هونه‌رمه‌ند به‌كرحەمه‌ده‌روێش:
كاره‌كته‌ری ملازم حه‌بیب زیاتر منی به بینه‌رناساند
كه‌ویار عومه‌ر: سلێمانی
هونه‌رمه‌ند و ئه‌كته‌ری بواری نواندن،به‌كرحەمه‌ده‌روێش، كاره‌كته‌رله‌زنجیره درامای گه‌رده‌لوول، ڕۆڵی ملازم حه‌بیبی به‌رجه‌سته كرد. له‌سه‌ر كۆی به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌كانی و به‌شداریی به‌رده‌وامی له به‌شه‌كانی گه‌رده‌لوولدا، (ئاڵامیدیا)ئەم دیدارەی له‌گه‌ڵدا سازكرد، سەبارەت بە رۆڵی لە بەشی داهاتووی گەردەلوولدا رایگەیاند: ”لە بەشی چوارەمی گەردەلوولدا هەمان رۆڵم هەیە پلەكەم بەرز كراوەتەوە بۆ نەقیب"
(ئاڵامیدیا)سه‌ره‌تا چۆن هه‌ستت كرد به‌هره‌ی هونه‌رییت تێدایه؟
به‌كر حه‌مه‌ده‌روێش: له پۆلی پێنجه‌می سه‌ره‌تاییدا بووم، به‌شداریی چالاكیی ساڵانه‌ی قوتابخانه‌م كرد، له‌و كاته‌وه هه‌ستم كرد به‌هره‌ی نواندنم تیایه و هاندانی مامۆستا و هاوپۆله‌كانم هۆكار بوو بۆ ئه‌وه‌ی له كاروانی هونه‌رییمدا به‌رده‌وام بم.
(ئاڵامیدیا)تا چه‌ند له كاره هونه‌رییه‌كانی ڕابردووت ڕازیت، كه له ڕێگای سیدییەوە له بازاڕه‌كان ده‌فرۆشرا؟
به‌كر حه‌مه‌ده‌روێش: له هه‌ر قۆناغێكدا هونه‌ر بینه‌ری خۆی هه‌یه، بۆیه ده‌كرێت بڵێم، بۆ ئه‌و ژینگه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه و به‌تایبه‌تی دوای ڕاپه‌ڕینی گه‌لی كوردستان، كه‌ناڵی ناوخۆی كوردی وه‌ك پێویست نه‌هاتبووه ئارا، بۆیه به‌رهه‌مه‌كان بازاڕیی تۆمار ده‌كران و به ڕێگای سیدی ده‌فرۆشران.
(ئاڵامیدیا) بۆچی تا ئێستا بیر له‌وه نه‌كراوه‌ته‌وه، هونه‌رمه‌ندی بواری نواندن شاره‌زایی له ئه‌سپسواری و مه‌له‌وانی و... تد هه‌بێت؟
به‌كر حه‌مه‌ده‌روێش: زۆر ڕاسته، ئێمه‌ی هونه‌رمه‌ندان به‌تایبه‌تی ئه‌كته‌ری نواندن، ده‌بێ شاره‌زای ته‌واوی هه‌بێت له ئه‌سپسواری و مه‌له‌وانی و زۆر پیشە و هونەری دیكە، چونكه ڕۆڵ هه‌یه پێویستی به‌و شتانەیه كه باسی لێوه كرا، به ڕای من ئه‌مه بۆشیاییه‌كی زۆر گه‌وره‌یه له‌ناو ئه‌كته‌ره‌كان، ئێستا كارێكی هونه‌ریی هه‌یه له‌سه‌ر كه‌سایه‌تییه‌كی ناودار، له یه‌كێك له عه‌شیره‌ته‌كانی كوردستان، پێویستیان به هونه‌رمه‌ندێكه ڕۆڵێك بگێڕێت، له هه‌مان كاتدا ئه‌و كاره‌كته‌ره ده‌بێ شاره‌زایی له ئه‌سپسواریدا هه‌بێت، نه‌بوونی ئه‌كته‌ر بەم خەسڵەتانەوە گرفتە.
