(حه‌مه‌ی وێنه‌گر)جه‌نگی عێراق - ئێران ماڵی منی كاول كرد
محه‌مه‌د حه‌مه‌ئه‌مین، ناسراو به (حه‌مه‌ی وێنه‌گر)، یه‌كێكه له وێنه‌گره دێرینەكانی شاری سلێمانی، لەم دێمانەیەدا، وێڕای باسكردنی پیشەكەی، بیره‌وه‌رییه‌كانی گه‌ڕه‌كی كانێسكان و سه‌رده‌می ژیان و گوزه‌رانی لاویی سه‌دام حوسێن (دیكتاتۆری پێشووی عێراق) له سلێمانی، دەگێڕیتەوە، هەروەها رووداوی جەرگبڕی له‌ده‌ستدانی كوڕ و كچێكی له جه‌نگی نێوان عێراق - ئێران به‌شێكی ئه‌م دیدارەی (ئاڵامیدیا) بوو.
بريارغفور:
(ئاڵامیدیا) پیشه‌ی وێنه‌گری فۆتۆگراف، لە سلێمانی بۆ كەی ده‌گه‌ڕێننه‌وه؟
حه‌مه‌ی وێنه‌گر: كابرایه‌ك هه‌بوو ناوی شێخ مسته‌فا، كۆنترین وێنه‌گری شاری سلێمانی بوو، له‌بیرمه له ساڵی 1951 له سلێمانییه‌وه بۆ كاری وێنه‌گرتن هاته شارۆچكه‌ی پێنجوێن، كه ئه‌و كاته وێنه‌گری پیشه‌ی گه‌ڕۆك بوو، ئه‌و ئامێرەی وێنه‌یان پێده‌گرت، سێ قاچ، یان سێ پایان پێ ده‌گوت، براگه‌وره‌كه‌م، كه ناوی سه‌عید بوو، ماڵی له پێنجوێن بوو، ئه‌و شێخ مسته‌فایه به خانه‌واده ئێمه‌ی ده‌ناسی، كه هاته پێنجوێن وه‌ك میوان سێ شه‌و له ماڵی براگه‌وره‌م مایه‌وه، به براكه‌می گوت بۆ نایه‌ی فێری وێنه‌گرتنت بكه‌م؟ براكه‌م به داواكه‌ی ڕازی بوو، له ماوه‌ی ئه‌و چه‌ند ڕۆژه‌ی شێخ مسته‌فا له ماڵیان مایه‌وه، براكه‌م فێری پیشه‌ی وێنه‌گرتن بوو.
دوای ماوه‌یه‌ك، براكه‌م له ڕێگای برایه‌كی دیكەمەوە، كه له ساڵی 1948 چووبووه قه‌ڵادزێ و له‌وێ ده‌ژیا، به سه‌عیدی برامی گوت، بۆ نایه‌ی بۆ قه‌ڵادزێ؟ خه‌ڵكی ئه‌و ناوچه‌یه بۆ راییكردنی كاروباری فهرمانگەكان پێویستیان به وێنه‌گر هه‌یه، گوتی ته‌نانه‌ت ناوچه‌كه ئاوه‌دان و خه‌ڵكێكی باشن، ئه‌وه بوو براكه‌م چووه سنووری پشده‌ر و له‌وێ دوكانێكی دانا، پاشان هه‌ردوو براكه‌م كۆچی دواییان كرد، هه‌ر له‌وێش به خاكیان سپاردن، هه‌ر بۆیه پیشه‌ی وێنه‌گری له‌ناو خانه‌واده‌ی ئێمه ڕه‌نگی دایه‌وه و هه‌موومان فێری پیشه‌كه بووین.
(ئاڵامیدیا)بەڕێزت له چ ساڵێكدا ده‌ستت به‌كاری وێنه‌گرتن كرد؟
حه‌مه‌ی وێنه‌گر: من له ساڵی 1953 كە تەمەنم سێزدە ساڵ بوو، پیشه‌ی وێنه‌گرییم كرده سه‌رچاوه‌ی بژێویی ژیانم، له‌بیرم دێت، یه‌كه‌م وێنه‌ی گرتم بۆ كابرایه‌ك بوو له شارۆچكه‌ی چوارتا بە ناوی (مام ڕه‌شید) دوكاندار بوو، ئه‌وكات پێیان ده‌گوت عه‌تار، چوار وێنه‌ی شهمسییم بۆ گرت به شه‌ست فلس، كابرا سه‌د فلسی دامێ و گوتی ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ تۆ نههاتیتایه بۆ چوارتا، ده‌بوو من بهاتمایه بۆ شار، جگه له كرێی ڕێگا، ڕۆژێكیش له مامه‌ڵه فهرمییهكهم و داخستی دوكانه‌كه‌م دوا ده‌كه‌وتم، كه ئه‌مانه بۆ من ده‌بوون زه‌حمه‌ت بوون، هه‌ر بۆیه خهرجییەكەیشی ده‌چووه نزیكه‌ی دینارێك، بۆیه ئه‌مڕۆ تۆ منت له‌و شتانه ڕزگار كرد، ئه‌و چل فلس زیاده‌یە بۆ خۆت، واته من له سەردەمی فلسه‌وه كاری وێنه‌گری ده‌كه‌م.
