ئەمەریکا: کار لەسەر کەمکردنەوەی گرژییەکان لە باکووری سووریا دەکەین


وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند: هەڵسەنگاندنمان بۆ دۆخی سووریا بەردەوامە و لەگەڵ هاوبەشەکانمان لەبارەی وڵاتەکە لە هەماهەنگیی بەردەوام داین.
چوارشەممە 18ـی کانوونی یەکەمی 2024، ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: شەڕێکی گەورە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕووی نەداوە و کار لەسەر کەمکردنەوەی گرژییەکان دەکەین.
هاوکات ئاماژەی بەوە دا، ئاگربەست تا ئێستا لە منبج بەردەوامە، هەروەها هەڵسەنگاندنمان بۆ دۆخی سووریا بەردەوامە. گوتیشی: لەگەڵ هاوبەشەکانمان لەبارەی دۆخی سووریا لە هەماهەنگیی بەردەوام داین.
سێشەممە 17ـی کانوونی یەکەمی 2024، ماتیۆ میللەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، ئاماژەی بەوە دا، گفتوگۆیان له‌باره‌ی ئاگربه‌ست له‌ منبج کردووه‌ كه‌ كشانه‌وه‌ی هه‌سه‌ده‌ی له‌خۆ گرتووه‌ بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ڕووباری فوڕات.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، باسی لەوە کرد،‌ ئێستا له‌گفتوگۆداین له‌گه‌ڵ هه‌سه‌ده‌ و هاوپه‌یمانه‌كانمان، هەروەها لە نیگەرانییەکانی تورکیا لە سووریا تێدەگەین.
ئاماژەی بەوە کرد، تا کۆتایی ئەم هەفتەیە ئاگربەست لەنێوان هەسەدە و تورکیا درێژ کرایەوە. گوتیشی: هه‌وڵ ده‌ده‌ین ڕێگه‌ چاره‌یه‌ك بدۆزینه‌وه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی په‌ره‌سه‌ندنه‌كان، هەروەها واشنتن کاری جیددی دەکات بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە بۆ ماوەکانی داهاتووش.




ئه‌م بابه‌ته 188 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:11:58:18/12/2024