(ئاڵامیدیا) له مێژووی كاری هونه‌ری نواندندا، كام به‌رهه‌مه‌ت به كرچوكاڵ هه‌ژمار ده‌كه‌یت و لێی په‌شیمانیت؟
به‌كر حه‌مه‌ده‌روێش: ئه‌و كاره هونه‌رییانه‌ی له كاتی خۆی پێشكەشم كردوون، له هیچیان په‌شیمان نیم، چونكه ئه‌وانه منیان گه‌یانده ئێستا.
(ئاڵامیدیا)بۆچی له‌سه‌ر هه‌ژمار‌ی ڤایبه‌ره‌كه‌ت وێنه‌ی خۆت به ده‌ركه‌وتنی جلوبه‌رگی ئه‌منیی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی به‌عسییه‌كان (ملازم حه‌بیب) داناوه، له‌كاتێكدا ئه‌مانه به‌رامبه‌ر ڕۆڵه‌كانی كورد قێزەونن، ئایا پێی سه‌رسامی؟
به‌كر حەمه‌ده‌روێش: ئه‌و وێنه‌یه‌ی ملازم حه‌بیب، كه له زنجیره درامای گه‌رده‌لوولدا ڕۆڵم تێدا به‌رجه‌ست كرد، ئێستا له‌سه‌ر ژماره‌ی ڤایبه‌ره‌كه‌م دامناوه، ئه‌مه پێشنیاری ئه‌و خۆشه‌ویستانه‌یه كە به‌و ڕۆڵه سه‌رسام بوون، ته‌نانه‌ت نووسه‌رێكی عه‌ره‌ب له یه‌كێك له ڕۆژنامه عه‌ره‌بییه‌كان نووسیبووی، ته‌نیا ئه‌و هونه‌رمه‌نده توانیویه‌تی بچێته ڕۆڵی (ملازم حه‌بیب) نایشارمه‌وه ئه‌و ڕۆڵه زیاتر منی به بینه‌ری ئێستا ناساند.
(ئاڵامیدیا)ئه‌وه‌نده‌ی ئاگادارین ئێستا كار له‌سه‌ر به‌شی چواره‌می گه‌رده‌لوول ده‌كرێت، ئایا رۆڵی ملازم حه‌بیب له‌و به‌شه‌شدا به‌رده‌وام ده‌بێت؟
به‌كر حه‌مه‌ده‌روێش: به‌ڵێ پێم گوتراوه و ڕۆڵه‌كان دیاری كراون، من به هه‌مان ڕۆڵ به‌شدار ده‌بم و ئه‌م جاره پله‌كه‌م به‌رز كراوه‌ته‌وه بۆ نه‌قیب.
(ئاڵامیدیا) ده‌كرێت بزانین به‌شی چوارەمی گه‌رده‌لوول له ساڵی چه‌ند بۆ چەندە؟
به‌كر حەمه‌ده‌روێش: ئه‌وه‌نده‌ی ئاگادار بم، ده‌رهێنه‌ر جه‌لیل زه‌نگه‌نه ڕایگه‌یاندووه، كە ئەو بەشەیە له ساڵی 1982 تا ده‌سپێكی ڕاپه‌ڕینی 1991 ده‌بێت، بێ گومان له‌و زه‌مه‌نه‌ی تێدا دیاری كردووه، ئه‌نفال و كیماباران و هه‌موو ڕووداوه تراژیدییه‌كانی له‌خۆ گرتووه.
(ئاڵامیدیا) دوای ته‌مه‌نێك له‌ناو كاری نواندن، ده‌توانیت بڵێیت زنجیره‌درامای گه‌رده‌لوول تۆی گه‌یانده لوتكه؟
به‌كر حه‌مه‌ده‌روێش: بەر لە درامای گه‌رده‌لوول به‌شداریی ده‌یان كاری هونه‌رییم كردووه، به‌ڵام زنحیره‌درامای گه‌رده‌لوول، باس له گێڕانه‌وه‌ی گەلێكی مه‌زڵووم ده‌كات، هه‌ر كه‌سێك ئه‌گه‌ر ته‌نیا به كۆمبارسیش له گه‌رده‌لوول ده‌ركه‌وتبێت، له‌لای بینه‌ر ناسرا، گه‌رده‌لوول هونه‌رمه‌ندانی كۆن و نویێ كۆ كرده‌وه و دووباره زیندووی كردنه‌وه.