(ئاڵامیدیا) راستە دەڵێن سه‌دام حوسێن (دیكتاتۆری پێشووی عێراق) بە منداڵی له گه‌ڕه‌كی كانێسكان ژیاوه، له‌مباره‌یه‌وه هیچ بیرهوهرییهكت لایه؟
حه‌مه‌ی وێنه‌گر: سه‌دام حوسێن له‌دایكبووی 1937 و من له‌دایكبووی 1940م، ئه‌و كۆڵانه‌ی به‌رامبه‌ر دوكانه‌كه‌م، ده‌كه‌وێته ته‌نیشت مزگه‌وتی قامیشان، ماڵی باوكی سه‌دام حوسێنی لێ بوو كه كرێچیی ماڵی شێخ ساڵح قزله‌ری بوون، باوكی سه‌دام دوو هاوسەری هه‌بوو، له‌گه‌ڵ دایكی سه‌دام هاتبوونه سلێمانی، له هه‌مان كاتدا باوكی سه‌دام پۆلیسی پیاده بوو، شێخ ساڵح قزلهرییش پۆلیسی سواریان پێ ده‌گوت، له‌گه‌ڵ باوكی سه‌دام به‌یه‌كه‌وه له ئه‌ركی میریدا بوون، ئه‌م مێژووه‌ی من باسی ده‌كه‌م له‌ده‌وری ساڵی په‌نجا و حهوتەوەیە.
(ئاڵامیدیا) ئەی بە منداڵی هیچ تێكه‌ڵاوی و هاوڕێییهتییهكت له‌گه‌ڵ سه‌دام حسێندا هەبوو؟
حەمه‌ی وێنه‌گر: سه‌دام حوسێن له‌ڕووی ته‌مه‌نه‌وه سێ ساڵ له من گه‌وره‌تر بوو، زۆر كه‌م ده‌كه‌وته به‌ر چاو، منیش ئه‌وكاته وێنه‌گری گه‌ڕۆك بووم، سه‌دامیش لای وهستایەكی كه‌بابچی شاگرد بوو، به‌یانیان زوو ده‌چووه سه‌ر كار، ئه‌وان به‌و پێیەی لێره غه‌ریب بوون، زۆر تێكه‌ڵاوی خه‌ڵك نەدەبوون، ئه‌وه‌ی له‌بیرم بێت، ماوه‌یه‌كی زۆر كه‌م له سلێمانی مانه‌وه، دواتر گه‌ڕانه‌وه زێدی خۆیان.
(ئاڵامیدیا) وه‌ك ئه‌وه‌ی ئاگادارین، ئێوه منداڵێكی ته‌مه‌ن هه‌شت ساڵانتان به ناوی ڤیان، له ساڵی 1987 له جه‌نگی عێراق - ئێران و تۆپبارانی سلێمانی له‌ده‌ست دا، به‌ڵام مێژووی ناوی دوكانهكهتان كه (ڤیان)ە، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ شه‌سته‌كانی سەدەی رابردوو، ده‌كرێ روونكردنەوەمان لەسەر ئەو ناوە پێ بدەی؟
حه‌مه‌ی وێنه‌گر: ئه‌گه‌رچی سه‌ره‌تا كاری وێنه‌گرتن گه‌ڕۆك بوو، پاشان له شه‌سته‌كان ئه‌م دوكانه‌م به 300 دیناری سویسریی ئه‌و سه‌رده‌مه كڕی، دوكانی وێنهگرییهكه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ناوی (ڤیان) بوو، من ده‌ستكاریی ناوه‌كه‌م نه‌كرد، دوای ته‌مه‌نێك، خوای گه‌وره منداڵێكی پێ به‌خشین و بووه بچووكترین منداڵی ماڵه‌كه‌مان، ڤیان كچێكی له‌سه‌رخۆ و زیره‌ك بوو، له خۆشه‌ویستیی دوكانه‌كه‌م ناوی كچەكەم نا (ڤیان)، به‌داخه‌وه مه‌رگ مه‌ودای نه‌دا و نه‌متوانی وه‌ك باوكێك زۆر له ئامێزی بگرم، جه‌نگی عێراق - ئێران ماڵی منی كاول كرد دوو جار جه‌رگی سووتاندم.
