سهركردهو سیاسيهكانی كوردستان: پەیام و پیرۆزباییەکانیان بۆ ساڵیادی رۆژنامەگەری کوردی
ئەگەر چی كاروانی رۆژنامەگەریی كوردیی لە سایەی داگیركەراندا چەندین ساڵی سەختی لە هەرەشەی داخستن و راوەستان بینیوە، بەڵام لە پاش راپەرینی ساڵی 1991 وە دەتوانرێت بوترێت رۆژنامەگەریی كوردیی جۆرێك لە بەرفراوانبوونی ئازادییەكانی بە خۆوەبینی و خۆشبەختانە تا ئێستاش بەردەوامە.
لایهنه سیاسیهكانی كوردستان هەر لەسەردەمی خەباتی شاخەوە گرنگییەكی بەرچاوی بە دابینكردنی ئازادی بۆ رۆژنامەگەریی و روناكبیری داوەو، هەر بۆیە لە پاش راپەرینەوە بۆ بەرفراوانكردنی ئازادییەكانی رۆژنامەگەری و یەكەمین رۆژنامەو دامەزراوی میدیایی ئەهلی و سەربەخۆ لە ژێردەسەڵاتی حوكمڕانی كوردیدا دەرفەتیان بۆ رەخسا و لێرەوە كاروانی رۆژنامەگەری كوردیی بێ وچان پێشکەوت.
هەر لەم یادەدا جارێكی دیكه سهركردهو سیاسيهكانی كوردستان بۆ ساڵیادی رۆژنامەگەری کوردی بهمجۆره پهیامیان ئاراستهی ڕۆژنامهنوسان كرد
(ئاڵامیدیا)
پەیامی بارزانی سهرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان : بە بۆنەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی كوردی بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان بە بۆنەی سەد و بیست و حەفتەمین ساڵیادی دەرچوونی یەكەمین ڕۆژنامەی كوردی كە هاوكات ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی كوردی و ساڵیادی دامەزراندنی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستانیشە، گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی سەرجەم ڕۆژنامەنووس و میدیاكارانی كوردستان دەكەم. ڕۆژنامەگەری و كاری ڕاگەیاندن و میدیایی فاكتەرێكی گرنگی برەودانی هۆشیاریی نەتەوەیی و پاراستن و دەوڵەمەندكردنی زمانی كوردین، هاوكات ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەگەریی كوردی چەكێكی بەهێزە بۆ ناساندنی دۆزی ڕەوای گەلەكەمان بە جیهان و هەروەها ئامرازێكی كاریگەرە بۆ پاراستنی فەرهەنگی پێكەوەژیان و قووڵتركردنی كولتووری ئاشتیخوازی و لێبوردەیی گەلی كوردستان. لەو یادەدا داوا لە هەموو ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیاندنكارانی خۆشەویست دەكەم لە ئەرك و كارەكەیاندا پیشەییانە لەگەڵ ڕووداو و پێشهاتەكاندا مامەڵە بكەن و ڕەچاوی بەهاكان و بەرژەوەندییەكانی گەلەكەمان بكەن. هیوای سەركەوتن و بەردەوامی بۆ هەموو ڕۆژنامەنووسانی كوردستان دەخوازم.
مسعود بارزانی 22ـی نیسانی 2025
(نێچیرڤان بارزانی،)سهرۆكی ههرێمی كوردستان یادی 127ساڵەی دەرچوونی ڕۆژنامەی (کوردستان) لەلایەن میر میقداد میدحهت بەدرخانهوه، ههروهها یادی 27ساڵەی دامەزراندنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، به گهرمی و له دڵهوه له هەموو ڕۆژنامەنووسان و میدیاكارانی کوردستان پیرۆز دەکەم، هیوای پێشكهوتنی زیاتر و سهركهوتنی بهردهوامیان بۆ دهخوازم.
لەم بۆنەیەدا، جەخت لەسەر پابەندیمان بە ئازادیی ڕۆژنامەگەری و ڕادەربڕین و گرنگی و پێویستیی پاراستنی وشەی ئازاد وەک یەکێک لە بنەما سهرهكییهکانی دیموکراسی و پێشکەوتن و کۆمهڵگهیهکی تهندروست و ئاسووده، دهكهینهوه. بهردهوام دهبین له كاركردن بۆ فهراههمكردنی ژینگەی گونجاو بۆ کاری ڕۆژنامەنووسان کە تیایدا دەستگەییشتن بە زانیاری مسۆگەر بکات و لە ههموو کۆت و بەند و بەربەستێك دوور بێت، ههروهها هەر پێشێلکارییەک لە چوارچێوەی یاسای ڕۆژنامەگەریدا، چارەسەر بكرێت.
