نێچیرڤان بارزانی داوا لە حکوومەتی فیدراڵ ده‌كه‌م بەرپرسیارێتیی خۆی لە پاراستنی گیانی سڤیلەکان جێبەجێ بکات.


نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکەی شەوی ڕابردووی سەر گوندێکی پارێزگای هەولێر دەکات کە بووە هۆی شەهیدبوونی دوو هاوسەر، و داواش لە حکوومەتی فیدراڵ دەکات بەرپرسیارێتیی خۆی لە پاراستنی گیانی سڤیلەکان جێبەجێ بکات.

دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان:

زۆر بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە تیرۆرستییه‌ ده‌كه‌م كه‌ دره‌نگانى شه‌وى ڕابردوو به‌ درۆن كرایه‌ سه‌ر ماڵی هاووڵاتییه‌ك لە گوندى زه‌رگه‌زه‌ویى سه‌ر به‌ پارێزگاى هه‌ولێر و له‌ ئه‌نجامدا زۆر به‌داخه‌وه‌ دوو هاوسه‌ر شه‌هید بوون.

پرسە و سەرەخۆشیی قووڵم ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدان دەکەم، لە دڵه‌وه‌ هاسۆز و هاوخه‌میانم. له‌ خودای مەزن داواکارم گیانیان به‌ به‌زه‌یى و میهره‌بانیى خۆى شاد بكات و ئارامى و دڵنه‌وایى به‌ بنه‌ماڵه‌ و كه‌سوكاریان ببه‌خشێت.

ئه‌م هێرشانه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک قبووڵکراو نین و به‌ ته‌واوی ڕه‌تکراوه‌ن. پێویسته‌ حکوومەتی فیدراڵیی عێراق ئه‌رك و بەرپرسیاریه‌تیی خۆی جێبەجێ بکات بۆ ڕێگریكردن له‌م تاوان و هێرشه‌ تیرۆرستییانه‌ و چیتر ئەم دەستدرێژییانە بۆ سەر خەڵکی سڤیل و بێتاوانى هەرێمی کوردستان دووبارە نەبنەوە.

 

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆکی هەرێمی کوردستان

٢٠٢٦/٤/٧


 



ئه‌م بابه‌ته 224 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:12:48:07/04/2026