هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژ، (حه‌سه‌ن هه‌یاس) ببووره‌، له‌و پرسیاره‌ گه‌ڕێ


هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژ، حه‌سه‌ن هه‌یاس، یه‌كێكه‌ له‌و هونه‌رمەنده‌ دەنگخۆشانەی گه‌رمه‌سێر و شاری خانه‌قین، ساڵانێكی زۆره‌ له‌ بواری هونه‌ردا خزمەت دەكات و خاوه‌ن پێگه‌یه‌كی گەورەی جه‌ماوه‌رییه‌.له‌م گفتوگۆیەیدا له‌گه‌ڵ (ئاڵامیدیا)، ده‌رده‌دڵی خۆی كرد ووەڵامی پرسیارەكانی دایەوە، ڕاشیگەیاند، كە بۆ ساڵی داهاتوو بەرهەمی نوێی بەدەستەوەیە.
به‌رزان عه‌لی:ئاڵامدیا
(ئاڵامیدیا)، ده‌سپێكی كاری هونه‌رییت چۆن بوو؟
حه‌سه‌ن هه‌یاس: ده‌ستپێكردنی كاری هونه‌رییم ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌ره‌تای ته‌مه‌نی مێردمنداڵی، به‌تایبه‌ت له‌ قۆناغی خوێندنی ناوه‌ندیدا، كه‌ چه‌ند جارێك به‌شداریی ئاهه‌نگه‌كانی قوتابخانه‌م كرد و به‌ گۆرانییه‌كانی هونه‌رمه‌ندی كۆچكردوو حه‌سه‌ن زیره‌ك ده‌ستم پێ كرد.

