دکتۆر هەڤین کەمال شا:ئەو کەسانەی شەقیقەیان هەیە دەکرێت بەرۆژوو ببن؟؟؟؟؟؟

‌

(ئالآميديا)سەرەتا بەوە دەست پێدەکەین کە ئایا ئەو کەسانەی شەقیقەیان هەیە دەکرێت بەرۆژوو ببن یان نا؟، لەوبارەیەوە پزیشکەکان ئاماژە بەوەدەکەن، ئەگەر کەسێک رێژەی سەرئێشەکەی کەم بێت لە مانگێکدا و سێ بۆ چوار جار توش ببێت، هەروەها تاڕادەیەک هۆکارەکانی توشبوونی کۆنتڕۆڵکراون و لە حاڵەتی دەگمەندا سەرئێشە دەگرێت و زوو کۆنتڕۆڵ دەکرێت، دەتوانن بە رۆژوو ببن.

دکتۆر هەڤین کەمال شا پسپۆڕ له‌ زانستی ئازار و به‌نج و شاره‌زا له‌ چاره‌سه‌ری فه‌قه‌رات و نه‌خۆشی جومگه‌کان بێ نه‌شته‌رگه‌ری رایگەیاندووە، ئەو کەسانەی لە دەجار زیاتر لە مانگێکدا تووشی سەرئێشە دەبن و بەشێوەیەکی ناڕێک تووش دەبن، هەروەها سەرئێشەی ھێشوویی  (cluster headache)یان لەگەڵدایە، ناتوانن بە رۆژوو ببن.

کە سەرئێشەی هێشوویی لەدوای شەقیقەوە یەکێکە لە بەئازارترین جۆرەکانی سەرئێشە و هۆکارێکی دیاریکراوی نییە، نیشانەکانی توندن و دەکرێنت لە 15 خولەک بۆ 3 سەعات بخایەنن.

 

چ کاتێک دەبێت رۆژوو بوەستێنرێت؟

دکتۆر هەڤین باس لەوەدەکات، هەرکاتێک نەخۆشانی شەقیقە نەوبەی سەرئێشەکەیان زیادیکرد، یان جاری توشبوونیان زیادیکرد و بە ئاسانی کۆنتڕۆڵ نەکرا، هەروەها سەرئێشەکە نیشانەی دیکەی وەک سکچوون و تا و رشانەوەی لەگەڵدا بێت.

ئەو پزیشکە دەڵێت، لە رووی زانستییەوە ئازاری شەقیقە لەکاتی بەرۆژووبووندا زیاد دەکات.

هۆکارەکانی زیادبوونی سەرئێشە لەکاتی بەرۆژووبووندا:

١- وشکبوونەوەی لەش بەھۆی  کەمخواردنەوەی ئاو .

٢- بەرزبوونەوەی فشاری خوێن.

٣-  کەمخەوی و تێکچوونی کاتی خەو لە ڕەمەزاندا

٤- دابەزینی رێژەی شەکر لە لەشدا .

٥- گۆڕانکاری لە کاتی خواردنی چارەسەرەکاندا.

ئەو رێنماییانەی پێویستە ئەو کەسانەی شەقیقەیان هەیە و دەتوانن بەرۆژوو دەبن، جێبەجێی بکەن:

1.خواردنوەی رێژەیەکی زۆری ئاو دوای بەربانگ بە شێوەیەکی رێکخراو، کە لەنێوان 8 بۆ 12 پەرداخ ئاودا بێت بە لایەنی کەمەوە.

2.دوورکەوتنەوە لەو خواردنانەی کە لەوانەیە سەرئێشەکە دروست بکەن، وەک: ئایس کریم و مۆتا، پەنیر، ساردەمەنیەکان ...ھتد.

3.رێکخستنی کاتی ژەمەکان و رێکخستنی کاتی خەو لە رەمەزاندا.

4.کەمکردنەوەی بەکارھێنانی بەھارات و خوێ و بۆنخۆشکەرەکان بۆناو خۆراک.

5.کەمکردنەوەی شیرینیەکان و ئیشی ھەویر و خواردنە چەورەکان کە رێژەی چەورییان بەرزە.

6.کەمکردنەوەی ئەو خواردن و خواردنەوانەی رێژەیەکی زۆر کافاینیان تیادایە، وەکو خواردنەوە گازییەکان، نەستەلە، چا و قاوە ... ھتد.

7.نەچوونە بەر خۆر و وەرزشکردن لەکاتی رۆژدا، هەروەها وەرزشکردن دوای بەربانگ بەشێوەیەکی رێکخراو.

8.دوورکەوتنەوە لە جگەرە کێشان و نێرگە لەدوای بەربانگ.

 

ئەو رێنماییانەی پێویستە لەکاتی پارشێودا جێبەجێی بکەن:

1.خواردنەوەی رێژەیەکی گونجاو لە ئاو.

2.دواخستنی ژەمی پارشێو بۆ نزیک کاتی بانگی بەیانی .

3.ئەو چارەسەرانەی بۆت نووسراوە پێش بانگی بەیانی بیانخۆ.

4.دوور بکەوە لە خواردنی سوێر و شیرینی زۆر.

5.دوور بکەوە لەھەر خواردنێک کە دەزانیت لەوانەیە سەرئێشەکەت زیادبکات وەک: پەنیر، مۆز، شوکوڵاتە ...ھتد.

6.دووربکەوە لە خواردنی خێرا و ئامادەکراو و سوورکراوەکان. 

7.ئەو خواردنانە بخۆ کە کاربۆھیدراتە ئاڵۆزەکانی تیادایە و ھەستی تێربوون دەبەخشن وەک: دانەوێڵە تەواوەکانی وەکو؛ ئاردی بۆر و برنجی بۆر. ھەندێک سەوزەی وەک: پەتاتە، بەزالیای سەوز، بروکلی، سپێناغ، پیاز و سیر. ھەندێک میوەی وەک: توو، کیوی، ھەنار.

8.ئەو خواردنانە بخۆ کە رێژەیەکی زۆر پۆتاسیۆم و مەگنیسیۆم و ڤیتامین (بی)یان تیادایە وەک: خورما، چەرەزاتەکان بەتایبەت ناوکە کولەکە و شۆفان ...ھتد .




ئه‌م بابه‌ته 2776 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:11:00:07/03/2025