چایخانەی شەعب، ماڵێك بۆکۆبوونەوەوحەوانەوەی خوێندەواران وھونەرمەندان و نووسەران.


چایخانەی شەعب، ھەر لەسەرەتاوە ماڵێك بووه‌ بۆ کۆبوونەوە و حەوانەوەی خوێندەواران و ھونەرمەندان و نووسەران. سەرەتای دروستبوونی چایخانەی شەعب ئەگەڕێتەوە بۆ پەنجاكانی سه‌ده‌ی ڕابوردوو، وەستا شەریفی چایچی سەرپەرشتیی کردووە. وه‌ستاعومەر له‌گه‌ڵ چه‌ند برایه‌كی دیكه‌یدا، له‌دوای كۆچی دوایی (وەستاشەریف)ی باوكیان، چایخانەكه‌یان به‌ڕێوه ‌بردووه.

دیمانه‌ ئاڵامیدیا)

 بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ مێژووی دروستبوونی چایخانەی شەعب، (ئاڵامیدیا) دیدارێكی لەگەڵ (عومەر شەریف) كوڕی خوالێخۆشبوو شه‌ریفی چایچی ساز كرد.

(ئاڵامیدیا): مێژووی چایخانەی شەعب بۆ كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌؟

وه‌ستا عومەر چایچی: لەسەرەتای ساڵی (1950)، وەستا شەریفی باوکم چایچی دەسگێڕ بووە، پاشان بیری لە دانانی چایخانەیەک کردووەتەوە و ناوی ناوە چایخانەی (شەعب).

(ئاڵامیدیا (: بۆ چایخانەکەی ناوناوە شەعب؟

وەستا عومەر چایچی: لە ساڵانی پێشوودا بیناکە ئوتێلێک بووە ناوی (شەعب) بووە، ھەربۆیە ئەم ناوەش لە چایخانەکە نراوە، لەسەرەتادا چایخانەی شەعب بەم شێوەیەی ئێستا نەبووە و وەھا گەورە نەبووە، شوێنی کتێبخانەکەی ئێستا چایخانە بووە و حەوشەکەیشی شوێنی خواردەمەنی بووە، کە خاوەنەکی ناوی وەستا نەزەر بووە، دواتر لە ساڵانی شەستەکاندا و دوای کۆچی دوایی وەستا نەزەر، حەوشەکە دەبێتە شوێنی ئەرزوحاڵچییەکان، لەسەرەتای حەفتاكاننیش چایخانەکە گەورە کراوە و لەو کاتەوە تائێستا چه‌ندجار نۆژەن کراوەتەوە، جاری یەکەم لەسەر ئەرکی خۆمان بووە، ‌له‌ ساڵی 2006 له‌سه‌ر ئه‌ركی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نۆژه‌ن كراوەته‌وه‌ .

 (ئاڵامیدیا): سەرەتادا کێ بوون ئه‌وانه‌ی سەردانی چایخانەکەیان کردووە؟

وەستا عومەر چایچی: کۆمەڵێک کەسی ناودار سەردانی چایخانەیەکەیان کردووە، لە شاعیر و ھونەرمەندان و نووسەرانی وەک شێرکۆ بێکەس، ئەحمەد ھەردی، حەمەساڵح دیلان، عەبدوڵا جەوھەر، مامۆستا ئەخۆڵ و گەلێکی تر سەردانی چایخانەکەیان کردووە، لەسەردەمی ڕژێمی بەعسدا چەندجارێک چایخانەی شەعب کەوتووەتە بەر ھێرشی ملازم موحسین و سووكایەتیی بە نووسەران و ئەو گەنجانە کردووە، کە لە چایخانەکەدا دانیشتوون و کۆبوونەتەوە، یەکێک لە شتە سەرنجڕاکێشەکانی دیكه‌ی ئەم چایخانەیە، (دەفتەری بیروەرییەکان)ە، کە بیرەوەریی ئەو نووسەر و ھونەرمەندانە دەگێڕێتەوە، کە سەردانی چایخانەکەیان کردووە، وه‌ك مامۆستا شێرکۆ بێکەس بەم شێوەیە باس لە چایخانەی شەعب دەکات و ده‌ڵێ (من ئەم چایخانەیە وەک چیرۆکێک دەبینم، کە بەردەوام ژیانی ئەم شارەمان بۆ ئەگیڕێتەوە).

(ئاڵامیدیا): كاتێ دێیته ‌ناو چایخانەکەوە چاوت بە کۆمەڵێك لە وێنەی ھەڵواسراوی شاعیر و ھونەرمەند و رۆژنامەنووس و سەرکردە و پێشمەرگە نەمرەکان دەگەوێ، ده‌پرسین ئه‌مه‌ بیرۆكه‌ی خۆتان بووه‌، یان كه‌سوكاریان پێیان خۆشه‌ وێنه‌كان لێره‌ دابنرێ؟

وه‌ستا عومەری چایچی: ھەڵواسینی ئەم وێنانە بیرۆكه‌ی خۆمان بووه،‌ لای ئێمە وەک وەفا و خۆشەویستییەکە بۆ ئەوانەی له‌پێناو كورد و كوردستان گیانیان به‌خشیوه‌، له‌ پێشمه‌رگه‌یه‌كه‌وه‌ تا سه‌ركرده‌یه‌ك، یان نووسه‌رێك، یان زیندانیێكی سیاسی سه‌ر به ‌ههر ‌لایه‌نێك بووبێت، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ له‌پێناو كوردایه‌تی گیانی به‌خت كردووه.
بريار غفور:

 (ئاڵامیدیا): ئه‌ی ئێستا كێن ئه‌وانه‌ی به‌رده‌وام دێنه‌ ئه‌م چایخانه‌یه‌؟

وه‌ستا عومەر چایچی: زۆر لە گەنجان و ڕۆشنبیران ڕوو له‌م چایخانەیە دەکەن و تێیدا بە یەکتر شاد دەبنەوە و گفتوگۆ لەبارەی ئەدەبیات و ھونەر و ڕۆژنامەوانی دەکەن، یەکێکیان بۆ بەسەربردنی کاتە و ئەوی دیكه‌یان بۆ ئاگاداربوونەوە لە دنیای ڕۆژانەی کوردستان، بۆ شیکارکردنی ئەو دۆخەی پێیدا تێپەڕ دەبین، یان قسەوباسە لەسەر دنیای ئەدەب و فیکر، چایخانەی شەعب وەک فۆڕم ھیچ جیاوازییەکی لەگەڵ چایخانەکانی دیكه‌دا نییە، بەڵام ئەوەی کە جیاوازی پێ دەبەخشێ، جۆری ئەو کەسانەن کە ڕووی تێ دەکەن، وەک ڕۆژنامەنووسان و ھونەرمەندان و شاعیران، ئەوەی جێی سەرنجە لەم چایخانەیەدا ئەوەیە، کە ھەندێ جار ژنانیش ڕوو لە چایخانەکە دەکەن، بەڵام بە شێوەیەکی کەم، تەنیا ئەوانە نەبێ کە لە ئەوروپاوە دەگەڕێنەوە، یان ژنانی بیانی کە سەردانی سلێمانی دەکەن، سەرێكیش لە چایخانەی شەعب دەدەن.





























ئه‌م بابه‌ته 288 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:06:03:19/12/2024