باوەڕمان وایە ڕۆژنامەگەریی ئازاد، بوێر، بەرپرسیار و ڕهخنهگر، هاوبەشێکی سەرەکییە لە بنیاتنانی کوردستانێکی دادپەروەرتر و پێشکەوتووتر، بۆیه لهم یادهدا وهك ههمیشه ڕۆژنامەنووسان هان دەدەین کە پابەندی پیشەییبوون و بێلایەنی و ڕاستگۆیی بن و لە زێدەڕۆیی و گوتاری هەڵچوون دوور بکەونەوە و بەرژەوەندیی گشتیی وڵات و ئاشتیی کۆمەڵایەتی لەسەرووی هەموو شتێکەوە دابنێن و ڕۆڵی كارای خۆیان له پتهوكردنی كولتووری فرهڕهنگی و پێكهوهژیان و یهكترقبووڵكردن و لێبوردهیی، بگێڕن.
لەم ڕۆژەدا، بە ڕێزەوە یادی شەهیدانی ڕۆژنامەگەریی كوردستان و هەموو ئەوانە دەکەینەوە کە لەپێناو گەیاندنی ڕاستی و خزمەتی کۆمەڵگەدا، قوربانییان داوە. ڕۆڵی ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان لە چاودێریکردنی ئازادیی ڕادەربڕین لە کوردستان بەرز دەنرخێنین و دڵنیایان دهكهینهوه كه سوود لە ڕاپۆرتەکانیان وەردهگرین بۆ پەرەپێدانی ژینگەی میدیایی و ڕۆژنامهوانی له وڵاتهكهمان.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
لە یادی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی و دەرچوونی یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی ( کوردستان ) لەلایەن میر میقداد میدحەت بەردخان و ساڵیادی دامەزراندنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، پیرۆزبایی لە گشت ڕۆژنامەنووسانی کوردستان دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.
لەم یادەدا، پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئازادی بیر وڕا و ئازادی کاری ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەوانیی و کارئاسانیکردن بۆ ڕاگەیاندنکاران دووپات دەکەینەوە، بۆ ئەوەی بتوانن بە شێوەیەکی پیشەییانە و بەرپرسیارانە و بە لەبەرچاوگرتنی یاسا و ئیتیک و پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی ڕۆژنامەوانی و دوور لە ناوزڕاندن و بەکارهێنانی زمانی زبر ، پەیام و کاری ڕاگەیاندنی خۆیان ئەنجام بدەن.
هیوادارم ڕۆژنامەوانانی کوردستان، لە ئاستی گەورەیی و گرنگیی پیشەکەیاندا بن و ڕۆڵی کارای خۆیان لە هوشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و گەیاندنی زانیاری ڕاست و دروست بگێڕن و هاوکار و یارمەتیدەری دەسەڵات بن بۆ پشتگیریی چاکسازی و نەهێشتنی هەڵە و کەموکورتییەکان.
ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی پیرۆز بێت و ئومێدی پێشکەوتنی زیاتر بۆ ڕۆژنامەنووسانی کوردستان دەخوازم.
(فازڵ میرانی)
بەرپرسی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی
١٢٧ ساڵەی ڕۆژی ڕۆژنامەنووسیی کوردی بە دەرفەت دەزانین کە پیرۆزباییەکی گەرم لە تێکڕای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان بکەین، ئەوان ھەردەم لە سەنگەری داکۆکی کردن لە پرسی نەتەوەیی و نیشتیمانیی خۆیاندا بوون و بە مکوڕ بوونەوە فاکتەرێکی مەدەنی و شارستانی بوون، بە ئێستاشەوە، بۆ پاراستنی بەھاکانی گەل و وڵاتمان.
ھاوکات یادی ٢٧ ساڵەی دامەزراندنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستانیش بە دەرفەت دەزانین، کە پیرۆزبایی لە دامەزرێنەرانی ئەو ڕێکخراوە پیشەییە و تەواوی ئەندامانی بکەین، پێشمان وایە ئەمڕۆ سەندیکا بوو بە چەتری کۆکردنەوەی ڕۆژنامەنووسانی کوردستان و نوێنەرایەتی کردنیان و داکۆکیکردن لە ماف و ئەرکی ئەندامانی، بە ھەوڵی ھەموو لایەکیش ئەمڕۆ ڕۆژنامەنووس و میدیاکارانی کوردستان بوونەتە توێژێکی یەکجار کاریگەر لە داکۆکی کردن لە مافی مرۆڤ و مافی نەتەوەیی و نیشتیمانیمان.
