د. ئاسۆ فەرەیدون، :عێراق پێویستی بە هەناردەی نەوتی هەرێم نییە بەڵكو دەیەوێت لەو رێگەیەوە سەروەری خۆی بەسەر هەرێمدا بسەپێنێت
ئاسۆ فەرەیدون، پەرلەمانتاری یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت كە عێراق پێویستی بە هەناردەی نەوتی هەرێم نییە بەڵكو دەیەوێت لەو رێگەیەوە سەروەری خۆی بەسەر سامانە سروشتییەكانی هەرێمدا بسەپێنێت و ئەوەش سەرەتایەك دەبێت بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتەكانی دیكەی و نەهێشتی فیدراڵی و بردنی هەرێم بەرەو قەوارەیەكی كارتۆنی.
د. ئاسۆ فەرەیدون، پەرلەمانتاری یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ دوشەممە، لە نوسینێكدا لە لاپەڕی خۆی لە فەیسبوك، لەبارەی رێككەوتنەكەی بەغداو هەرێم، رایگەیاند"عێراق پێویستی بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان نییە، چونکە لە روی دەرهێنان و هەناردەکردنەوە گرانتر دەوەستێت بەبەراورد بە کێڵگەکانی بەرهەم هێنانی نەوتی عێراق."
وتیشی"عێراق نەوتی هەرێمی کوردستانی دەوێت بۆ چەسپاندنی سەروەری بەسەر سامانە سروشتیەکانی هەرێمی کوردستان و جێبەجێکردنی ماددەی (١١٢)ی دەستوریی کە چیتر (هەرێم بەناوچەیەکی نەوتی نەناسرێت) ."
بەبڕوای د. ئاسۆ فەرەیدون "ئەمە سەرەتایەک دەبێت و دواتر پەلدەکێشێت بۆ جێبەجێکردنی مادەی ١١٠ی دەستور کە پەیوەستن بە دەسەڵاتی ڕەهای حکومەتی مەرکەزی لە دەستوردا وەکو پەیوەندیەکانی دەرەوە و خاڵە گومرگییەکان و ئاسایشی نیشتمانی و دواڕۆژی هێزی پێشمەرگە."
بەبڕوای ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی "ئەمەش بە ناڕاستەوخۆ فیدراڵی لە عێراق ناهێڵێت و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بەرەو قەوارەیەکی کارتۆنی دەبات."
ئهم بابهته 140
جار خوێنراوهتهوه
PM:09:11:21/07/2025