یەکێتی لەسەر پێکهێنانی حکومەت راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە
2025-12-23
مەكتەبی سیاسی یەكێتی رایگەیاند، دەرگایان کراوەیە بۆ گفتوگۆ و تەئیكد لەسەر پێویستی پێكهێنانی حكومەتێكی كارا و خزمەتگوزار دەكەنەوە.
ئاڵامیدیا...هەواڵ
مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتیمانیی کوردستان لەمیانی راگەیەندراوێکدا دەڵێت "یەکێتی دەرگای گفتوگۆی بنیاتنەرانەی کراوەیە".
ئاماژەی بەوەشداوە، "تەئیكد لەسەر پێویستی پێكهێنانی حكومەتێكی كارا و خزمەتگوزار دەكەینەوە".
راگەیەندراوی كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان:
مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كە ئەمڕۆ سێشەممە 23/12/2025 بە سەرپەرشتی هەڤاڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەدەباشان، كۆبووەوە، بە وردی پرسەكانی پێكهێنانی هەردوو حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستانی تاوتوێكرد.
كۆبوونەوەكە، پەیوەست بەپێكهێنانی حكومەتی هەرێم، سووربوونی یەكێتی لەسەر پێكهێنانی حكومەتێكی دادپەروەری خزمەتگوزاری نیشتمانیی نیشاندا؛ لەسەر ئەوبنەمایەش، یەکێتی دەرگای گفتوگۆی بنیاتنەرانەی کراوەیە.
هەروەك، لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی فیدراڵیش، لەکۆبوونەوەکەی مەکتەبی سیاسیدا، تەئکید کرایەوە لەوەی یەكێتی مەبەستییەتی لەبەغدادیش حكومەتێكی خزمەتگوزاریی نیشتمانیی پێكبهێنرێت.کە تێیدا ماف و شایستە دەستوورییەکانی گەلەکەمان پارێزراوبێت و گوزارشت بکات لە خواستی هەموو پێکهاتەکانی وڵات، ئەمەش لەسۆنگەی تێڕوانیی دروستیی یەکێتییەوەیە، کە بەغداد قوڵایی ستراتیژی هەرێمی کوردستانە. بۆ ئەو مەبەستەش، گفتوگۆ و كۆبوونەوەكانی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان، بەردەوامدەبێت، لەگەڵ سەرجەم لایەنەکاندا.
مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان