(میدیا حسێن)سسته‌رم دی، به‌ڵام گه‌وهه‌رم نه‌دی
هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژ، ئاوازدانه‌ر وشاعیروپێشكه‌شكار(میدیا حسێن) له چاوپێكەوتنێكیدا لەگه‌ڵ (ئاڵامیدیا)، باس له‌كاره هونه‌رییه‌كانی ده‌كات وساڵی (1978) به ده‌ستپێك بۆ كاری هونه‌ریی خۆی دادەنێ، وه‌ك خۆی گوتی: ”یه‌كه‌م به‌رهه‌مم به سێ گۆرانی ده‌ست پێكرد، كه له یادی نه‌ورۆز بوو له ڕادیۆی به‌غدا". میدیا حسێن له قسه‌كانی نیگه‌ران دیار بوو، گوتی: ”به‌داخه‌وه هیچ كه‌س خه‌مخۆری شاعیران و هونه‌رمه‌ندان نییه."
كه‌ویار عومه‌ر:ئاڵامیدیا سلێمانی
(ئاڵامیدیا)، وه‌ك ئاشكرایه ته‌مه‌نی هونه‌ریی ئێوه نزیك له نیو سه‌ده‌یه، ئایا سه‌ره‌تا به كام به‌رهه‌م ده‌ستت پێ كرد؟
میدیا حسێن: ساڵی 1978 بۆ یه‌كه‌م جار له به‌شی كوردیی ڕادیۆی به‌غدا، گرووپێكی هونه‌ری میللییم هه‌بوو به ناوی گرووپی میللیی میدیا. براده‌رانی گرووپ ئه‌و ناوه‌یان هه‌ڵبژارد، كه مه‌به‌ست له ناوی به‌نده نه‌بوو، به‌ڵكوو مەبەست لە ناسناوی ده‌وڵه‌تی میدیا بوو، ئه‌وانه‌ی له‌و گرووپه به‌شدار بوون، هونه‌رمه‌ندی میللیی كۆچكردوو جه‌لال چه‌مچه‌ماڵی، هونه‌رمه‌ند وه‌لی عه‌بدوڵا كه ناسرابوو به مام وه‌لی عه‌بدوڵا سه‌یدزاده، به‌نده‌ی براتان، كه گۆرانیبێژ بووم له‌و گرووپه، سێ گۆرانیم گوت، گۆرانییه‌كی فارسی بوو وه‌رمگێڕا بۆ زمانی كوردی، ئه‌گه‌رچی له ڕووی كوالێتی و تازه‌گه‌ری ئاوازه‌كه فارسی بوو، هی په‌ری زه‌نگه‌نه بوو، هونه‌رمه‌ند ڕامشیش به‌م شێوه‌یه گوتبووی، هه‌ی هه‌ی ڕه‌شی خان سه‌رداری كوردی قوچان، من كردم بە (هه‌ی هه‌ی شلێر گیان). گۆرانییه‌كی دیكەم تێدا گوت به ناوی (ئۆخه‌ی له‌و باڵا به‌رزه). ئه‌و دوو گۆرانییه خۆم تێكستم بۆ دانان، گۆرانیی سێیه‌م ئێستا بیرم نایه‌ته‌وه، ده‌توانم بڵێم ئه‌و سێ گۆرانییه ده‌سپێكی كاری هونه‌ریم بوو له ڕادیۆی به‌غدا، كه له یادی نه‌ورۆز تۆمارم كرد.
(ئاڵامیدیا)، هاتنه ناو كاری هونه‌ریییت به ڕێكه‌وت بوو، یان بە خولیا و بەرنامە؟
میدیا حسێن: ناتوانم بڵێم به ڕێكه‌وت بوو، خواست و ئاره‌زوو و خولیای خۆشمی له‌سه‌ر بوو، چه‌ندین جار له دیداره‌كانم باسم كردووه، كاتی خۆی ڕێكۆده‌رێكمان هه‌بوو، پێیان دەگوت ته‌سجیلی به‌كره، واته كاسێت نه‌بوو، ئه‌و ته‌سجیله له چایخانه‌كه‌ی باوكی ڕه‌حمه‌تیم بوو، كه زۆر جار گوێبیستی به‌رهه‌مه‌كانی هونه‌رمه‌ندان حه‌سه‌ن زیره‌ك، مامۆستا عه‌لی مه‌ردان، سه‌ید عه‌لی ئه‌سغه‌ری كوردستانی، ئه‌حمه‌د شه‌ماڵ، حه‌مه‌ساڵح دیلان، كه‌ریم خه‌مزه‌یی و فایه‌ق داوده و سه‌ڵاح داوده و ده‌یانی دیكە دەبووین، باوكم زۆر گوێی لە نازم غه‌زالی دەگرت، ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه ته‌نانه‌ت ئاوازه‌كانیان، ده‌نگیان، هه‌موویان كه‌م تا زۆر جێگای خۆیان له ناخ و له هزری مندا كردبووه‌وه، دوای ئه‌وه‌ی له ساڵی 1979 له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند كه‌مال محمه‌د بانگ كراین بۆ سه‌ربازیی زۆره‌ملێ، ئه‌وه بوو هه‌ر له سه‌ره‌تای مه‌شق هه‌ڵهاتین، دوای ماوه‌یه‌ك ده‌ستگیر كراین و بردیانین بۆ زیندانی سه‌ربازگه، ئه‌گه‌رچی زیندانی سه‌ربازگه جیاوازتره له زیندانه‌كانی دیكە و دژوار نییه، ئازادی له هه‌ڵسوكه‌وت، ته‌نیا ئه‌وه‌یه ناتوانی بچیته ده‌ره‌وه‌ی سه‌ربازگه‌كه، یان بگه‌ڕێیته‌وه بۆ ماڵه‌وه. له‌گه‌ڵ (كاك كه‌مال محه‌مه‌د) دوو كاسێتمان تۆمار كرد، یه‌كێ له‌و گۆرانییانه گۆرانیی (شێخ فه‌تاح شێخ محێدین) بوو، ئه‌و كاسێته‌مان بۆ بڵاوكردنه‌وه تۆمار نه‌كرد، به‌ڵكوو بۆ كه‌سوكارمان نارد، ئه‌وه‌بوو بڵاو كرایه‌وه و ده‌نگدانه‌وه‌ی باشی هه‌بوو.
