بۆچی لەم کاتەدا هەولێر؟
ستراتیژییەکی بەتاڵ...
حەسەن ئەحمەد مستەفا
(پێویستە، حکوومەتی کوردستان داوای ڕوونکردنەوە لەو لایەنانە بکات، کە لە بەغداوە هاتن و ئەم هەوڵە خراپەیان دا)
پرسیارێک دێتە پێشەوە، کاتێک گرووپگەلێکی گەندەڵ، کە زیاتر لە بیست ساڵە بازرگانیی بە خاک و خەڵکی عێراقەوە دەکەن، بەتایبەت ئەوانەی هاوتەریبن لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی بەرەیەکی دیاریکراو، لەژێر پەردەی پشتیوانیکردن لە مافی مامۆستایان، هەوڵ دەدەن سەرنجیان لەسەر هەولێر چڕ بکەنەوە، ئەمە مانای چییە؟
لە ئاستێکدا ستراتیژێکە بۆ دووپاتکردنەوەی دەسەڵات و کاریگەریی گرووپگەلێکی ئاڕاستەکراو لەبەرامبەر پاشەکشە ناوچەییەکانیان، بەتایبەتی، کە گۆڕانکارییەکانی لوبنان و سووریا ئەوانی لاواز کردووە، لەم کاتە گرنگەدا کەسانێک، کە خۆیان لە سەڕەی لاداندان، هەرێمی کوردستان بەئامانج دەگرن، ئەمەش وەک کارتێک بۆ دووپاتکردنەوەی هەژموونیان لەناو عێراق بەکار دێنن.
من باس لە حەق و ناحەقیی داواکارییەکانی مامۆستایان ناکەم، لێرە خۆم ناخەمە ناو ئەم پرسەوە، ڕووکارە سیاسییەکەی دەبینم، میوانەکانی خێمەکە دەبینم، ئەو میوانانەی بەجدیی ڕەزاگرانن و دێن موزایەدە دەکەن.
جگە لەوەش، گرووپگەلێک بە گرنگیدان، گوایە بە "مافی مامۆستایان"، پرسەکە بە شێوەیەک دادەڕێژنەوە، کە ئامانجی دیکەی لەپشتە.
ئامانجەکانی ئەم مانۆڕە سیاسییە بەرچاون. ئەگەر گرووپە نەیارەکانی عێراق لە هەوڵەکانیان بۆ ناسەقامگیرکردنی هەرێمی کوردستان، یان گواستنەوەی سەرنجی نەرێنیی سیاسیی دەرەوە، بەتایبەتی خۆرئاوا بە قازانجی بەغدا سەرکەوتوو بن، ئەوە دەکرێت لێکەوتەی درێژخایەنی بۆ سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و عێراقی هەبێت.
ئەم جۆرە هەوڵانە دەشێت ببنە هۆی دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان حکوومەتی فیدڕاڵ لە بەغدا و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە ئەگەری هەیە ببێتە هۆی نوێبوونەوەی ململانێ، یان قەیرانی سیاسی و دارایی، دووریش نییە، ئامانجێکیان لەبەینبردنی لێکگەیشتنی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان بێت، بۆیە پێویستە، حکوومەتی کوردستان داوای ڕوونکردنەوە لەو لایەنانە بکات، کە لە بەغداوە هاتن ئەم هەوڵە خراپەیان دا.
ببینن هاوسەنگیی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگۆڕاندایە. عێراقێکی ناسەقامگیر، بەتایبەتی لە ناوەڕاست و بەلای ناوچە کێشە لەسەرەکاندا، بەم هەنگاوانە ناسەقامگیرتر دەبێت.
هەڵبژاردنی هەولێری پایتەختی کوردستان، وەک خاڵی سەرەکیی ئەم هەڵمەتە ئاڕاستەکراوە، هەوڵێکە بۆ تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە.
پاڕادۆکسەکە ڕوونە، سەرەڕای پابەندبوونی هەرێمی کوردستان بە سیاسەتەکانی بەغدا، کێشەی دواکەوتنی مووچە لە 2024 بەردەوام بوو. ئەوەی ئەم دۆخە ئاڵۆزتر دەکات، کاردانەوەی هەمان ئەو کەسانەیە، کە سەردەمانێک بانگەشەیان بۆ مەرکەزیکردنی داهات دەکرد، ئێستاش لە دژی حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆپیشاندان دەکەن. ئەمەش پرسیارێکی گرنگ دەوروژێنێت، بۆچی ناڕەزایەتییەکانیان ئاراستەی بەغدا ناکەن، کە بەرپرس بووە لە دواکەوتنە بەردەوامەکان و دەگوترێت 2025 باشتر دەبێت.
ئەم پارادۆکسە ڕەنگدانەوەی ئەو دژایەتییە سیاسییە فراوانەیە، کە واقیعی ئێستای هەرێمی کوردستان هەیەتی، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە لە ساڵانی ڕابردوودا گفتوگۆ و دانوستاندنی بەردەوامی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی بەغدادا هەبووە، ناکرێت لە دەرگەیەکی دیکەوە بێنەوە و بیانەوێ سازشی زۆر بە حکوومەتی کوردستان بکەن.
PM:10:20:09/02/2025
ئهم بابهته 360
جار خوێنراوهتهوه