شۆڕشی گوڵان، هەڵگیرسانەوەی مەشخەڵی خەبات لە دڵی چیاكان
(نوسینی زاگرۆس فەتاح)
ئەمڕۆ كە ٢٦ـی ئایارە یادی ڕۆژێكی مێژوویی و یادی ساتەوەختێكی هەستیارە لە مێژووی خەباتی گەلەکەماندا، هاوکات یادی ڕۆژانێکی پڕ لە ئومێد و گەشبینی و گیانی شۆڕشگێڕانە و نەبەزین و بەردەوام بوونە لەخەبات، ئەویش ڕۆژی ڕاگەیاندنی دەستپێكردنەوەی شۆڕشی گوڵانی نیشتیمانییە بە ڕابەرایەتیی (سەرۆك مەسعود بارزانی) و (كاك ئیدریسی جوانەمەرگ) و كۆمەڵێك سەركردە و تێكۆشەری دیكەی ئەو ڕۆژگارە سەختە.
ئەم شۆڕشە درێژەپێدەری شۆڕشی ئەیلولی مەزن بوو کە بە ڕابەرایەتیی ڕێبەری نیشتیمانییمان جەنابی بارزانی نەمر بەرێوەبرا، بەڵام بە ناو و ناوەڕۆكێكی نوێكراوە و لە هەلومەرج و بارودۆخێكی دیكەی سەختدا.
سەرۆك بارزانی و ئەو سەركردە سیاسی و سەربازیانەی کە لەو ڕۆژگارە سەختەدا شۆڕشی گوڵانیان بەرپا كردەوە، ئەگەر فیداكاری و گیانلەسەردەستی زۆریان پێشكەش نەكردایە، ئەوە ئەستەم بوو بتوانن بەردەوام بن و شۆڕش و خەبات درێژە پێ بدەن، چونكە جگە لە ڕژێمی بەعس، چەندین لایەنی دیکەی نێوخۆیی و دەرەکی لە هەوڵی کپکردنی ئەم شۆڕش و خەباتەدا بوون، بەڵام بەئیرادەی بەهێز و فیداكاری و سیاسەتی حەكیمانە، سەختییەكان تێپەڕێنران و خەبات و تێكۆشان و قوربانیدان بەردەوامی هەبوو تا دەرەنجامەکەی گەیەنرایە، ڕاپەڕینی ئاداری ١٩٩١، بەرهەم و دەستکەوتەکەی، وەك تاجێك خرایە سەر میللەتی ئازادیخوازی باشووری كوردستان.
شۆڕشی گوڵان؛ خەونی بارزانی نەمر و كاك ئیدریسی جوانەمەرگ و هەموو سەركردە و فەرماندە سەربازییەكان و ئەو پێشمەرگانەشی گەیاندە ڕاپەڕین و ئازادی كە مەرگ و شەهیدبوون نەیهێشت بەو ئاواتە بگەن.
ئەم شۆڕشە؛ لەسەرەتای سەرهەڵدانییەوە بەردەوام گیانی ڕۆڵە فیداكار و ئازاكانی كردۆتە خۆراكی خەبات و جەنگ و دوژمنان لەم فیداکارییەی ڕۆڵە ئازاکانی گەلەکەمان تۆقیون، خوێنی هەزاران شەهیدی ئەم خەبات و داستانانە بوون بە داینەمۆی سەركەوتنی شۆڕش و بەدیهێنانی بەشێكی زۆر لە خەون و ئامانجەكانی شۆڕش، بۆیە ئێمە لە ژێر ڕێنماییە بەردەوامەكانی جەنابی سەرۆك بارزانیدا لەهەوڵی بەردەوامداین تا بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ڕێز لە قوربانیدان و خەبات و ماندوبونی كەسوكار و خانەوادەكانیان بگرین و بەپێی توانا خزمەتیان بكەین، هەرگیزیش لە خزمەتكردنیان ماندوو نابین، چونكە هەرچیان بۆ بكەین هێشتا هەر شایستەی زیاترن.
لە كۆتاییدا :
درود بۆ گیانی پاكی ڕابهری ڕوحی نهتهوهییمان بارزانی نهمر و كاك ئیدریسی هەمیشە زیندوو و هەموو ئەو سەركردە سیاسی و سەربازییانەی لەو ڕۆژگارە سەختەدا نەیانهێشت ئاگری كوردبوون و كوردایەتی لە دڵی خەڵكی كوردستاندا بەیەكجاری خامۆش ببێت و بە خوێن و گیانی خۆیان سەرلەنوێ مەشخەڵی ئەو ئومێد و ئامانجەیان هەڵگیرساندەوە.
تەمەندرێژی و سەربەرزی و سەرفرازی بەردەوام و هەمیشەیی بۆ جەنابی سەرۆك (مەسعود بارزانی) و هەموو ئەو پێشمەرگانەی كە لە ساتی هەڵگیرسانی شۆڕشەوە خەباتیان دەست پێكرد و بوونە درێژەپێدەری شۆڕشەكەمان تا كۆتایی.
ئهم بابهته 180
جار خوێنراوهتهوه
PM:08:12:26/05/2025