دكتۆره‌ اسرا‌وکمال شاە محمد: دوورله‌ پسۆریه‌كه‌ی؟


دكتۆره‌ اسرا‌وکمال شاە محمد
وه‌ك خۆی گوتی:‌‌ بابەتێکی زۆر گرنگ و هەستیار: 
پۆستێکی دوورو درێژە بەس هەستەکەم شایەنی خوێندنەوەیە! 
‎وەکوو هەموو کات ڕاشکاوم و هەمیشە دەمەوێت
‎ خێرم هەبێت بۆ کۆمەڵگاکەم لە رێگەی پۆست و ڤیدیۆی رێنماییەکانمەوە. ئەو بابەتەی دەمەوێت لەسەری بدوێم ئەمجارە، تەواو جیاوازە، پەیوەندی نییە بە خۆراکی تەندروست و تەندروستی جەستەوە، بەلکو بابەتەکە زۆر گرنگترە و پەیوەستە بە تەندروستی دەروون و دەروون دروستیەوە هەیە. بابەتەکە پەیوەندی بە بیر و هۆش و فیکرمانەوە هەیە و چۆن تەندروست بیهێڵینەوە.
‎لە راستیدا بابەتی تەندروستی دەروون یان مێنتەڵ هێڵپ کە بە ئینگلیزی پێیدەگوترێت، بابەتێکی تازە نییە، لە وڵاتانی پێشکەوتوودا زۆر دەمێکە گرنگی پێدراوە و هەوڵدراوە کە هاوڵاتیەکانیان فێر بکەن کە چۆن گرنگی دەدەن بە تەندروستی جەستەیی دەبێت بە هەمان شێوە گرنگی بدەن بە تەندروستی دەروون. بێ گوێدانە ئەوەی ئایا تۆ چ کارەی، ئیتر ئایا تۆ پاشای ولاتێکی، وەزیری، پزیشکی ، کارگوزاری ، خانەنیشینی یان ئافرەتی مالەوەی یان هەر پیشەیەکت هەیە یان نیتە، یاخوود لە چ تەمەنێکدایت، لە مناڵێکەوە بۆ پیرێکی سەر جێگا. 
‎بەلام بە داخەوە ئەم بابەتە، وەکو زۆر شتی تر لە ولاتی خۆمان زۆر هەستیارە و بڤەیە کە باسبکرێت.
‎من لێرەدا حەزدەکەم باسی چیرۆکی خۆم بکەم و وەک نموونەیەک باسیبکەم؛ بۆ ئەوەی بزانن مرۆڤ چۆن کۆمەڵگای تێگەشتوو یارمەتی دەدات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی. 
‎من کە تازە هاتمە ولاتی کەنەدا بە حوکمی ئەوەی لە خێزانێکی قەرەبالغ و عاتیفی ونزیک یەکەوە ڕۆشتبووم و یەکسەر بە کارێکی قورس دەستم پێکرد و لە ولاتیک کە تەواو سیستمی تەندروستیان جیاوازە لە ئێمە و دەستم کرد بە دەوامی ١٢ کاتژمێری لە رۆژێکدا لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شارێکی کەنەدا!
‎ ئەمەش خۆی لە خۆیدا سترێسێکی زۆری بۆ دروست کردم لەگەل ئەوەی کە من پێشتر ئەزمونی ژیانم هەیە لە ولاتی بەریتانیا بەلام ئەم جارەیان تەواو جیاواز بوو،
‎بە هەر حال با بێمەوە سەر بابەتەکە؛
‎بەشێوەیەک سترێس و دلە راوکێم بۆ دروست بوو کە هەندێک جار هەستم ئەکرد ئەمە من نیم! زۆربەی کاتەکان بە دڵ پەلە پەلکردن و دلەڕاوکێ بەسەرم دەبرد
‎زۆر کات لەکاتی خەودا بە خەبەردەهاتم و لە سترێسدا دڵم خەریک دەبوو دەهاتە دەرەوە لەسنگم ، هەمیشە دڵم پر دەبوو و حەزمدەکرد بگریم، بەجۆرێک هەستمدەکرد کە ئیتر ژیان مانایەکی نەماوە بۆ من و بە هیچ شتێک تازە جارێکی تر دڵخۆش نابم
‎لێرەدا دەوەستم و دەڵێم ئەگەر ئەو نیشانانەی 
‎سەرەوە) بۆ تۆ سەیر نییە و تۆش لەم کاتەدا هەستی پێدەکەیت، ئەوە بزانە ئەوە شتیکی ئاسایی نییە و تۆش پێویستت بە چارەسەرە... )
‎بۆ من راهێنان وەکو پزیشک لە وڵاتێکی وەکوو کەنەدا و کارکردن لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانیدا خەونی چەند ساڵەم بوو کە ساڵانێکی دوور و درێژ هەوڵم بۆ دابوو و شەونخوونیم بۆ کردبوو و چەندین تاقیکردنەوەی تێۆری و پراکتیکی قورسم بۆ بڕیبوو، بەڵام لە ماوەیەکدا خەریک بوو خەونەکەم لێدەبوو بە کابووس و ڕۆژ بە ڕۆژ واملێدەهات دەستبەرداری ئەو خەونە بم کە بوو بوو بە حەقیقەت و تیایدا دەژیام. 
