هۆشیار سیوەیلی بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی:ستایشی ڕۆڵی ئەرێنی یونامی کرد
مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عێراق (یونامی) دەربڕی بۆ 22 ساڵ خزمەتکردنی لە عێراق و هەرێمی کوردستان، ئەوەش دوای بڕیاری کۆتاییهێنان بە ئەرکی نوێنەرایەتییەکە لە 31ی کانونی یەکەمی 2025 بە فەرمی
ئاڵا میدیا : ههولێر
هۆشیار سیوەیلی بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوە، نیوەڕۆخوانێکی بۆ تیمی یونامی سازکرد و ستایشی ڕۆڵی ئەرێنیانی کرد، لە سەرەتای دامەزراندنی بەپێی بڕیارنامەی ١٥٠٠ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠٠٣.
لە ماوەی دوو دەیەیە، ئەم نوێنەرایەتییە ڕۆڵێکی سەرەکی بینی لە پشتیوانیکردنی پرۆسەی سیاسی عێراق، گواستنەوەی دیموکراسی، ئاشتەوایی نیشتمانی، ئامادەکاری هەڵبژاردنەکان، چاودێریکردنی مافەکانی مرۆڤ و هەماهەنگیی ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان.
سیوەیلی ئاماژەی بەوە کرد "یونامی وەک پردێکی بنەڕەتی لەنێوان پێشهاتە ناوخۆییەکانی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کاری کردووە، ئەمەش جێگای پێزانینی گەل و هەرێمی کوردستان بە گشتی و پارتی دیموکراتی کوردستانە بە تایبەتی."
کۆتاییهێنان بە ئەرکی یونامی دوای داواکاریی لەلایەن حکوومەتی فیدراڵی عێراقەوە هات، هەرێمی کوردستانیش بە بڕیارێکی سیاسی دەزانێت و پێی وایە عێراق پێویستییەکی زۆری بە هاوئاهەنگی و پشتیوانی نێودەوڵەتی هەیە، بۆ زیاتر بەهێزکردنی دامودەزگاکانی دەوڵەت و پشتیوانی لە پرۆسەی دیموکراسی و پێشکەوتن.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە سەردانێکی ئەم دواییەیدا بۆ بەغدا، ئەم گواستنەوەیەی بە سەرەتای لاپەڕەیەکی نوێی لە پەیوەندی نەتەوە یەکگرتووەکان و عێراق وەسف کرد.
ئهم بابهته 480
جار خوێنراوهتهوه
AM:10:03:23/12/2025