بارزانی و تاڵهبانی دوپهیام وهك یهك
بارزانی و تاڵهبانی دوپهیام وهك یهك لە ساڵیادی جینۆسایدكردنی ئێزیدییەكان لە شنگال:
مەسعود بارزانی
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
ئەو تاوانەی تیرۆریستانی داعش دوازدە ساڵ بەر لە ئێستا لە دژی خوشك و برا ئێزیدییەكانمان ئەنجامیان دا ئازارێكە بۆ تاهەتایە لە یادی كوردستانیاندا دەمێنێتەوە. ئێزیدییەكان بەهۆی كوردبوون و رەسەنایەتی و بیروباوەڕی ئایینیانەوە كەوتنە بەر شاڵاوی رق و رەفتاری نامرۆڤانەی تیرۆریستانی داعش و جینۆساید كران. ئەو تاوانەی لەسەر دەستی داعش لە دەڤەری شنگال ئەنجام درا درێژەكراوەی ئەو زنجیرە كارەسات و كۆمەڵكوژی و تاوانانە بوو كە بە درێژایی مێژوو دژی گەلی كوردستان ئەنجام دراون.
لە دوازدەهەمین ساڵیادی ئەو كارەساتەدا، سڵاو بۆ گیانی شەهیدان و قوربانیانی ئەو تاوانە، سڵاو بۆ دلێری و چاونەترسیی ئەو پێشمەرگە قارەمانانە كە لەسەر چیای شنگال مانەوە و رێگەیان نەدا دەستی تیرۆریستان بە چیای شنگال بگات، سڵاو بۆ وەفا و ئازایەتیی هەموو ئەو پێشمەرگە قارەمانانە كە بۆ شكاندنی ئابڵوقەی چیای شنگال و ئازادكردنی شاری شنگال خوێنیان بەخشی و ئەفسانەی داعشیان تێكشكاند. هەروەها پڕ بە دڵ سوپاسگوزاریی خۆمان ئاڕاستەی هەموو تاکێکی سەربەرزی کوردستان دەکەین، کە وەک یەک جەستە هاوسۆز و هاوخەمی خوشک و برایانی ئێزیدی بوون، لەگەڵ رێز و سوپاسی زۆرمان بۆ هێزەکانی هاوپەیمانان کە رۆڵی دیاریان بینی لە یارمەتیدانی پێشمەرگە و پاشەکشەپێکردن و تێکشکاندنی تیرۆریستاندا.
لە یادی ئەو كارەساتەدا بۆ خوشك و برایانی ئێزیدی، دووپاتی دەكەمەوە كە بە هەموو توانایەك پشتیوانی خواست و داواكارییەكانیانم. داواشیان لێ دەكەم لەپێناو مسۆگەركردنی دواڕۆژی گەش، لەناو خۆیاندا یەكڕیز بن و هیوایان بە پاشەڕۆژ هەبێت. بێگومان، ئەو دۆخە سەپێنراو و نائاساییەی لە شنگالدا هەیە، تا سەر نابێت و دەبێت خوشک و برا ئێزیدییەکانمان بە سەربەرزییەوە بگەڕێنەوە سەر زێدی باب و باپیرانیان و قەرەبووی زیان و ئازارەكانیان بكرێت.
هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدانی شنگال و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی كوردستان
مەسعود بارزانی
3ی ئابی 2026
دەقی پەیامی بافڵ تاڵەبانی:
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ڕاگەیێنراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی شنگال بە سست و ناتەواو بەڕێوەدەچێت و داوای وەرچەرخانێکی جدی لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ناوچەیە دەکات. سەرۆکی یەکێتی لە ساڵیادی جینۆسایدی ئێزدییەکاندا، هۆشداری دەدات کە هەنگاوەکان بۆ سڕینەوەی ئاسەواری شەڕ لە ئاست قەبارەی ئەو زامە قووڵەدا نین کە بەر خەڵکی ناوچەکە کەوتووە. ئەم هەڵوێستە جەخت لەسەر پێویستی دەرهێنانی شەنگال لە کێبڕکێی لایەنە سیاسییەکان دەکاتەوە.
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان:
داگیرکردنی شەنگال و کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان بە زامێکی لەبیرنەکراوی نەتەوەیی و نیشتمانی پێناسە دەکات.
ئاماژە بەوە دەکات کە هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوە و قەرەبووکردنەوەی خەڵکەکە لە ئاست قەبارەی کارەساتەکەدا نین.
داوا دەکات ئەم ساڵیادە ببێتە هاندەرێک بۆ یەکخستنی هەوڵەکان و ئاوڕدانەوەی جدیتر لە خەڵکی ناوچەکە.
جەخت دەکاتەوە کە دەبێت دۆسیەی شەنگال لە دەرەوەی ململانێ سیاسییەکان بەڕێوەببرێت.
دووپاتی دەکاتەوە کە یەکێتی بەردەوام لە خەمی سڕینەوەی ئاسەواری تاوانەکان و گەڕاندنەوەی هیوادایە بۆ ئێزدییەکان.
دۆخی ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە:
پرسی ئاوەدانکردنەوەی شەنگال لە دوای تێپەڕبوونی ساڵانێکی زۆر بەسەر کۆنتڕۆڵکردنەوەی، هێشتا وەک یەکێک لە کێشە سەرەکییەکان ماوەتەوە. بەپێی ئامارەکان، بەشێکی زۆری ژێرخانی ئابووری، خانوو و پەرستگاکانی ناوچەکە وەک خۆیان وێرانە ماونەتەوە. ئەم دۆخە بووەتە ڕێگر لەبەردەم گەڕانەوەی بەکۆمەڵی ئاوارەکان بۆ سەر زێدی خۆیان.
ئهم بابهته 700
جار خوێنراوهتهوه
PM:09:28:03/08/2026