‎ئا لەو کاتەدا هۆشم بەخۆمدا هاتەوە و هەستمکرد کە خەریکە واز لە خەونەکەم دەهێنم و ژینگەیەکی ناخۆشم خولقاندووە بۆ خێزانە بچوک و گەورەکەم، هەرچەندە پشتگیریەک و دلنەواییەکی بەردەوامی خێزانەکەم و پزیشکە پسپۆرە هاورێ فریشتە ئاساکانی شوێنی کارە تازەکەمم هەبوو. بەلام من بێ هودە دەمبینی ، هەر بۆیە لەو کاتەدا بڕیارم دا کە ئێستا کاتی وەرگرتنی چارەسەرە لە کەسانی پسپۆر و نابێت من ئاوا بەو شێوەیە بمێنمەوە..
‎بۆیە دوای ماوەیەک لە چارەسەر وەرگرتن لە لای پسپۆڕ، گەڕامەوە سەر سروشتی خۆم و بێتاقەتیم نەما و سوپاس بۆ خوای گەورە کە ئێستا دەتوانم چێژ لە خەونەکەم ببینم. 
‎ئینجا لێرەدا با روونکردنەوەیەک بدەم لەسەر رێگاکانی چارەسەری دلەراوکێ و خەمۆکی، کە بە پێی حالەتەکەت بۆت دیاری دەکرێت لە لایەن کەسانی پسپۆر، ئایا چارەسەری دەرمانی یە یاخود غەیره دەرمان و سایکۆتێراپی بێت. 
‎ئەوەی کە من بیستومە کە لە کوردستان بووم خەلکانێک هەن زۆر هەستیارن بۆ وەرگرتنی دەرمانی دلەراوکێ و خەمۆکی یاخود چاکتر بڵێین لێیدەترسن!
‎ئازیزان وەک چۆن ئەگەر ئافرەتێک سوڕی مانگانەی تێکبچێت، هەندێک کات پێویستی بە چارەسەری هۆرمۆنیە بۆ رێکخستنەوەی هۆرمۆنەکانی، یاخود هەندێک کات کێشە دەکەوێتە کوێرە رژێنەکانی سەر گورچیلە و دیسان پێویستە هۆرمۆنەکان رێکبخرێت، بە هەمان شێوەش بۆ مێشکی مرۆڤیش هەمان شتە!
‎ هەندێک کات ناڕێکی لە هۆرمۆنی سترێس و دلخۆشیدا روو دەدات و دنیات لەبەر چاو تاریک دەبێت، بۆیە ئەگەر پێویست بکات لەرێگەی چارەسەرێکەوە یان دەرمانێکەوە ئەو نارێکیەت بۆ چارەسەر بێت و ژیانی خۆت و خێزانەکەت بکڕیتەوە، ئیتر کەواتە ئەوە ترسی بۆ چیە؟!
‎بۆیە زۆر گرنگە ئەو رۆشنبیرییە لە ناو هەموو تاکێکماندا بڵاو بکەینەوە کە ئاساییە کە هەست دەکەیت شتێک بە تۆ نامۆیە یان گۆرانگاریەک روویداوە لە بیرکردنەوەت، خەریکە بیرە پۆزەتیفەکانت لە دەست دەدەیت، بیر لە چارەیەک بکەرەوە و رای کەسانی پسپۆر وەربگرە! 
‎هەرچەند پۆستەکە زۆر دوورو درێژ بوو بەلام شایانی خوێندنەوەیە چونکە هەموومان بۆ ئەوەی جەستەیەکی تەندروستمان هەبێت و تاکێکی بە سوود بین لە گۆمەلگاکەماندا، پێش هەموو شت پێویستمان بە دەروونێکی تەندروستە...
اسرا‌و کمال شاە محمد
پزیشکی گشتی / ماستەر لە زانستی خۆراک- بریتانیا. 
پزیشکی پایە بڵندی خێزان/ کەنەدا. 
ئەندامی تۆمارکراوی پسپۆرانی خۆراک- بریتانیا 
دەرچووی زەمالەی چیڤینینگی بەریتانی.






ئه‌م بابه‌ته 568 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:06:55:12/01/2025