كاكه‌ڕه‌ش سدیق: كێشه‌ی جوتیارانی ناوچه‌جێناكۆكه‌كان سیاسییه‌




سەرۆكی ئۆفیسی كەركوكی لیژنەی جێبەجێكردنی ماددەی ١٤٠ رایدەگەیەنێت: "كارەكانی لیژنەی تایبەت بەكێشەی جوتیاران لەناوچە جێناكۆكەكان بەباشی بەڕێوەدەچێت و گەیشتووین بەو دەرئەنجامەی كەرێگرییەكان سیاسیین و كۆمەڵێك كەس بەهاندانی هەندێك لایەن رێگری لەجوتیارانی كورد دەكەن"، دەشڵێت: "بەهەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕشی لەناوچوو (سەورە)، 80% ی كێشەی جوتیاران لەو ناوچانە چارەسەر دەبن".

كاكه‌ڕه‌ش سدیق سەرۆكی ئۆفیسی كەركوكی لیژنەی جێبەجێكردنی ماددەی ١٤٠ لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "لەسەر سكاڵای جوتیارانی كورد لەناحیەی پەڵكانە، حكومەتی فیدراڵ رۆژی 15-12-2024، بڕیاریدا بەپێكهێنانی لیژنەیەك سەبارەت بەكێشەی جوتیاران لەناوچە جێناكۆكەكان بەسەرۆكایەتی وەزیری پێشوی كشتوكاڵ و بەنوێنەرایەتی كوردو عەرەب، هاوكات ئێمەش تێیدا كاردەكەین و كارەكانی لیژنەكە بەباشی بەڕێوەدەچێت".

راشیگەیاند: "گەیشتووین بە كۆمەڵێك دەرئەنجام و سەرەداوی نوێ كەرێگرییەكان زیاتر سیاسیین و كۆمەڵێك كەس بەهاندانی هەندێك لایەن رێگری لەجوتیارانی كورد دەكەن كەزەوییە كشتوكاڵییەكانیان بەكاربێنن، لەكاتێكدا مافی ئەو عەرەبانە نییە بگەڕێنەوە بۆ سەر ئەو زەویانە".

سەرۆكی ئۆفیسی كەركوكی لیژنەی جێبەجێكردنی ماددەی ١٤٠ وتیشی: "هەر بۆ ئەو مەبەستە لیژنەیەك لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق هاتوونەتە ناوچەكەو ئەگەر ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بڕیارەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕشی لەناوچوو (سەورە)، هەڵبوەشێنێتەوە  ئەوا 80% ی كێشەی جوتیاران لەو ناوچانە چارەسەر دەبن".





ئه‌م بابه‌ته 192 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:11:52:21/12/2024