بەرز و پیرۆز بێت ساڵڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی و یادی دامەزراندنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان.
(زاگرۆس فەتاح ئهندامی مهكتهبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان)
رۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی پیرۆزبێت ئەمڕۆ ٢٢ نیسان، ١٢٧ ساڵ بەسەر دەرچوونی یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی (کوردستان) تێدەپەڕێت، کە لە لایەن (میقداد میدحەت بەدرخان)ەوە دەرچووە. ڕۆژنامەی کوردستان کڵپەی وشە و ڕستەی کوردی هێنایە کایەوە، دەرچوونی ڕۆژنامەی کوردستان بووە چرای رووناکردنەوەی ڕێگای خەبات، هاوکات کاریگەریی قوڵیشی لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیری و هۆشیاریی خەڵکی کوردستان بەگشتی و دەستەبژێرانی لە هەموو بوارەکاندا بەتایبەتی دروست کرد، هەر بۆیە خەباتی کاری ڕۆژنامەگەری لە شۆڕشەکانی کوردستاندا ڕۆڵی کاریگەریی لە بەرزکردنەوەی هەستی نەتەوایەتی و نیشتمانی هەبووە و (چەک و ووشە)ی ئاوێزانی یەک کردووە. پارتی دیموکراتی کوردستان بە هەردوو ڕۆژنامەی (خەبات) بە زمانی کوردی و (التاخی) بە زمانی عەرەبی وەک دوو ڕۆژنامەی زمانحاڵ، درێژەپێدەر و پارێزەری ئەو مێژووە پرشنگدارەی خەباتی کاری ڕۆژنامەگەریی بووە. بۆیە جێی خۆیەتی لەم یادە پیرۆزەدا سڵاو و درود بۆ پێشڕەوانی ڕۆژنامەگەریی کوردی و هەموو ئەو ڕۆژنامەنووس و نووسەر و ڕۆشنبیرانە بنێرین کە بەنووسین و کارە ڕۆژنامەوانییەکانیان، خزمەتی کوردستان و وشەی کوردییان کرد و نەیانهێشت کورد لەو بوارە زیندووەی ژیاندا لە گەلانی دیکەی جیهان دوا بکەوێت. هەر لەم ڕۆژەدا، پیرۆزبایی لە تەواوی ڕۆژنامەنووسان و میدیاکارانی ئێستای کوردستان دەکەم و هیوادارم کاری نووسین و ڕۆژنامەگەری وەک ئەرکێکی پیرۆز ببینن و پابەندبوون بە بنەماکان و ئیتیک و مۆڕاڵی کاری ڕۆژنامەگەری، لەهەموو شت لایان گرنگتربێت.
(٢٢ی نیسانی ٢٠٢٥)
جێگری سهرۆكی حكومهتی ههرێمی كوردستان(قوباد تاڵهبانی):یادی ١٢٧ ساڵەی دەرچوونی یەکەمین رۆژنامەی کوردی و رۆژی رۆژنامەگەریی کوردی لە هەموو رۆژنامەنووسان و کەناڵەکانی راگەیاندنی کوردستان پیرۆزبێت.
لەم یادەدا سڵاو دەنێرین بۆ پێشەنگانی رۆژنامەگەریی کوردی و هەموو ئەو رۆژنامەنووسانەی لە سەد ساڵی رابردوودا قەڵەم و بیر و هزر و ژیانی خۆیان خستووەتە خزمەتی داکۆکیکردن لە ماف و ئازادی و کەرامەتی مرۆڤی کوردەوە.
لەپێناو خزمەتکردن و بەرەوپێشبردنی زیاتری رۆژنامەگەریی کوردیدا لەم یادەدا جەخت دەکەینەوە کە ئەرکی حکومەت و دامەزراوەکان، جێبەجێکردنی یاسا و دابینکردنی ژینگەیەکی لەبارە بۆ ئازادی کاری رۆژنامەنووسی و لە بەرامبەریشدا ئەرکی کەناڵەکانی راگەیاندن و رۆژنامەنووسان، پاراستنی ئەخلاقی کاری رۆژنامەنووسی و هەنگاونانە بەرەو پیشەیی بوونی زیاتر.
د.لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عیراق، بەبۆنەی یادی 127ساڵەی رۆژنامەگەری کوردییەوە پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە و تێیدا تەئکیدی کردەوە :"پێویستە ئازادی رۆژنامەگەری و پاراستنی مافەکانی رۆژنامەنووسان و دابینکردنی ئەوپەڕی روبەری ئازاد بۆ ئازادی رادەربڕین" فەراهەم بکرێت.