(ئاڵامیدیا)،: هه‌یاس ناسناوی هونه‌ریتانە؟
حه‌سه‌ن هه‌یاس: هه‌یاس ناوی باوكمه‌، له‌ڕاستیدا هه‌یاس ناوێكی كوردیی ڕه‌سه‌نه،‌ رەنگە‌ زۆر له‌ ڕۆشنبیران داستانی (هه‌یاس خاسیان) بیستبێ.
(ئاڵامیدیا)،  بۆچی له‌ ئه‌ڵوه‌ن و شاری خانه‌قینەوە دووریت؟
حه‌سه‌ن هه‌یاس: ببووره‌، له‌و پرسیاره‌ گه‌ڕێ.
 (ئاڵامیدیا)،: خانه‌قین و پێناسه‌كەی لای ئێوە چییە؟
حه‌سه‌ن هه‌یاس: خانه‌قین شاری ڕۆشنبیرانە، نۆ ساڵ پێش بەغدای پایته‌ختی عێراق سینه‌مای بێده‌نگی تیا بووه‌، له‌ ساڵی (1972) یانه‌ی تۆپی پێی ژنان هه‌بووه‌ له‌گه‌ڵ یاریی گۆڵف، كه ‌تا ئێستا ئه‌م جۆره‌ یارییه‌‌ لای زۆربه‌ی عێراقییه‌كان نامۆیه، زۆرله‌ مه‌زهه‌به‌كانی شیعه‌، سوننه‌، ئایینەكانی یه‌هوودی، مه‌سیحی، هه‌موویان پێكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ گه‌لی كورد،وه‌ك یه‌ك خێزان ژیاون، كه‌ ئه‌مه‌ ده‌چێته‌ خانه‌ی ڕۆشنبیریی خانه‌قینییه‌كان.
 (ئاڵامیدیا)،: هه‌میشه‌ ده‌گوترێت شكست لە عه‌شق مرۆڤ ده‌كات به‌ گۆانیبێژ، یان بە شاعیر، تۆ له ‌كامیانی؟
حه‌سه‌ن هه‌یاس: زۆرڕاسته‌، ئازارێك مرۆڤ ده‌كات به ‌شاعیر،یان بە هونەرمەند، ئازاری من وه‌ك هونه‌رمه‌ندێك بۆ نه‌ته‌وه‌ به‌شخوراو وبێچارەكەم، ئازاری دایكی شه‌هید و ئه‌نفالكراوان و كیمیاباران، ئه‌و ئازارانه‌ی ‌مرۆڤ پیر ده‌كه‌ن، وایان لێ كردم ببمه‌ گۆرانیبێژی لاوانه‌وه‌.
 (ئاڵامیدیا)،: وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی خانه‌قین و گه‌رمه‌سێر،بۆچی هیچ گۆرانی و لاوانه‌وه‌یه‌كت بۆ شه‌هید له‌یلا قاسم نه‌چڕیوه، لە كاتێكدا كچی شارەكەتە؟
حه‌سه‌ن هه‌یاس: چونكە تا ئێستا تێكستێكی وام ده‌ست نه‌كه‌وتووه‌، شایسته‌ی شێره ئافره‌تێكی وەك له‌یلا قاسم بووبێت.
 (ئاڵامیدیا)،: تا چه‌ند هونه‌ری گۆرانی ئاسووده‌یی به‌ تۆ به‌خشیوه‌؟
حه‌سه‌ن هه‌یاس: سوپاس بۆ خوا خۆشه‌ویستیی هه‌وادارانم وای كردووە، كه‌ بڵێم هونه‌ره‌كه‌م زۆر ئاسووده‌ی كردووم.
 (ئاڵامیدیا)،: تا ئێستا خاوه‌نی چه‌ند ئه‌لبووم و ڤیدیۆكلیپیت؟
حه‌سه‌ن هه‌یاس: به‌رهه‌می هونه‌رییم خۆی له ‌(نۆ) ئه‌لبووم و یه‌ك ڤیدیۆكلیپ ده‌دات.
 (ئاڵامیدیا)،: بە زۆری شیعری كام شاعیر له‌ناو گۆرانییه‌كانت ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه‌؟
حه‌سه‌ن هه‌یاس: شیعره‌كانی خۆم و شاعیری ڕۆژهه‌ڵاتی سه‌ید نووح عینایه‌تی، كه‌ خه‌ڵكی شاری مهابادی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌، ناسراو به‌ (نه‌به‌ز)، ره‌نگدانه‌وه‌ی له‌ناو كاره‌ هونه‌رییه‌كانمدا هه‌یه.
 (ئاڵامیدیا)،: تا چه‌ند له‌گه‌ڵ ئاهه‌نگی شه‌وانه‌ لایڤ موزیكی؟
حه‌سه‌ن هه‌یاس: لایڤ موزیك بۆ بژێویی هونه‌رمه‌ند وبه‌رده‌وامیدانی بێمنه‌ت بۆ هونه‌ره‌كه‌ی شتێكی باشه‌، له‌لایه‌كی دیكه‌وە، ڕاهێنانه‌ بۆ هونه‌رمه‌ند، به‌ڵام نه‌ك هه‌موو شه‌وێك.
(ئاڵامیدیا)،: هیچ به‌رهه‌مێكت له‌سه‌ر نیشتمان تۆمار كردووه‌؟
حه‌سه‌ن هه‌یاس: لاوانه‌وه‌ی من لەناو گۆرانییه‌كانم هه‌میشه‌ بۆ كوردستان بووه، ئه‌گه‌ر بینه‌ر بچێته‌ نێو چه‌ناڵی یوتووب، به‌و به‌رهه‌مانه‌ی‌ بۆ نیشتمان گوتوومن ئاشنا ده‌بێت.
(ئاڵامیدیا): كاروانی هونه‌رییت تاكه‌ی به‌رده‌وام ده‌بێت؟
حه‌سه‌ن هه‌یاس: هه‌تا هەناسەم مابێت وبزانم ده‌نگم نەكەوتووە،خزمه‌تی هونه‌ری كوردیی پێ ده‌كه‌م.
(ئاڵامیدیا)، نوێترین كار و بەرهەمه‌كانت چین؟
حه‌سه‌ن هه‌یاس: به‌نیازی ئه‌لبوومێكم بۆ ساڵی داهاتوو، كه‌ زۆربه‌ی تێكسته‌كان هی شاعیری ڕۆژهه‌ڵات سه‌ید نووح مه‌هابادین.







ئه‌م بابه‌ته 200 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:10:44:12/01/2025