مەسروور بارزانی:هیوادارین ئەم نەهامەتیانە چیتر بەسەر گەلی کورددا نەهێنن


 ئاڵامیدیا...هەولێر
بە ئامادەبوونی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێوڕەسمی ساڵیادی 'شەهیدانی یەکی شوبات' لە هەولێربەڕێوەچوو.لە ڕێوڕەسمەکەدا،سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تاجەگوڵینەی رێزووەفای لەسەر مۆنۆمێنتی شەهیدانی یەکی شوبات دانا.

دوای تەواوبوونی ڕێوڕەسمەکە، سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا وەڵامی ژمارەیەک پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە و باسی لە پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان، هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق، دۆخی رۆژئاوای کوردستان و چەند پرسێکی دیکەی کرد. 

دەقی وەڵامەکانی سەرۆکوەزیران و پرسیاری رۆژنامەنووسان:

رۆژنامەنووسان لە 22ـەمین ساڵیادی شەهیدانی یەکی شوبات چ پەیامێکتان هەیە؟

 سەرۆک وەزیران مەسروور بارزانی: هیوادارین ئەم نەهامەتیانە چیتر بەسەر گەلی کورددا نەهێنن، بەداخەوە ئەمە ساڵڕۆژی شەهیدبوونی کۆمەڵێک سەرکردە و خەڵکی کوردستانە کە بەداخەوە لە کردەوەیەکی تیرۆریستیدا هەموویان شەهید بوون. ئەمڕۆ یادکردنەوەی ئەو شەهیدانە و هەموو شەهیدانی ڕزگاریخوازی کوردستان، دەبێت ئەو پەیامەمان پێ بدات کە دەبێت ئێمە یەکگرتوو بین، خاوەن هەڵوێست بین و لەسەر مافە رەواکانی گەلەکەمان بەردەوام بین و رێگەی ئەو شەهیدانە ئینشائەڵڵا بەرنەدەین تا دەگەین بە ئامانجی کۆتایی گەلەکەمان."

 بڕیارە شاندێكی چوارچێوەی هەماهەنگی لەبارەی پرسی هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆمار بێتە هەولێر، ئایا پارتی و یەکێتی لەمبارەیەوە گەیشتوونەتە چی؟ هەروەها سەرۆک بارزانی لە ڕێککەوتنی هەسەدە و حکوومەتی سوریا رۆڵی چی بووە؟

سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی:  خۆتان دەزانن جەنابی سەرۆک بارزانی ڕۆڵی سەرەکی بینیوە لە گەیشتنی لایەنەکان بە یەک بۆ ئەوەی گرژییەکان بوەستن و ئاگربەست دەست پێ بکات و بەردەوام بێت و ئیتر بگەن بە ئەنجامێک. بیستمان کە ئێستا ڕێککەوتنێکی سەرەتایی بووە لە نێوان دیمەشق و هەسەدە، هیوادارین ئەو ڕێککەوتنە فراوان بکرێت و ئاشتی و سەقامگیری بگەڕێتەوە بۆ سووریا و بەتایبەتی ناوچە کوردستانییەکان.

سەبارەت بە پرسی سەرۆککۆماریش، هێشتا هیچ ڕێککەوتنێک نەکراوە، چاوەڕێین بزانین ئەو شاندانەی دێن و دیدار لەگەڵ جەنابی سەرۆک بارزانی دەکەن و لەگەڵ سەرکردایەتیی پارتیش، ئێمەش ئەو وەختە بەپێی پێدوایستییەکان و بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان، چی بەرژەوەندیی بێت، ئەو بڕیار دەدەین. 

. رۆژنامەنووسان: سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق و پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گفتوگۆکانتان لەگەڵ یەکێتی لە چ ئاستێکدایە؟

سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی: ئێمە هەر دوای هەڵبژاردنی کوردستان کە ساڵێک زیاتری بەسەردا چووە، گوتوومانە پێویستە ڕێز لە دەنگی خەڵکی کوردستان بگیرێت و ڕێز لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بگیرێت. ئێمە هەر لەسەر ئەو بیرۆکەی خۆمان بەردەوامین، ئەمە بیروبۆچوونی پارتییە کە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دەبن بە ڕێگە بۆ دروستکردنی کابینەی حکوومەت. سەبارەت بە بەغداش تا ئێستا هیچ ڕێککەوتنێک نەکراوە، گفتوگۆکان بەردەوامن، بزانین بە چی دەگەین.

رۆژنامەنووس: پەیامی خودی بەڕێزتان دوای ڕێککەوتنەکەی هەسەدە و دیمەشق چییە؟

سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی: دڵخۆشین بەوەی کە شەڕ بوەستێت و مافەکانی خەڵکی هەموو سووریا و بەتایبەتی کوردەکان بە شێوەیەکی یاسایی و لە دەستووردا جێگیر بکرێن و ئاشتی بەرقرار بێت، ئەمە لە بەرژەوەندیی هەموو لایەکدایە.

رۆژنامەنووس: ئەگەر پارتی و یەکێتی لەسەر پرسی سەرۆککۆمار ڕێکنەکەون، کاریگەریی خراپی نابێت لەسەر پێکهێنانی کابینەی دەیەم؟ هەنگاوەکان بە کوێ گەیشتوون؟

سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی: دوو پرسی جیاوازن. هەڵبژاردنی کوردستان لێرە کراوە و هەڵبژاردنێکی تریش لە سەرتاسەری عێراق کراوە دوو پرسی جیاوازن و پێموا نییە تێکەڵ بکرێن یان هیچ لە بابەتەکان بگۆڕێت، بۆیە ئێمە بە دوو پرسی جیاواز تەماشای هەردوو لایان دەکەین.

 رۆژنامەنووسان ئەگەر ڕێککەوتنەکەی ڕۆژئاوا جێبەجێ نەکرێت مەترسییەکان چی دەبن؟ هەوڵەکانی هەرێمی کوردستان بۆ جێبەجێکردنی چی دەبێت؟

سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی: گرژی لە هەر شوێنێک لە ناوچەکە بەردەوام بێت لە بەرژەوەندیی خەڵکی ئێمەدا نییە. بۆیە ئێمە لەگەڵ ئەوەین گرژی نەبێت و ئاشتی و سەقامگیری هەبێت. لەبەر ئەوە بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان بۆ گەیاندنی لایەنەکان بە یەکتر.


 




ئه‌م بابه‌ته 252 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:12:14:02/02/2026