(ئاڵامیدیا)، ئه‌ی چۆن لە بەندیخانە ئامێری تۆماركردنی ده‌نگتان په‌یدا كرد؟
میدیا حسێن: سه‌ربازێكی عه‌ره‌ب ئه‌ویش له سه‌ربازی سه‌رپێچیی كردبوو، له ژووره‌كه‌ی ئێمه بوو، ته‌سجیلێكی لابوو سانكۆیان پێ ده‌گوت، ئه‌و سه‌رده‌مه له كۆمپانیا‌ی ئه‌فه‌ریقی به (17) دیناری عێراقی دابه‌ش ده‌كرا، كابرای عه‌ره‌ب ته‌سجیله‌كه‌ی پێ داین كه كاسێتێكی له‌گه‌ڵدا بوو، گوتی ئه‌وه به‌كار بهێنن، ئیتر شه‌وێكیان ئه‌و به‌رهه‌مه‌مان تۆمار كرد، كه دواتر به‌ناوی كه‌مال و میدیا ده‌نگی دایه‌وه.
(ئاڵامیدیا)، ده‌گوترێ به‌رهه‌می (سسته‌رێ گه‌وهه‌رێ) له‌و سه‌رده‌مه بۆ كه‌سێكی تایبه‌تت گوتووه، ئەوە تا چه‌ند ڕاسته؟
میدیا حسێن: سسته‌ر به ئینگلیزی واتای خوشك، ئه‌گه‌رچی سسته‌رم دی، به‌ڵام گه‌وهه‌رم نه‌دی، گۆرانییه كوردییه‌كان هه‌ریه‌كه باس له شتێك ده‌كەن، بۆ نموونه (باخه‌وان من غه‌ریبم، یه‌ڵا شۆفێر، یه‌ڵا كاكی زه‌ڕه‌نگه‌ر.. تد) ناكرێت هه‌ر گۆرانیبێژێك ناوێك بهێنێت، بگوترێت بۆ فڵانی گوتووه، ئینجا من له‌و سه‌رده‌مه‌دا ته‌مه‌نم له‌و ئاسته‌دا نه‌بوو بیر له سسته‌رێ بكه‌مه‌وه، ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ گۆرانییه‌كی هونه‌رمه‌ند كۆچكردوو حه‌سه‌ن زیره‌ك، كه گۆرانیی بۆ دكتۆر گوتووه، منیش گوتم به‌پێچه‌وانه‌وه با بۆ ڕه‌گه‌زی به‌رامبه‌ری بڵێم، گۆرانیی سسته‌رێ بۆ كه‌سێكی تایبه‌ت نه‌گوتراوه و هیچ چیرۆكێكی له‌پشته‌وه نه‌بووه.
(ئاڵامیدیا)، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی توانایه‌كی باشت هه‌یه له نووسینی تێكستی شیعری و دانانی ئاواز، ئه‌ی تا چه‌ند له ئامێره ژێدارە‌كان شاره‌زای؟
میدیا حسێن: تا ڕاده‌یه‌ك شاره‌زای ئامێره ژێدارەكانم، به‌ڵام زیاتر له سی ساڵه سێ بۆ چوار جار ده‌ستم به‌ر ئامێره‌كان نه‌كه‌وتووه، ئه‌گه‌ر بچیته ناو ئه‌رشیفه‌كانم له چه‌ناڵی یوتووب، گۆرانیی (ڕێگای كانی) به‌رهه‌می من و كه‌مال محه‌مه‌د، كه‌مانچه مامۆستا دلێر حسێن، كیبۆرد كاوه حاجی كه‌ریم، ئامێری بانجیۆی تیایه، زۆر كه‌س وایان ده‌زانی ئامێری تاره، ئه‌و بانجوێیه خۆم ژه‌نیومه، هیوادارم كه‌سانێك كه گوێیان لێ گرت هه‌ستی بۆ ڕاگرن، بزانن ئه‌و تڕێل و لێدانی ڕیشه و گرتنی كۆرد، له كاتی گوتنی گۆرانییه‌كه‌م، بزانن به‌و بانجوێیه له‌گه‌ڵ كه‌مانچه‌كه‌ی دلێر حسێن چ گرووپێكمان خوڵقاند و چ مۆسیقایه‌ك به‌رهه‌م هات.