(ئاڵامیدیا): بۆچی دوو جار؟
حه‌مه‌ی وێنه‌گر: له دانانی پرسه‌ی (ڤیان)دا بووین، سێیەم ڕۆژی پرسە بوو، وه‌ك ئێستا نه‌بوو، كه‌سایه‌تی و خزمایه‌تی و بگره دراوسێكانیش له‌گه‌ڵ خاوه‌ن پرسه بۆ چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك داده‌نیشتن، كه‌س ده‌وری چۆڵ نه‌ده‌كردی، هه‌موو چوارده‌وره‌كه‌ت خۆیان به خاوه‌نی پرسه ده‌زانی، ئاستی په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان زۆر به‌رز بوو، ڤیان له 17ی مانگ له‌به‌رده‌م قوتابخانه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوپۆلێكی شه‌هید بوون، له 20ی مانگ، واته سێ ڕۆژ به‌سه‌ر له‌ده‌ستدانی ڤیان، له‌ناو پرسه‌كه‌دا دووباره شاری سلێمانی تۆپباران كرایه‌وه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی ماڵمان چه‌ند مه‌ترێك له سه‌ربازگه‌ی حامیه دوور بوو كه ئێستا بووەته پاركی ئازادی، هه‌میشه گه‌ڕه‌كی مامۆستایان تووشی بۆردومانی فڕۆكە و تۆپی ئێرانییه‌كان ده‌بووەوە، دووباره تۆپێك دای له‌ناو پرسه‌كه‌مان، كوڕێكی ته‌مه‌ن سێزدە ساڵەمان به ناوی (ته‌ها) هه‌ر له‌وێدا گیانی سپارد، مه‌جیدی ژنبرام و دوو برازای دیكەم و كچێكی دراوسێمان به‌ناوی (به‌هار) كچی مامۆستا تۆفیق، كه ده‌بووه برازای هونه‌رمه‌ند سه‌ڵاح مه‌جید، هه‌ر له‌وێدا ئه‌وانیش شه‌هید بوون و گیانیان سپارد، ویستم ئۆتۆمبێله‌كه‌م بخه‌مه ئیش و فریای نه‌خۆشخانه‌یان بخه‌م، بینیم ئۆتۆمبێله‌كه‌م به‌ته‌واوی تێكشكاوە، خانووه‌كه‌مان وێران بووبوو، ئه‌وه‌ی ئه‌و ڕۆژه بینیم و به‌سه‌رماندا هات، یاخوا به‌سه‌ر كه‌سدا نه‌یه‌ت، زامی ڤیان ساڕ‌ێژ نه‌بوو، ئه‌و جگه‌رگۆشانه‌ی دیكەیشی هاته سه‌ر، به‌ڕاستی ئیتر دنیامان لێ تاریك بوو.
(ئاڵامیدیا) به‌هۆی پێشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆجیا و مۆبایلی زیره‌ك، ئێستا هه‌ر كەسێ ده‌بینی بۆ خۆی وێنهگرێكه، ئایا هیچ كه‌س بۆ وێنه‌گرتن دێته لات؟
حه‌مه‌ی وێنه‌گر: هه‌تا پێش ئه‌وه‌ی مۆبایلی زیره‌ك بێت، ئیشی وێنه‌گر باش بوو، به‌ڵام ئێستا نا، تا ئێواره لێره‌م ئەگه‌ر كه‌سێك بێت ئیشی فۆتۆكۆپیی هه‌بێت، به‌ڕاستی خۆم حه‌ز ده‌كه‌م بێمه ده‌ره‌وه و له ماڵ دانه‌نیشم، چونكه ته‌مه‌نێك له‌م دوكانه و گه‌ڕه‌كه ژیانم به‌سه‌ر بردووه، دڵم پێی ده‌كرێته‌وه، ئه‌گه‌رچی جام و فیلمی ڕه‌ش و سپی له شه‌سته‌كانه‌وه لامه، هه‌مووی له‌ناو ئه‌و ده‌فته‌رانه پاراستوومه، هه‌ر كه‌سێك بیه‌وێ وێنه‌ی كه‌سێكی نزیكی له‌م ستودیۆیه بێ، له‌ناو ئه‌و ده‌فته‌ره‌دا نووسیومه، بۆیه هه‌ر له ڕێگای (ئاڵامیدیا)ەوە داوا له‌و كه‌سانه ده‌كه‌م، كه ده‌یانه‌وێ وێنه‌ی ئازیزێكی كۆچكردوویان ده‌ست بكه‌وێته‌وه، ده‌توانن بێن بۆ لام و وێنه‌كه‌یان ببه‌نه‌وه، ئه‌رشیفێكی دهوڵهمهندنم پاراستووه، ئه‌وه‌ی بۆ یه‌ك ڕۆژ له‌م دوكانه‌ی من وێنه‌ی گرتبێت، وێنەكەی به ناوی سیانییه‌وه له‌ناو ئه‌و ده‌فته‌رانه‌دا نووسیومه و پارێزراوە.
ئه‌م بابه‌ته 416
جار خوێنراوهتهوه
PM:06:31:22/12/2024