مەکتەبی سیاسیی پارتی :هێرشي میدیایی خزمەت بە هەرێمی کوردستان ناکات و پێویستە ڕابگیرێت.


مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە پەیامێکدا لە بارەی ئەنجام و لێکەوتەکانی ڕووداوەکەی بەرەبەیانی ٢٢ـی ئابی ٢٠٢٥ لە شاری سلێمانی، جەخت لە سەروەری یاسا و پاراستنی ئارامی و سەقامگیری شاری ئازیزی سلێمانی بەتایبەتی و هەرێمەکەمان بەگشتی دەکاتەوە..

ده‌قی ڕاگەیاندراوەكەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان:

ئەنجام و لێکەوتەکانی ڕووداوەکەی بەرەبەیانی ٢٢ـی ئابی ٢٠٢٥ لە شاری سلێمانی، کە بەداخەوە چەندین قوربانی لێکەوتەوە، بونە هۆی نیگەرانی خەڵکی سلێمانی و تەواوی هەرێمی کوردستان.

هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی دەستووریی و بەرهەمی تێکۆشان و قوربانیدانی چەندین ساڵەی ڕۆڵەکانی گەلی کوردستانە و خاوەنی دامەزراوەی شەرعی و یاساییە، جەخت لە سەروەری یاسا و پاراستنی ئارامی و سەقامگیری شاری ئازیزی سلێمانی بەتایبەتی و هەرێمەکەمان بەگشتی دەکەینەوە.

پێویستە چارەسەرکردنی جیاوازی و کێشەکان بە ڕێگای دیالۆگ و لێکتێگەیشتن بێت، هەر کار و کاردانەوەیەک کاریگەری خراپی لەسەر سەقامگیری و پێکەوەژیان و ناوبانگی هەرێمی کوردستان هەبێت بەباش نازانین.

لە نیگەرانی و دڵە ڕاوکێی خەڵک تێدەگەین و، لە پێناو هەرێمەکەمان و ئارامی دەروونی هاووڵاتیانی هێژا، داوامان لە هەموو لایەک ئەوەیە دانبەخۆیان دابگرن و پارێزگاری لە سەروەری یاسا و دامەزراوەکان بکەن و، هەر جۆرە گرژی و هێرشێکی میدیایی خزمەت بە هەرێمی کوردستان ناکات و پێویستە ڕابگیرێت.   

هاوكات، سه‌ره‌خۆشى له‌ خانەوادە و كه‌سوكارى سەرجەم قوربانییەكان دەكەین و هاوخه‌میانین، هیواى زوو چاكبوونه‌وه‌یش بۆ برینداران ده‌خوازین.

 

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان

٢٥ـی ئابی ٢٠٢٥




ئه‌م بابه‌ته 232 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:03:46:25/08/2025