وەک فراکسیۆنە کوردستانییەکان ھەڵوێستمان دەبێت


فڕاکسیۆنە کوردستانییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕاگەیەندراوێکی ھاوبەشیان بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەیان بەوە دا کە داوایان لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە بڕیاری بەپەلەی ناردنی مووچە بدەن و ئەم مافەی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان بە ھیچ ململانێیەکی سیاسی نەبەسترێتەوە.

 (ئاڵامیدیا)   www.alamedia.info

لە ڕاگەیەندراوە ھاوبەشەکەی ئەمڕۆ پێنجشەممەی فڕاکسیۆنە کوردستانییەکاندا ھاتووە، "تووشی سەرسوڕمان بووین بە بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی عێراق سەبارەت بە نەناردنی مووچەی مانگی ئایاری مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان کە بەھۆیەوە بارودۆخی فەرمانبەران بۆ جەژنی قوربان سەختتر دەکات".

ھەروەھا ھاتووە، "ئەم بڕیارەی وەزارەتی دارایی عێراق سیاسییە و پێچەوانەی دەستووری عێراقە کە بەگوێرەی ماددەی ٣٧/یەکەم/أ دەبێت پارێزگاری لە شکۆ و ڕێزی ھاووڵاتیی بکرێت بەبێ لەبەرچاوگرتنی بارودۆخەکان".

لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە، "ئەم بڕیارە سیاسییەی وەزارەتی دارایی بۆ نەناردنی مووچە، پێچەوانەی ماددەی ١٤ی دەستووری عێراقە کە مافی یەکسانی و دادپەروەری بۆ تەواوی ھاووڵاتییان لە سەرتاسەری وڵات‌ دەستەبەر کردووە".

لە ڕاگەیەندراوەکە دیسان ھاتووە، "داوامان لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە چارەسەری ڕیشەیی گرفتەکانی مووچە بکرێت، بۆ ئەم مانگەش بڕیاری بە پەلەی ناردنی مووچە بدەن و ئەم مافەی ھاووڵاتییان بە ھیچ ململانێیەکی سیاسی نەبەسترێتەوە".

هاوکات جەختیش کراوەتەوە، "مووچە منەت نییە، بەڵکو مافێکی دەستووری و مرۆییە بۆ ھاووڵاتییان دەستەبەر کراوە، بۆیە دواخستن و ڕاگرتنی دەبێتە سزادانی بە کۆمەڵی ھاووڵاتییان".

لە کۆتاییدا ھاتووە، "ھەڵوێستمان وەک فراکسیۆنە کوردستانییەکان پەیوەست دەبێت بە بڕیار و شێوازی وەڵامی سەرۆکوەزیران، بە پێچەوانەشەوە ھەنگاوی دیکە دەگرینەبەر بە قەبارەی ئازارەکانی فەرمانبەران و ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان".


 




ئه‌م بابه‌ته 132 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:11:05:29/05/2025