عێراق زۆربه‌توندی هاته‌ جواب


لە ڕاگەیەنراوێكدا كە سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عێراق بڵاوی كردووەتەوە هاتووە: ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانی عێراق سەرکۆنەی هێرشەکان دەکات، ئەم دەستدرێژییە لە کاتێکدایە کە حکومەتی عێراق لە پەیوەندییەکی بەردەوامدا بووە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ لێکۆڵینەوە و چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە سعوودیە و ئەمریکا ئاماژەیان پێدابوو سەبارەت بە بەئامانجگرتنی خاکی سعوودیە.

٠ ئەنجوومەنی ئاسایش چەند بڕیارێكی دا، لەوانە دانانی پلانێکی ئەمنیی بۆ مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی هەر پێشێلکارییەک  کە دەکرێتە سەر سەروەریی خاكی عێراق یان لە عێراقەوە ئەنجام دەدرێت بۆ وڵاتانی دراوسێ.

٠ ئەنجوومەن وەزارەتی دەرەوەی ڕاسپارد بۆ گرتنەبەری ڕێکار بەپێی یاسای نێودەوڵەتی و پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەڵگەدارکردنی ڕووداوەکە و جێگیرکردنی مافەکانی عێراق.
 بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، کۆبوونەوەکە جەختی لە هەڵوێستی نەگۆڕی حکومەت کردەوە لە ڕەتکردنەوەی سەرجەم کردەوە دوژمنکارانەکان، بەبێ گوێدانە ئەو لایەنەی ئەنجامی دەدات یاخود ئەو پاساوانەی پشتی پێ دەبەستێت، هاوکات مامەڵە و بەرەنگاری هەر دەسترێژییەک ئەرکی تەنیا حکومەتی عێراقە. ئەنجوومەنی ئاسایش پابەندبوونی حکومەتی نوێکردەوە بۆ چەسپاندنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا، بەشداریی کارا لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی نێودەوڵەتی، بەکارهێنانی سیاسەیی دەرەوە لەسەر بنەمای دیالۆگ، هاوکاری، ڕێزگرتن لە یاسای نێودەوڵەتی و بنەماکانی دراوسییەتی باش.

بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، ئەنجوومەنی ئاسایش جەخت لە بەردەوامبوون لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئەمنی بۆ کشانەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە کۆتایی مانگی ئەیلوولی 2026 و تەواوکردنی ڕێکارەکانی پلانی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت، داواش لە هەموو لایەنەکان دەکات ڕێگر بن لەو ڕێکارانەی كە دەبنە هۆی تێکچوونی زیاتری سەقامگیری لە ناوچەکەدا.



ئه‌م بابه‌ته 388 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:06:04:29/07/2026