عومەر شەریف یه‌كه‌م بلیتبڕ خەڵکی شاری سلێمانی زیاتر حەزیان لە فیلمی هندی بوو، بەتایبه‌ت فیلمی (سەنگام)


بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ مێژووی دروستبوونی (سینەما ڕەشید) و بیره‌وه‌رییه‌كانی ئه‌وكاتی بینه‌ر، (ئاڵا میدیا) دیدارێكی لەگەڵ (عومەر شەریف) یه‌كه‌م بلیتبڕ له‌ سینه‌ما ره‌شید ساز كرد و ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: ”کەسی وا هەبووە نەک یەک جار، سێ جار هاتووەتەوە بۆ هەمان فیلم و سەیری کردووە."
(ئاڵا میدیا (: ده‌كرێت بمانبه‌یته‌وه‌ بۆ ده‌ستپێكی كاركردن له‌ سینه‌ما ڕه‌شیدی سلێمانی؟
 عومەر شەریف: من لە سلێمانی لەدایک بووم، لە گەڕەکی سەرکارێز، لە ساڵی شەستەکانەوە من وەک شاگرد ئیشم کردووە لە سینەما ڕەشید.
(ئاڵا میدیا): كێ بوون ئه‌وانه‌ی سینه‌ما ڕه‌شیدیان دامه‌زراند؟
عومەر شەریف: خاوەنی سینەما ڕه‌شید سێ بازرگانی دەوڵەمەندی شاری سلێمانی بوون، ماڵی ساڵحی ڕەشە، لە باوکیانەوە بۆیان ماوەتەوە (عه‌لی فەنی، مه‌حموود فەنی، محه‌مه‌د فەنی) ئێستا نەوەکانیان ماون و سه‌رپه‌رشتیی موڵکه‌كانیان دەكەن.
 (ئاڵا میدیا): تۆ چۆن چوویته‌ سینه‌ما ڕه‌شید و له‌وێ كارت كرد؟
عومەر شەریف: لەسه‌ره‌تای ساڵی حەفتاکان، هەندێ لە شاگردەکانی سینه‌ما ڕه‌شید چوون بۆ سینەما دڵشاد، بۆیە منیش چوومە شوێنی ئەو شاگردانە. من بلیتم دەفرۆشت، هونەری حەمە عه‌لی بلیتی دەگەڕاند، ئێستا کاک هونەر نەخۆشە و لە ماڵەوەیە، چەند كوڕێكی دیكه‌ی لێ بوو ناویان فەوزی، نووری خورشە، ئەحمەدی وەستاعومه‌ر بوو.
(ئاڵا میدیا): نرخی بلیت چه‌ند بوو؟
 عومەر شەریف: دوو سێ جۆر نرخی بلیت هه‌بوو، چل فلسی و حەفتا و پێنج فلسی و نەوەد فلسی هەبوو، کەسێک پەنجا فلسی دەداینێ، دە فلسمان وه‌ک باقی دەدایەوە، یاسای حكوومەت وابوو، حكوومەت ئەو نرخانەی دادەنا.
(ئاڵا میدیا): كێ فیلمه‌كانی ده‌هێنا بۆ سینه‌ما؟ ده‌كڕدرا یان بە كرێ بوو؟
 عومه‌ر شه‌ریف: کۆمەڵێک کۆمپانیای گەورە هەبوون لە بەغدا، خوا لێخۆشبوو کاک (ئەکرەم سەعید ڕەزا) لەگەڵ کاک (عەزیز)، کە ئێستا لە ژیاندا ماوە، ئەمان بەڕێوەبەری ئەفلام بوون، ئەچوون بۆ بەغدا لە کۆمپانیاکان ئەیانهێنا بۆ سلێمانی، کۆمپانیای (ئیسماعیل شەریف- حازم- ئیخوان)، کە زۆربەی فیلمەکان هی کۆمپانیای ئیسماعیل شەریف بوون، لەوێ لیستی فلیمەکانی لابوو ( ئیتاڵی، هندی) نرخەکەیان پێ دەگوتن و ئیدی گرێبەستێکیان لەگەڵ کۆمپانیاکە واژوو دەکرد و فیلمەکەیان دەهێنا، کە ئەگەیشتە دەست ئێمە، پێشەکیمان دادەنا و عەرزمان دەکرد، بۆ ئەوەی خەڵک بیبینێ، ڕێکلاممان بۆ دەکرد، دواتر کاتەکەی دیاری دەکرا، کە لە کام ڕۆژ و کاتژمێرەدا لە سینەما پەخش دەکرێت.
(ئاڵا میدیا): باسده‌كرێ، كه‌ خه‌ڵک هه‌بووه‌ چه‌ند جارێک بۆ بینینی یه‌ک فیلم هاتووه‌؟
عومه‌ر شه‌ریف: کەسی وا هەبووە نەک یەک جار، سێ جار هاتووەتەوە بۆ هەمان فیلم و سەیری کردووە.
