مارکۆ روبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا :هەماهەنگیی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستان دەبێتە هۆی سەقامگیری ناوچەکەش بەگشتی


مارکۆ روبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا پێشهاتەکانی هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکەیان تاوتوێکرد.
(ئاڵامیدیا)    www.alamedia.info

مارکۆ روبيۆ لە پۆستێکيدا لە تۆڕی کۆمەڵايەتیی ئێکس رايگەياندووە، گفتوگۆیەکی بەرهەمداريان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە، "هەماهەنگیی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستانی عێراق دەبێتە هۆی سەقامگیری لە عێراق و ناوچەکەش بەگشتی".

روبيۆ دەشڵێت، "هاوبەشیی ئابووریی گرنگ لەگەڵ کۆمپانيا ئەمريکييەکان سوود بە گەلانی عێراق و ئەمریکا دەگەیەنێت".

هاوکات، نێچیرڤان بارزانی لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، "خۆشحاڵبووم بە پەیوەندیی تەلەفۆنی ئەمشەوی وەزیر روبیۆ، کە تیایدا پێشهاتەکانی هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکەمان تاوتوێکرد".

نێچیرڤان بارزانی دەشڵێت، "لە پەیوەندییەکەدا جەختمکردەوە لە پابەندی هاوبەشمان بۆ ئاشتی و سەقامگیری و هەماهەنگی و هاوبەشی بەهێزی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، "سوپاس و پێزانینی قووڵی خۆم بۆ پشتگیرییە چەسپاوەکانی ئەمریکا لە ماوەی ساڵانی رابردوودا پێڕاگەیاند".

ئەوە لەکاتێکدایە لە ناوەڕاستی ئەم مانگە، شاندێکی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی سەردانی واشنتنی کرد و لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی ئەمریکا لەنێوانیاندا مارکۆ روبیۆ کۆبووەوە و هەروەها دوو گرێبەستیان لە بوارەی وزە لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان واژۆ کرد.




ئه‌م بابه‌ته 132 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:10:34:29/05/2025