(ئاڵامیدیا)، تۆماركردنی به‌رهه‌می ساڵانی هه‌شتاكان به ته‌سجیلێك بوو، به‌ڵام هه‌تا هه‌نووكه ئه‌و به‌رهه‌مه له‌چاو به‌رهه‌مێكی ئێستا به ته‌كنه‌لۆژیای پێشكه‌وتوو له یادی بیسه‌راندا به‌زیندوویی ماوه‌ته‌وه، هۆكار چییه؟
میدیا حسێن: ده‌كرێت به جۆرێك پێناسه‌ی به‌رهه‌می ئێستا و ساڵانی حه‌فتاكان و هه‌شتاكان بكه‌ین، جاران له گونده‌كان میوه‌ی كورده‌واریمان بۆ ده‌هات، ئه‌گه‌رچی ڕه‌نگ و ڕوخساری جوان نه‌بوو، به‌ڵام تامی زۆر خۆش بوو، به‌راورد له‌گه‌ڵ میوه‌ی ئێستا، ده‌توانم بڵێم ته‌كنه‌لۆجیا خۆی له هه‌موو شتێك هه‌ڵقورتاند كه ده‌نگه‌كان بوون به ئیكۆ لێزه‌ر، ته‌نانه‌ت ڕه‌سانه‌یه‌تی له هه‌ڵبژاردنی تێكست و شیعردا نه‌ما.
(ئاڵامیدیا)، به‌هره‌ی نووسینی شیعرت چۆن تێكه‌ڵ به هونه‌ری گۆرانیوتن بوو؟
میدیا حسێن: سه‌ره‌تا زۆر له خۆم ڕانه‌ده‌بینی ده‌ست بۆ شیعری شاعیره گه‌وره‌كان به‌رم، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی بنەماكانی شیعریان تیایه، كه به كۆپله ده‌گوترێن، یان چه‌ند به‌یتێك هه‌ڵده‌بژێری و كۆمه‌ڵی ده‌كه‌یت، دواتر ده‌یكه‌یته گۆرانی، بۆ نموونه، گه‌شته‌كه‌ی مامۆستا گۆران بۆ قه‌ره‌داغ، بۆ هه‌ورامان، هونه‌رمه‌ندان عه‌باس محه‌مه‌د و هونه‌رمه‌ندی كۆچكردوو ئیبراهیم خه‌یات، یه‌كی سێ چوار دێڕ شیعریان له چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌ك ده‌رهێنا، هه‌ر بۆیه له‌و سه‌رده‌مه شاعیری گۆرانی نه‌بووه، خۆم زۆر جار كه ئاوازی كه‌سێكم گوتووەته‌وه، كۆپله‌كانم له‌به‌ر نه‌بووه، له‌به‌ر خۆمه‌وه وته وته‌م كردووه، تا وشەكانم بۆ ڕێكخستووه، به ڕای من تێكستی شیعر دانه‌وێڵه‌ی مه‌نجه‌ڵی گۆرانییه.
(ئاڵامیدیا)، له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك دوێت له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندی لاو ڕه‌زا چاوڕه‌ش كردووە؟ به‌تایبه‌تی نوێكردنه‌وه‌ی گۆرانیی شێخ فه‌تاح؟
میدیا حسێن: هونه‌رمه‌ند ڕه‌زا چاوڕه‌ش له مێرمنداڵییه‌وه هاته ناو بواری هونه‌ره‌وه، هه‌ر كه‌سێك له منداڵییه‌وه ده‌ست بداته هه‌ر به‌هره‌یه‌ك سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت، ڕه‌زا چاوڕه‌ش حه‌زی كرد پێكه‌وه دویت بكه‌ین، منیش به‌خۆشحاڵییه‌وه پێشوازییم لێی كرد، ئه‌و ده‌نگێكی باشی هه‌یه و نزیكه له ده‌نگی هونه‌رمه‌ند كه‌مال محه‌مه‌د، ئه‌گه‌ر كه‌سێك چاوی به كلیپه‌كه نه‌كه‌وتایه، وایان ده‌زانی ئه‌و گۆرانییه‌م له‌گه‌ڵ كاك كه‌مال محه‌مه‌د نوێ كردووەته‌وه.
(ئاڵامیدیا)، له‌نێوان هونه‌ری گۆرانی گوتن و نووسینی شیعر كامیان دوا وێستگه‌ی هونه‌رمه‌ند میدیا حسێن ده‌بێت؟
میدیا حسێن: قه‌ده‌ر ده‌زانێ كامیان ده‌بێته دوا وێستگەم.
ئه‌م بابه‌ته 436
جار خوێنراوه‌ته‌وه
PM:11:49:28/01/2025