(ئاڵا میدیا (: بینه‌ری ئه‌وكاته‌ی سینه‌ما كێ بوون؟
عومەر شەریف: ئەوکات خەڵک زۆر دەهاتن بۆ سینەما، ته‌ناته‌ت خێزانه‌كان، هەرچەندە شار بچووک بوو، لە گەڕەکی عەقاری بۆ خوارەوە ئاوه‌دانی نەبوو، خەڵکی شارەکە حەزیان لە فیلمی هیندی بوو، بەتایبه‌ت فیلمی (سەنگام)، ئەو ڕۆژانەی فلیمی هیندی ئیشی دەکرد، خەڵک زۆر دەهات و قەرەباڵغ بوو و بینەری فیلمی عەسابات بوون، ئێواران کاسبکاران دەهاتن بۆ سینەما، مەکینەچیمان هەبوو، حەمەی وەستا عه‌لیی دەلاک، زۆر شارەزا بوو، مەکینەچییەکی دیكه‌مان هەبوو ناوی وەلی بوو، ئیشی پێ دەکرد و هەر کێشەیەک بوایە حەمەی وەستا عه‌لی چاکی دەکرد، مه‌حموود کەچەڵیشمان لەگەڵ بوو، سینەمای پاک دەکردەوە، ئیشی کەنناسی دەکرد، مووچه‌مان پازدە دینار بوو، هەبوو بیست دیناری هەبوو، من پازدە دینارم هەبوو و لە ئیشەکەمدا پیاوەتی هەبوو، برادەری خۆمان بێ بلیت ئه‌کرده ‌ژوورەوە.
(ئاڵا میدیا): كاتی نمایشی فیلمەكان كەی و چۆن بوو؟
عومەر شەریف: سینەما دوو کات ئیشی دەکرد (عەسران و شەوان) عەسران: لە كاتژمێر ٤ بۆ ٦، شەوان: لە كاتژمێر ٨ بۆ١٠. دواتر بارودۆخ گۆڕا، بەیانییانیش ئیشمان پێ دەکرد، پێشتریش سینەمای گۆیژە هەبوو لە بازاڕی عەسری دانرابوو، سەرەوەی بەتاڵ بوو، پێیان ده‌گوت سه‌یفی، كه ‌سه‌ری نەگیرابوو، لە کەرکووکیش هەبوو. دواتر یەکەم سینەما (سینەما ڕەشید) دروست کرا، دووەم سینەما (سینەما سیروان) دروست کرا، سێیەم سینەما (سینەما دڵشاد) دروست کرا. ئێمە بەنیازی ئەوە نەبووین هەتا كۆتایی ته‌مه‌نمان شاگرد بین، بۆیە خۆمان له ‌فه‌رمانگه‌ی میری دامەزراند. ئیدی دوای ئێمه‌ هونه‌رمه‌ندی كۆچكردوو حەمەی نێرگز وه‌ک بلیتبڕ هات بۆ سینەما.
 ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینی خەڵک زیاتر سەردانی سینەمای دەکرد، ئەو فیلمانە، کە لەدەرەوەی وڵات دەهاتن بۆ بەغدا، دەبران بۆ وەزارەتی ڕاگەیاندن و لێژنەیەک هەبوو سەیری فیلمەکەیان دەکرد، لێژنەکە نوێنەری (ئەوقاف و لاوان و ژنان)ی تیابوو، کە دیمەنی نەشیاو لە فیلمەکەدا هەبوایە بە قسەی نوێنەری ئەوقاف لایان دەبرد، یان جاری وابووە شتی سیاسی تیابوو، لایان دەبرد، فیلمی تورکییش هەبوو، کابرای بازرگان دەیهێنا، پارچە پارچەی فیلمی‌ نه‌شیاوەكانیان دەکڕییەوە لە لێژنەکە و ئەویش دەیدا بە پارە بە سینەماکان، بەڵام بۆ ڕیکلام و بۆ یەکجار بوو ئه‌ویش بۆ ڕاکێشانی سەرنجی بینەر، نەماندەوێرا یەک جار زیاتر پەخشی بکەین بۆ رێکلام، واتا ئەو فیلمانە چاودێرییان لەسەر بوو، نەک بە هەڕەمەکی هاتبن بۆ سلێمانی و شارەکانی دیكه‌ی عێراق.
(ئاڵا میدیا): ئێستا دۆخی سینەماكان چۆنە؟
عومەر شەریف: ئێستا بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا باوی سینەماكان نەماوە، هەموو ماڵێک سینەمای تیادایه‌ و تەلەڤزیۆنی پێشکەوتوو هەیە و خەتی ئەنتەرنێت هەیە، دەتوانرێت دووباره‌ ته‌ماشای فیلمە کۆنەکان بکرێتەوە.




ئه‌م بابه‌ته 528 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:06:41:18/12/2024