(ئاڵامیدیا) وه‌ك ئه‌كته‌رێكی به‌شداربوو لە هه‌ر سێ به‌شی گه‌رده‌لوول، كام به‌ش له هه‌موویان زیاتر وێنای خۆی پیشان دا؟
به‌كر حەمه‌ده‌روێش: وه‌ك ئه‌كته‌رێك له هه‌ر سێ به‌شه‌كه به‌شدار بووم، هیچ كارێك بێ كه‌موكوڕی نابێت، گه‌رده‌لوول له هه‌ر به‌شێكیدا باس له سه‌رده‌مێك ده‌كات، ئه‌مه‌یه ئه‌گه‌ر بینه‌ر تێڕوانینی هه‌بێت له‌سه‌ر به‌شه‌كان.
(ئاڵامیدیا)ده‌گوترێت درامای گه‌رده‌لوول ئه‌وه‌نده‌ی ده‌ركه‌وته‌ی یه‌ك لایه‌نی سیاسییە، ئه‌وه‌نده نه‌یتوانیوه باس له مێژووی نه‌ته‌وه‌یه‌ك بكات، له‌مباره‌یه‌وه چی ده‌ڵێی؟
به‌كر حەمه‌ده‌روێش: من وه‌ك ئه‌كته‌رێك وای نابینم، چونكه له به‌شی یه‌كه‌م هه‌تا به‌شی سێیه‌می گه‌رده‌لوول، باس له ڕۆڵی هه‌موو پارته سیاسییه‌كانی كوردستان ده‌كات، بۆ نموونه هونه‌رمه‌ند عومه‌ر دڵپاك كه ڕۆڵی حاجی سه‌عیدی به‌رجه‌سته كرد، وه‌ك بنه‌ماڵه‌یه‌كی كوردپه‌روه‌ر له شاری سلێمانی و هه‌میش وەك فه‌رمانده‌یه‌ك له ڕابردوو له شۆڕشی ئه‌یلوول رۆڵی هه‌بووه، لەو ڕوانگه‌وه، له ڕێگای كامۆی كوڕی كه قوتابیی زانكۆیه، ڕێكخستنه‌كانی ناوشار متمانه‌ی پێده‌كه‌ن، ئازاد كه پێشمه‌رگەیه‌كی برینداره و ده‌یبه‌نه ماڵی حاجی سه‌عید، بۆ ماوه‌یه‌ك له‌ناوجه‌رگه‌ی به‌عسییه‌كان له ناوشار حه‌شاری ده‌ده‌ن، ئه‌مه بۆخۆی ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێت كه شۆڕش نه‌فه‌وتاوه و درێژه‌ی هه‌یه.
(ئاڵامیدیا): پێت وانییه بینه‌ر له بینینی درامای گه‌رده‌لوول و گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و مێژووه بێزار بووه؟
به‌كر حەمه‌ده‌روێش: بۆیه ئه‌گه‌ر به‌وردی بگه‌ڕێینه‌وه بۆ مێژوو، به چه‌ندین زنجیره كۆتایی نایه‌ت، چونكه كورد، خاوه‌نی مێژوویه‌كی پڕ به‌های كوردایه‌تین، وه‌ك شێخ مه‌حموودی نه‌مر و شێخ سه‌عیدی پیران و قازی محەمه‌د و بارزانیی نه‌مر، هه‌تا دوایی، ئه‌وه‌ی له زنجیره‌درامای گه‌رده‌لوولدا پیشان درا، به هه‌موو تاكێكی ئه‌م وڵاته‌ی گوت، نابێت خوێنی هه‌زاران شه‌هید و خاپووركردنی گونده‌كانی كوردستان و ئه‌نفالكردنی خه‌ڵكی بێ‌تاوان له‌لایه‌ن ڕژێمی ئه‌و سه‌رده‌می به‌عس له‌بیر بكرێت، پێم وایه نووسینه‌وه‌ی ئه‌و چیرۆكانه، نه‌وه به‌دوای نه‌وه له زوڵمی داگیركه‌ران به‌ئاگا ده‌هێنێته‌وه، من وای نابینم بینه‌ر له گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و مێژووه بێزار بێت.
ئه‌م بابه‌ته 444
جار خوێنراوه‌ته‌وه
PM:07:56:30/01/2025