهۆی گۆڕانكاری لە شێوەی ژیان و كۆچكردنی گوندنشینان بۆ ناو شار و بوونیان بە فەرمانبەری حکوومەت، ئەو پیشەیە بەرەو نەمان چوو، ئێستا نەك بۆ شارەكان، بەڵكوو شاری سلێمانی خۆیشی ماستی خۆماڵی کەم تێدا ماوە و زۆربەی ماستەکان ئێستا دوو جۆرن، ماستی خۆماڵی له‌گه‌ڵ ماستی كارگه ناوخۆییه‌كان، كه ئه‌وانه شیری تۆزی وڵاتانی دەرەوەی لەگەڵدا تێكەڵ دەكرێ.
عه‌بدولخالق قادر، هاووڵاتییەكی شاری سلێمانییە، له كاتی چاوپێكه‌وتنمان له‌گه‌ڵ حاجی وه‌هاب ماستفرۆش، ئه‌ویش هاتبوو ماستی ده‌كڕی، بۆ (ئاڵامیدیا) هاته ئاخاوتن و گوتی: ”لە ساڵی هه‌شتاكانی سەدەی رابردوودا چایخانه‌م هه‌بوو له گه‌ره‌كی سه‌رشه‌قام، هه‌موو به‌یانییه‌ك ده‌هاتم لەلای حاجی وه‌هاب ماست و په‌نیری كوردیم دەكڕی و ده‌مبرد بۆ چایخانه‌كه‌م، كه باشترین جۆری ماستیان هەبوو به ئێستاشه‌وه."
ئه‌م بابه‌ته 252
جار خوێنراوهتهوه
PM:08:46:20/12/2024