له رۆژی رۆژنامەگەری کوردیدا پیرۆزبایی گەرم ئاراستەی رۆژنامەنووسانی کوردستان و عیراق دەکەین. ئەم دەرفەتە دەقۆزینەوە بۆ وەبیرهێنانەوەی میراتی رۆژنامەوانی دەوڵەمەند و درێژخایەنی گەلەکەمان و رۆڵی رۆژنامەگەری لەدۆکیۆمێنتکردنی مێژوو و گەیاندنی رووداو و هەواڵەکان و تیشک خستنە سەر بابەتە گرنگەکانی ژیانی هاووڵاتیان و تەئکیدکردنەوە لەسەر پێویستی دەستەبەرکردنی ئازادی رۆژنامەگەری و پاراستنی مافەکانی رۆژنامەنووسان و دابینکردنی ئەوپەڕی روبەری ئازاد بۆ ئازادی رادەربڕین لەپێناو پەرەپێدانی یەکڕیزی و هاوخەباتی نێوان خەڵک و پتەوکردنی رۆحی نیشتمانی.
هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی زیاتر بۆ رۆژنامەگەری کوردی دەخوازین و هەموو هەوڵێک بۆ ئاشکراکردنی راستیەکان و پەروەردەکردنی کۆمەڵگا و پتەوکردنی دیموکراسی و بڵاوکردنەوەی گیانی لێبوردەیی و پێکەوەژیان بەرز دەنرخێنین. هەمیشە
سەرکەوتوو سەرفراز بن.
(محەمەد حاجی مەحمود)
بەبۆنەی ۱۲۷ ـەمین ساڵیادی ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردی و ۲۷ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستانەوە، گەرمترین پیرۆزبایی پێشکەش بە ڕۆژنامەنووسان و میدیاکارانی گەلەکەمان دەکەم، ئومێدی سەرکەوتن و بەردەوامییان بۆدەخوازم.
۱۲۷ ساڵ لەمەوبەر، دەرچواندنی یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی (کوردستان) لەلایەن ڕەوانشاد (مقداد مەدحەت بەدرخان)ـەوە، بووە بناغە بۆ قۆناغێکی گرنگ و مێژوویی لە بزاڤی سیاسی و ڕۆشنبیری گەلی کوردستاندا، کە توانرا لەو ڕێگەیەوە گەشە بە خەبات و تێکۆشان بدرێت و خزمەت بە کەلتور و زمانی نەتەوەکەمان بکرێت.
لەم یادە نەتەوەییەدا، ڕێز و پێزانینمان هەیە بۆ هەوڵ و تێکۆشانی ئەو ڕۆژنامەنووس و میدیاکارانەی، کە بە وزە و توانایەکی بێوچانەوە کار دەکەن بۆ پاراستنی بەها بەرزەکانی ڕۆژنامەگەری و گەیاندنی زانیاری و ڕاستییەکان بە خەڵکی کوردستان.
لەکۆتاییدا، سڵاو و ڕێز دەنێرین بۆ گیانی پاکی شەهیدانی قەڵەم و وشە، ئەو تێکۆشەرانەی، کە لەڕۆژە سەختەکاندا گیانی خۆیان بەخشی لەپێناو گەیاندنی دەنگی ڕاستەقینەی گەلەکەمان بە جیهان. ۲۲ـی نیسانی ۲٠۲٥
(شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان) :لە ساڵیادی دەرچوونی یەکەمین رۆژنامەی کوردی پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند:" ئەمڕۆ 127 ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر دەرچوونی یەکەمین رۆژنامەی کوردی بە ناوی رۆژنامەی (کوردستان)، لە هەمان کاتدا ساڵیادی دامەزراندنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستانە، بەم بۆنەیەوە پیرۆزباییەکی گەرم لە سەرجەم رۆژنامەنووسان دەکەم، هیوای سەرکەوتنیان لە کاری رۆژنامەوانیی و میدیایی بۆ دەخوازم".
لە کۆتایی پەیامەکەیدا خوازیارە" کاری رۆژنامەگەریی و راگەیاندنکاری پیشەییانە لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکان و پێوەرە نێودەوڵەتییەکاندا گەشەی زیاتر بەخۆیەوە ببینێ، هەروەها دوور لە ململانێ سیاسییەکان و بەرتەسککردنەوەی کاری رۆژنامەوانی بواری زیاتریان بۆ بڕەخسێنرێت"
ئهم بابهته 496
جار خوێنراوهتهوه
PM:11:23:22/04/2025